| ڤەرسین |
دەربارەی میتۆدی نووسینەوەی مێژووی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان 8
سێیه‌م : وتاری مامۆستا جه‌مال عه‌بدول به ناونیشانی " کورته‌یه‌کی مێژو و ره‌وت و ره‌وشی یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان .. ! " ( ئامانج ) ژماره ( 16 ) به‌رواری 15/5/2003 مامۆستا جه‌مال یه‌کێکه له ئه‌ندامه دێرینه‌کانی یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان . به‌درێژایی چه‌ند ده ساڵێک له‌نزیکه‌وه ئاگاداری کاروباره‌کانی یه‌کێتییه‌و به‌شێکی زۆر ، بگره هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌کانی یه‌کێتی له‌لای ئه‌و ده‌پارێزرا . کۆنووسی کۆبوونه‌وه‌کان ، به‌یاننامه‌کان ، بڵاوکراوه‌کان هه‌میشه له‌به‌رده‌ستیدابوون تا بارودۆخی سیاسی و فشاربۆهێنان و ده‌ستگیرکردنی ناچار به له‌ناوچوونی کردن . ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک مێژووی یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان بنووسنه‌وه ، یان به‌و ئه‌رکه راسپێردرێن ، ئه‌وه مامۆستا جه‌مال له پێشی هه‌موویانه‌وه شیاوی ئه‌و ئه‌رکه‌یه . ئه‌م وتاره‌ی مامۆستا جه‌مال ، به‌روارو ژماره‌ی کۆنگره‌کان پشتڕاستده‌کاته‌وه که جیاوازی له‌سه‌ریان هه‌میشه کێشه‌یه‌ک بووه که زێتر هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ی ( ی .م . ک ) ی له یه‌کتری دوورخستۆته‌وه . ئه‌م کێشه‌یه‌ش هه‌ر ده‌مێنێ هه‌تا واقیعبینانه چاره‌سه‌رده‌کرێت ، ئه‌وه‌ش به‌بیروبۆچوونی من به‌وه ده‌بێت دان به واقیعی که‌رتبوونی یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستاندا بنرێت . ئه‌وه واقیعێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره که ( ی.م.ک ) وه‌ک رێکخراوێکی کوردستانی پابه‌ندی حزب ( پارتی دیموکراتی کوردستان ) بوو ، له‌گه‌ڵ دووله‌تبوونی پارتی له ساڵی 1964 دا ، ئه‌میش دووله‌تبووه . زۆربه‌ی ئه‌و ساڵانه‌ی ده‌که‌وێته نێوان ئه‌و ساڵه‌و ئێستاوه( 2005 ) دووکه‌رتی و دوو رێکخستن و دوو ئاڕاسته‌ی جیاواز له‌ئارادا بووه ، له‌و کاتانه‌شدا که به ناو یه‌کگرتن هه‌بووه ، جه‌مسه‌ربه‌ندیش له کایه‌دا بووه . هه‌ر لایه‌نه له ناو لق و که‌رت و ته‌نانه‌ت سکرتارییه‌تیشدا ئه‌جنده‌ی خۆی هه‌بووه‌و نه‌یانتوانیوه به شه‌فافییه‌ت کار له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا بکه‌ن . مامۆستا جه‌مال ئه‌و راستییه ده‌زانێت بۆیه ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی 1992 بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی نۆیه‌م ده‌ڵێت : " دیسانه‌وه حزبسالاری و لایه‌نبازی چه‌وت و نادروست زاڵ بوو به‌سه‌ر یه‌کێتی و یه‌کخستنی هه‌ست و توانست و ئامانج و تێکۆشان له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌ل و نه‌ته‌وه‌داو ، دیسان ئه‌هریمه‌نی کورتبینی و ململانێی قێزه‌ون و ره‌وتی که‌رت و په‌رتکردنی هێزو هه‌ول و باوه‌ڕو تێکۆشان کرایه‌وه به دروشمی کار ، که بووه ماک و بنه‌مای روخێنه‌رو وێرانکاری فره‌به‌ره‌کی بێ بایه‌خ روانینه هه‌ست و سۆز‌و حه‌زو داخوازییه‌کانی دڵسۆزان و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و توێژاڵانه‌و ، ئه‌وه‌بوو مامۆستایان له جیاتی ئه‌وه‌ی به لیستێکی یه‌کگرتوو ببنه پێشه‌نگی ئه‌و کاروانه پر سه‌روه‌رییه ، له 30 ی نیسانی 1992 دا به‌چه‌ند لیستێک چوونه هه‌ڵبژاردنه‌وه ، که ئه‌و کاره‌خۆی له خۆیدا نوقڵانه‌یه‌کی ره‌شبینانه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی کوردستان و سه‌رده‌قشکاندنێکی شوومی رێکخراوه‌کانی تریش بوو . بۆیه له داخا به‌شداری ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌م نه‌کرد ..... نه‌چووم بۆ ده‌نگدان و ناڕه‌زایینامه‌یه‌کم نارد بۆ لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی کۆنگره ..... " هه‌روه‌ها له درێژه‌ی ئه‌م بێزاری و تووڕه‌ییه له دووکه‌رتبوون ، مامۆستا جه‌مال ده‌ڵێت : " ئه‌وه‌بوو له 6/10/1992 دا ، کۆنگره‌ی ده‌یه‌م ( که پێی ئه‌ڵێن نۆیه‌م ! ) ، له هه‌ولێر به‌ستراو ، به داخه‌وه هه‌رچه‌نده ناونرا ( کۆنگره‌ی یه‌کگرتن ) ، به‌ڵام له ململانێ و فڕانفڕان و لایه‌نبازیی ته‌سک به‌دوور نه‌بوو ، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنیش که‌س نه‌یزانی چۆنه‌و به‌خواستی دڵسۆزانی کورد نه‌بوو ! " . له‌ڕاستیدا داوی نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه ئه‌وه‌نده باریک بووه به فوویه‌ک پساوه‌و ریسه‌کانی لێکردوونه‌ته‌وه به خوری . چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی له‌وه‌دا نییه به‌زۆری زۆرداره‌کی هه‌موو مامۆستایانی کوردستان بترێنجرێنه رێکخراوێکه‌وه ، ئاخر ناکرێت کۆمۆنیستێک و ئیسلامییه‌ک و نه‌ته‌وه‌په‌رستێک و لیبراڵێک و سۆسیال دیموکراتێک له بۆته‌یه‌کدا کۆبکرێنه‌وه‌و له ده‌وری یه‌ک به‌رنامه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌یی کۆببنه‌وه . ئه‌وه ده‌شێت که له‌سه‌ر ئاستی ئامانجه پیشه‌ییه‌کانی مامۆستایان‌دا هه‌ندێک خاڵی ناوکۆییان هه‌بێت و له ئاستی خه‌باتی ناوکۆیی ( به‌ره‌یی ) ، یان له شێوه‌ی ( فیدراسیۆن ) ێکدا کاری بۆ بکه‌ن ، به‌ڵام له‌وه بترازێت ، له ئاسته‌کانی دیکه‌دا نزیکه له مه‌حاڵه‌وه . بۆیه هه‌ر زوو ده‌توانرا یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا ببرێت و هه‌ریه‌که له ( ی.م. ک ) ی سه‌ر به پارتی دیموکراتی کوردستان و ( ی.م.ک ) ی سه‌ر به یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان رێکخراوێک بێت بۆ خۆی و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه نه‌کات که نوێنه‌ری هه‌موو مامۆستایانی کوردستانه‌و ، به‌و پێیه به‌رامبه‌ره‌که‌ی بسڕێته‌وه‌و مافی بوونی بۆ دانه‌نێت . راستتر وه‌هابوو بۆ نموونه : یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان به دوو ناوی جیاوازه‌وه بوایه وه‌ک ( یه‌کێتیی مامۆستایانی دیموکراتی کوردستان ) و ( یه‌کێتیی مامۆستایانی نیشتمانیی کوردستان ) ، به‌وه ئه‌و ئاڵۆزکاوییه چاره‌سه‌ر ده‌کراو گرفتی ناوی کۆنگره‌و ژماره‌که‌ی و حه‌ساسییه‌ت به‌رامبه‌ر یه‌کتری له‌ئارادا نه‌ده‌ماو شانبه‌شانی رێکخراوه‌کانی دیکه‌ی مامۆستایان که سه‌ر به حزبه‌کانی : ( شیوعی و کۆمۆنیست و سۆسیالیست و زه‌حمه‌تکێشان ویه‌کگرتووی ئیسلامی و کۆمه‌ڵی ئیسلامی ) ن ، له فیدراسیۆنێکی مامۆستایان‌دا ، له‌لایه‌ک کاری ناوکۆییان ده‌کردو ، له‌لایه‌کی دیکه کێبه‌رکێیان له‌سه‌ر خزمه‌تکردنی زێتری مامۆستایان و به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستکه‌وتی زێتر بۆ مامۆستایان و بۆ پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێرکردن ده‌کرد . ئه‌مه‌ش به به‌رژه‌وه‌ندی منداڵانی کوردستان و دواڕۆژی په‌روه‌رده ده‌شکایه‌وه‌و نموونه‌ی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی دیموکراتیی ئازادیان به‌رده‌م ناوچه‌که‌و جیهان ده‌خست . هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بیروبۆچوونه‌ی من له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونی مامۆستا جه‌مال جیاوازی هه‌یه . بۆیه به پێویستم زانی ئه‌م پێشه‌کییه بخه‌مه‌ڕوو تا لێره‌وه بچمه نێو ناوه‌رۆکی نووسینه‌که‌م له‌سه‌ر بیروبۆچوون و راکانی مامۆستا له‌سه‌ر به‌ستنی ( کۆنگره‌ی ده‌یه‌م ) له سلێمانی و هۆکاری قبووڵنه‌کردنی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی مامۆستایانی کوردستان که مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان ئه‌وی بۆ کاندیدکردبوو . مامۆستا جه‌مال ده‌ڵێت : " له 27/8/2000 دا ، که بڕیاربوو کۆنگره‌ی ده‌یه‌م ( که راستییه‌که‌ی یازده‌یه‌مه ) یه‌ک لایه‌نه له‌سلێمانی ببه‌سترێت و گۆڕانکاریی له ده‌سته‌ی سه‌رکردایه‌تی و سه‌رۆکایه‌تی ( ی.م.ک ) دا بکرێت ، داوام لێ‌کرا که ببمه سه‌رۆکی ( ی.م.ک ) ، به‌ڵام بیروڕای خۆم دڵسۆزانه ده‌ربڕی و وتم : تا ئێستا ( واته 27/8/2000 ) ، ( ی.م.ک ) رێکخراوێکی سه‌رتاسه‌رو یه‌کپارچه‌یه ، با ئه‌ویش وه‌ک هه‌موو رێکخراوو کۆمه‌ڵه‌کانی تری کوردستان دووکه‌رت نه‌بێ و به‌مجۆره‌ی ئێستا که به داخه‌وه نوێنه‌ری هه‌موو مامۆستایانی کوردستان نییه و دووکه‌رتکردنی هه‌ر رێکخراوێک هه‌رکه‌س بیکات به هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسی ئه‌زانم وسوودیشی نییه ، زیان به یه‌کێتیی ریزه‌کانی گه‌له‌که‌مان نه‌بێت ، بۆیه ئاماده‌نیم و نایکه‌م و هه‌ندێ مه‌رجی لای خۆمان ئاسایی و دیموکراتی و لای هه‌ندێکی تر سته‌م و نه‌شیاوم دانا ، که به‌و مه‌رجانه‌و ئه‌گه‌ر بوار بدرێم کارێک بکه‌م رێکخراوه‌که ببێته نوێنه‌ری هه‌موو ، یان هیچ نه‌بێ زۆربه‌ی مامۆستایانی کوردستان و ، راستگۆیانه رێکخراوێکی دیموکراتی پیشه‌یی سه‌ربه‌خۆو دووره ململانێی ته‌سکی لایه‌نبازی بێ ، نه‌ک سه‌رۆکایه‌تی ، به‌ڵکو ئاماده‌م به‌وپه‌ڕی شانازییه‌وه به‌رده‌ستیی ئه‌و رێکخراوه بکه‌م .. به‌ڵام .. ! ، ئه‌وه‌بوو دواتر رۆژی 28/8/2000 ، کۆنگره به ناوی خولی یه‌که‌می کۆنگره‌ی ده‌یه‌م له هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی سازکراو ده‌سته‌یه‌کی سه‌رکردایه‌تی و سکرتارییه‌ت و سه‌رۆکی نوێ دانرا ... " له کاتێکدا مامۆستا جه‌مال دان به‌وه‌دا ده‌نێت که ( کۆنگره‌ی یه‌کگرتن ) یش له " ململانێ و فڕانفڕان و لایه‌نبازی ته‌سک به‌دوور نه‌بووه " دێت راستی ئه‌و دووله‌تبوون و له‌مپه‌ره واقیعی و ده‌روونییه باس ناکات که چه‌ندین ساڵه هه‌یه و ، بارودۆخێکی سیاسیی دیاریکراو دروستیکردووه‌و ئێمه وه‌ک تاکه‌که‌س ده‌ورمان تێیدا نییه‌و به دوورکه‌وتنه‌وه‌مان بوار بۆ قووڵکردنه‌وه‌ی ناکۆکییه‌کان ده‌که‌ینه‌وه ، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه خه‌ڵکانی یه‌کگرتن و ته‌باییخواز ده‌توانن رۆڵی خاوکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان بخه‌نه ئه‌ستۆی خۆیان و کۆتری ئاشتی و ئاشتبوونه‌وه بن . واته ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی که له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌خلاقی ده‌گیرێن به‌پێی بارودۆخه‌که ده‌گۆڕێت . هاوبه‌شیکردن له کۆنگره‌یه‌کی وه‌هادا له‌هه‌موو خاڵه‌کانیدا کارێکی سه‌لبی نییه ، خیانه‌تی نیشتمانی نییه ، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نه ئه‌م مۆرکانه بنێت به‌لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه ، چ له کاری رێکخراوه دیموکراتییه‌کاندا یان له کاری حزبی و حکومه‌تیدا ، ئه‌وا که‌سێک نییه له کوردستاندا ئه‌و مۆرکه‌ی به‌رنه‌که‌وێت و له‌و حوکمه ئه‌خلاقییه ده‌ربچێت به مامۆستا جه‌مال خۆشیه‌وه که چه‌ندین پۆستی سه‌ر به لایه‌نێکی حزبی و حکومی له دوای راپه‌ڕینه‌وه و هه‌تا ئێستاش وه‌رگرتووه . بۆ نموونه ئه‌و حوکمه ئه‌خلاقییه ، فوئاد قه‌ره‌داغی ده‌کاته مرۆڤێکی که‌رتکارو هۆکاری که‌رتبوونی ئه‌مجاره‌ی یه‌کێتیی مامۆستایان و هه‌ڵگری تۆمه‌تی هه‌ڵه‌یه‌کی سیاسیی گه‌وره که زیانی به یه‌کێتیی ریزه‌کانی گه‌له‌که‌مان گه‌یاندووه‌و ، ئه‌مه‌ش به‌پێی رای مامۆستا جه‌مال هاوبه‌شیکردنه له فڕانفڕان و لایه‌نبازی و ...هتد و به‌وپێیه‌ش که‌سێک ئه‌م کاره بکات ده‌بێت به‌ر لێپرسینه‌وه‌ی مێژوو بکه‌وێت وله ئیمڕۆشدا نه‌فره‌تی لێبکرێت. هه‌رچه‌نده مامۆستا جه‌مال ئه‌و پاساوه ئه‌خلاقییه بۆ وه‌رنه‌گرتنی پۆستی سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتیی مامۆستایان ده‌هێنێته‌وه ، به‌ڵام کاتی خۆی ، یه‌که‌مجار ئه‌و هات بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ناعه‌تم پێ‌بکات که ئه‌و پۆسته وه‌ربگرم . لێره‌دا ، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر ئه‌م بابه‌ته به هه‌ڵه لێکنه‌داته‌وه ، پێویسته ئه‌وه بزانێت که پتر له چل ساڵه مامۆستا جه‌مال یه‌کێکه له هاوڕی دێرینه‌کانی سه‌رده‌می پرنسیپ و خه‌باتی نهێنی و شۆڕشگێڕانه‌م و ، ئه‌و هه‌میشه چاکه‌ی ویستووم و هه‌رگیز ناخوازێت کارێکی نابه‌جێ یان هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره بکه‌م ؛ دڵنیاشم بێ مه‌به‌ست پرژی ئه‌و وتاره‌ی منیش ده‌گرێته‌وه به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌و وتاره‌دا ئاماژه به‌و ماوه‌یه ده‌کات که حه‌ڤده مانگه‌و پۆستی سه‌رۆکایه‌تی یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان له ئه‌ستۆم بوو ، که به‌باشی هه‌ڵیده‌سه‌نگێنێ و به ماوه‌یه‌کی چالاکی و کاری جیددی ده‌زانێت ، که له نۆ ساڵی پێشووتری کاری رێکخراوه‌یی یه‌کێتیدا ئه‌وه‌نده نه‌کراوه . له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌نده‌ی ئاگاداربم ، مامۆستا جه‌مال مه‌رجی ئه‌وه‌ی هه‌بوو که بۆ کاروباری رێکخراوه‌یی یه‌کێتیی مامۆستایان په‌یوه‌ندی به مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستانه‌وه هه‌بێت نه‌ک مه‌کته‌بی رێکخراوه دیموکراتییه‌کانی سه‌ر به یه‌کیتیی نیشتمانی . واته ئه‌گه‌ر مامۆستا جه‌مال مه‌رجه‌کانی لێوه‌رگیرایه ، پۆسته‌که‌ی قبوولده‌کرد . به‌ڵام ، ئه‌گه‌ر پۆسته‌که‌شی به هه‌موو مه‌رجه‌کانیشه‌وه وه‌رگرتایه ، ئه‌وا دیسان هه‌ر نه‌یده‌توانی به‌م شێوازه‌ی ئێستای کارکردن یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستانی بکردایه‌ته نوێنه‌ری هه‌موو مامۆستایان . ئه‌و نوێنه‌رایه‌تییه ته‌نها له چوارچێوه‌ی رێکخستنێکی پلورالیزمیدا ده‌بێت که یه‌کێتیی مامۆستایان ئه‌و چوارچێوه‌یه بێت ، یان فیدراسیۆنێک رێکخراوه جیاجیاکان کۆبکاته‌وه . ئه‌وه‌ی له‌لای که‌س شاراوه نییه ، یه‌کێتیی ریزه‌کانی گه‌لی کورد له مێژه زیانی لێکه‌وتووه ، ئێمه‌ومانان ، بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌وێ ، به کارکردنمان له‌ریزه‌کانی یه‌کێک له لایه‌نه‌کانی که‌رتبوون ، له ریزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ، دواتر له ریزه‌کانی یه‌کێتیی نیشتمانی و پارتیدا ، که‌م و زۆر هاوبه‌شی زیانگه‌یاندنمان به ریزه‌کانی گه‌له‌که‌مان کردووه ، ته‌نانه‌ت وه‌رگرتنی پۆستی حکومه‌تیش له‌ملا یان له‌ولا ، به‌تایبه‌تی پۆسته گه‌وره‌کان – دیسان به‌و واتایه‌ی سه‌ره‌وه - زیانگه‌یاندنه به ریزه‌کانی گه‌لی کورد . ئێمه ئه‌گه‌ر ئه‌وه به‌شتێکی ئاسایی بزانین و قبووڵی بکه‌ین ، ئه‌وا هاوبه‌شیکردن له کۆنگره‌یه‌کی مامۆستایان‌دا ، له بارودۆخێکدا که پارتی و یه‌کێتی رێکه‌وتننامه‌ی ( واشنتۆن ) یان له ئه‌یلوولی 1998 دا ئیمزاکرد ، ئه‌و هه‌ڵه سیاسییه گه‌وره‌یه نییه شه‌رمی لێبکه‌ین به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر نیازه‌کان به‌ره‌و یه‌کگرتن و ، کاری سه‌ره‌کیی ئه‌و رێکخراوه ئاشتی و ته‌بایی و یه‌کێتیی ریزه‌کان بن به‌شیوازێکی دیکه‌ی جیاواز له شێوازی لکاندن و تێکه‌ڵبوونه‌وه‌یه‌کی رووکه‌ش و دۆستایه‌تی سه‌رزاره‌کی .که‌رتبوونی یه‌کێتیی مامۆستایانی کوردستان له باری میژووییه‌وه به‌شێکه له که‌رتبوونێکی گشتی له‌سه‌ر ئاستی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد . ئه‌م که‌رتبوونه بۆ رێکخراوێک ، له‌هیچ ئاستێک‌دا ، ناچێته ریزو ئاستی که‌رتبوونی حزبی سه‌رکرده‌ی بزووتنه‌وه‌که ، که له شه‌سته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا روویداوه‌و ئه‌وه بۆ نیو سه‌ده ده‌چێت گه‌له‌که‌مان به‌ده‌ست ئاسه‌واره‌کانییه‌وه ده‌ناڵێنێ .ئیمڕۆ ، له جیهانێکی گۆڕاودا ، له سایه‌ی چه‌مکه سیاسییه هاوچه‌رخه‌کاندا ، به‌و زمانه سیاسی و دیپلۆماسییه‌ی له کایه‌دایه ، ده‌شێت هه‌موو دوو دژی سیاسی پێکه‌وه هه‌ڵبکه‌ن و هه‌ریه‌که‌یان کاری خۆیان ئه‌نجامبده‌ن . یه‌کێتی و پارتی ، مامۆستایان له هه‌ولێرو سلێمانی ، قوتابیان و خوێندکاران ، ژنان و ئافره‌تان ... هتد ، هه‌ر هه‌موو ده‌توانن پێکه‌وه به ئاشتی بژین ، پێکه‌وه کاربکه‌ن ، به‌رنامه‌ی ناوکۆییان هه‌بێت و له هه‌مان کاتدا کێبه‌رکێش بکه‌ن و ، له ده‌وری ته‌وه‌ره‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و یه‌کێتیی ریزو ئامانج و دواڕۆژی گه‌له‌که‌مان ، کووره‌ی خه‌باتی خۆیان جۆشبده‌ن .سه‌رده‌می چه‌مکه سۆزاوییه‌کان به‌سه‌رچووه‌و ، سیاسه‌ت کاری واقیعی و هونه‌ری به‌ڕێوه‌چوون و جێبه‌جێبوونی ئه‌و کارانه‌یه که له کات و شوێنی خۆیدا ئیمکانی هه‌یه‌و ، ته‌نها مه‌رج مه‌بده‌ئییه‌ت و خۆنه‌دۆڕاندنه له‌به‌رده‌م ئیمتیازاته‌کانی ده‌سه‌ڵاتدا ، جا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له هه‌ر لایه‌ک بێت ، ده‌سه‌ڵاتی حزبی بێت یان حکومه‌تی یان رێکخراوه‌یی یان ... یان ... هتد . 11:47 - Monday, May 12, 2008 - بۆ چوون
|
پێناسه
پێنووسەکەم: فەیلەسووفەکان تەنها جیهانیان بە شێوەی جۆراوجۆر شیکردەوە ، بەڵام گرنگ گۆڕینێتی. ده‌سپێک زانیاری ئه‌لبۆمی وێنه‌کان ئه‌رشیڤ بیکه ماڵپه‌ڕ من بیخه لیستی دڵخوازه‌کان هەژێن الحوار المتمدن لۆگۆی وێبڵاگ به‌ڕێوه به‌ران گه‌ڕان ڕۆژ ژمێر
دوا بابه‌ته‌کانی وێبڵاگ - دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 3 - 3 - دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 2 - 3 - دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 1 - 3 - فوئاد قەرەداغی بۆ رۆژنامەی '' ئاڵای ئازادی '' دەدوێت 3 - 3 - فوئاد قەرەداغی بۆ رۆژنامەی '' ئاڵای ئازادی '' دەدوێت 2 - 3 ئیتر سه‌ردانه‌کان : Powered By kurdblogger |
||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||