| ڤەرسین |
دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 1 - 3
له ژماره‌کانی ( 427 ، 428 ، 429 ، 430 ، 431 ) ی رۆژنامه‌ی ( هاوڵاتی ) دا که رێکه‌وتی رۆژه‌کانی ( 1 ، 4 ، 8 ، 11 و 15 ) ی حوزه‌یرانی 2008 ی کرد ، هاوڕێی دێرینم کاک عارف که‌ریم زنجیره‌یه‌ک وتاری ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆکی دوو دیمانه‌ی من و کاک فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر نووسیوه که به‌دوای یه‌کدا له ( هاوڵاتی ) ژماره 411 و 412 ی رێکه‌وتی 6 و 9 ی نیسانی 2008 و ( میدیا ) ی ژماره ( 334 ) ی رۆژی 15 ی نیسانی 2008 بڵاوکراونه‌ته‌وه ، تێیاندا هه‌وڵیداوه به‌شداریی له نووسینی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان بکات تا " هه‌ندێک له دیوه شاراوه‌کانی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه و فاکته‌ره جیاجیاکانی رێگه‌خۆشکردن بۆ دامه‌زراندنی ئاشکرا " بکات به‌تایبه‌تی ساڵه‌کانی 970 - 975 . [ به‌شی یه‌که‌م ، هاوڵاتی ، ژماره 427 ی رۆژی 1ی حوزه‌یرانی 2008 ] به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستاوه ، به‌ڵکو گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ ساڵه‌کانی 1967 - 1970 و ، دوای ئه‌وه‌ش وه‌ک ده‌ڵێت : باسی ئه‌و 13 مانگه بکات که له سوریا ( شام ) دا به‌سه‌ریبردووه و هۆکاری دوورکه‌وتنه‌وه‌و وازهێنانی له یه‌کێتی و کۆمه‌ڵه روونبکاته‌وه . [ به‌شی یه‌که‌م ] کاک عارف به پاساوی وه‌ڵامی هه‌ردوو وتاره‌که‌ی من و فه‌ره‌یدون ، به‌ڕێگایه‌ک که دووره له میتۆدی زانستی و بێ په‌یڕه‌ویکردنی رێساکانی نووسینه‌وه‌ی مێژوو ، کۆمه‌ڵێک مه‌سه‌له‌ی ورووژاندووه ، که‌مێکی نه‌بێ ، زۆربه‌ی په‌یوه‌ندی به‌و دوو وتاره‌وه نییه . ئه‌وه‌ی که‌مترین پشکی له‌م پێنج ئه‌ڵقه‌یه‌دا به‌رده‌که‌وێ مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌یه ، ئه‌و مێژووه‌ی له ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی 11 ی مارسی 1970 وه ده‌ستپێده‌کات و له مانگی ئابی 1971 دا کۆتایی دێت . ئاماژه‌کردن به‌و زه‌مینه‌یه‌ی له‌پێش به‌یاننامه‌ی مارسدا بۆ پێکهێنانی ئه‌م رێکخراوه ساز‌و ئاماده کراوه‌و ، ئه‌وه‌شی که په‌یوه‌ندی به ساڵه‌کانی دوای 1971 وه هه‌یه ، ده‌شێت ته‌نها بۆ لێکۆڵینه‌وه‌و روونکردنه‌وه‌ی زێتری مێژووی دامه‌زراندنه‌که به‌کاربهێنرێت که ئێستا بۆته موڵکی مێژووی حزبایه‌تی و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی له کوردستانداو که‌سێک نییه له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه مابێت و په‌یڕه‌وی ئایدیا‌و شێواز‌و پرنسیپه‌کانی بکات و له‌ڕووی بابه‌تییه‌وه خاوه‌نی بێت . له‌هه‌ردوو چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا باس له مێژووی ( دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه ) کراوه نه‌ک مێژووی کۆمه‌ڵه که له دامه‌زراندنه‌وه تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌گرێته‌وه . بۆیه ده‌بێت هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌یت و بپرسیت : ئه‌م به‌زاندنه‌ی مێژووی دامه‌زراندن بۆچی و ، بۆ چ ئامانجێک و ، ئایا له‌ڕووی مێژووییه‌وه چ سوودێک ده‌گه‌یه‌نێت ؟ یان چ بۆ نووسه‌ر( کاک عارف ) و چ بۆ هاوڕێ دێرینه‌کانی ئاکامێکی ئه‌رێیانه ده‌گه‌یه‌نێت؟ من له‌و چاوپێکه‌وتنه‌دا که‌مێکم ده‌رباره‌ی میتۆدی نووسینه‌وه‌ی مێژوو نووسی که لێره‌دا به‌پێویستی نازانم دووباره‌ی بکه‌مه‌وه . هه‌ر له‌و چاوپێکه‌وتنه‌شدا ئاماژه‌م به‌وه کرد که ته‌نها ئاگاداری به‌شێکم له‌مێژووی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و ، له‌وه بترازێ په‌یوه‌ندیم پێوه‌ی نییه‌و ناشێت خۆم بکه‌م به خاوه‌نی و له‌سه‌ری بدوێم له‌به‌ر ئه‌وه له‌م نووسینه‌شمدا به هه‌مان رێچکه‌دا ده‌ڕۆمه‌وه‌و وه‌ڵامی ئه‌و خاڵانه ده‌ده‌مه‌وه که کاک عارف ره‌خنه‌و لێدوانی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌ریان هه‌بووه . هه‌روه‌ها له نێوانی وه‌ڵامه‌کانیشمدا ده‌ستنیشانی ئه‌و میتۆد‌و شێوازه نادروستانه ده‌که‌م که به‌گشتی سیمای نووسینی ئه‌و هاوڕێیه‌می شێواندووه . ناونیشان و ناوه‌رۆک ئه‌وه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی تێکڕای نووسینه‌که‌دا سه‌رنجڕاده‌کێشێ ، ئه‌و که‌له‌به‌ره گه‌وره‌یه‌ی نێوان ناونیشان و ناوه‌رۆکی بابه‌ته‌که‌یه . له کاتێکدا ناونیشانه سه‌ره‌کییه‌که‌ی نووسه‌ر " ئاشکراکردنی دیوه شاراوه‌کانی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه " یه ، هه‌ر زوو له نووسینه‌که‌یدا په‌لی بۆ زۆر مه‌سه‌له‌ی دیکه بردووه‌و ، ئه‌م ئامانجه سه‌ره‌کییه‌ی نووسینه‌که‌ی له‌بیرچۆته‌وه‌و ، جگه له چه‌ند خاڵێک که ئاڕاسته‌ی کردووین ، سه‌رتاسه‌ری نووسینه‌که‌ی هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی نه به ناونیشانه‌که‌وه هه‌یه‌و نه به مێژووی ئه‌و ساڵ و چه‌ند مانگه‌ی پڕۆسه‌ی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی - لێنینی خایاندی و دوای ئه‌وه قۆناخێکی دیکه‌ی خه‌باتی ده‌ستیپێکرد . کاک عارف له‌به‌شی یه‌که‌مدا باسێکی خه‌باتی گه‌لی کوردی کردووه هه‌ر له رووخاندنی کۆماری کوردستانه‌وه له مه‌هاباد تا ساڵی 1970 که کۆمه‌له دامه‌زراوه . ئه‌و مه‌به‌ستی بووه ئه‌و مێژووه به مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه ببه‌ستێته‌وه ، به‌ڵام له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوونه‌بووه چونکه رایه‌ڵێکی تێدانییه ئه‌و په‌یوه‌ندییه پێکه‌وه گرێبدات . له‌و نمایشه‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیدا که نووسه‌ر نیشانیداوه ، ته‌نها ئه‌و ماوه‌یه ده‌که‌وێته خانه‌ی په‌یوه‌ندی به مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌وه که ده‌که‌وێته نێوان ساڵانی ( 1967 - 1970 ) وه که هه‌لومه‌رجێک ، یان ئاووهه‌وایه‌کی چه‌پانه لق و ناوچه‌ی سلێمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان ( م . س ) و خوێندکارانی کوردی زانکۆی به‌غدای گرتبۆوه . نووسه‌ر که‌ی به‌ڕیزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ستبووه؟ کاک عارف ده‌ڵێت :" فوئاد قه‌ره‌داغی و فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر دوو براده‌ری نزیکن به من و له نزیکه‌وه یه‌ک ده‌ناسین و پێکه‌وه کارمانکردووه ، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی خودی فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا په‌یوه‌ندی به منه‌وه کرد بۆ چوونه ناو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه " . لێره‌دا نووسه‌ر کاتی چوونی بۆ نێو ریزه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی به ته‌واوی دیارینه‌کردووه ، ئایا له‌ساڵی یه‌که‌می دامه‌زراندنیدا بووه یان له ساڵه‌کانی دواتردا . هه‌ر لێره‌دا ئه‌و پرسیاره روویتێده‌کات : بۆچی فوئاد قه‌ره‌داغی که ئه‌و کاته ( ساڵی 1970 ) نزیکترین هاوڕێی بوو ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته په‌یوه‌ندی پێوه نه‌کردووه ، وه‌کو زۆر هاوڕێی دیکه‌ی که ئه‌و ساڵه چه‌ند جار له‌به‌غداوه بۆ په‌یوه‌ندیکردن پێیانه‌وه ده‌هاته سلێمانی و سه‌ردانی ده‌کردن ؟ له‌ڕاستیدا دوو یان سێ جار له‌و ساڵه‌دا له‌گه‌ڵ کاک عارفدا بیروڕامان ده‌گۆڕییه‌وه ، باسی ئاسته‌نگیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی و رۆڵی بۆرژوازی کورد‌و فه‌شه‌لی هه‌ردوو باڵی پارتیمان ده‌کرد ، به‌ڵام ئه‌و هێشتا به‌دیلی حزبێک یان رێکخراوێکی نوێی له‌لا گه‌ڵاڵه نه‌بوو بوو . بۆیه رێیتێده‌چێت دوای ده‌رچوونمان له کۆمه‌ڵه ( ئابی 1971 ) هه‌ڵمه‌تێکی په‌یوه‌ندیکردن کرابێت و ئه‌ویش یه‌کێک بووبێت له‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان پێوه‌کردووه‌و به رێکخستنه‌کانی کۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ست بووبێت . کاک عارف ، وه‌ک له هه‌ر پێنج به‌شی وتاره‌که‌یدا ده‌رده‌که‌وێت ، زانیارییه‌کی وردی له‌سه‌ر ئه‌و ماوه‌یه نییه‌و ، پتر له‌باره‌ی ساڵانی دواتر تا راوه‌دوونانی و هه‌ڵاتنی بۆ سوریا نووسیویه‌تی و ، ئه‌و ساڵ و چه‌ند مانگه‌ی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی به‌ژێر ته‌مومژی زانیاری ساڵانی دواتردا کردووه . شۆڕشی لاوان 1968 کاک عارف ده‌رباره‌ی چه‌مکی " شۆڕشی لاوان " ده‌ڵێت :" به‌بڕوای من ئه‌مه شؤڕشی لاوان نه‌بوو . . . چونکه نه‌یتوانی گۆڕانکاریی له سیستمی سه‌رمایه‌داریدا بکات . ئه‌مه ته‌نیا چالاکی و هه‌ڵچوونێکی چه‌پ بوو بۆ ماوه‌یه‌کی کورت ، وا بزانم شۆڕش مانایه‌کی فراوانتری هه‌یه . " [به‌شی یه‌که‌م ] سه‌ره‌تا ئه‌وه ناوێک نییه من له‌و بزووتنه‌وانه‌ی ساڵی 1968 م نابێت ، ئه‌وه ناوێکه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا له‌و کاته‌وه هه‌تا ئێستا به‌کارده‌هێنرێت و بووه‌ته ناسنامه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وانه . به‌ڵگه‌ی نووسه‌ریش بۆ ئه‌وه‌ی به‌شۆڕشی له‌قه‌ڵه‌م نه‌ده‌ین هه‌ڵه‌یه ، چونکه به‌پێی ئه‌و بڕوایه‌ی نووسه‌ر بێت ، سه‌رکه‌وتن و سه‌رنه‌که‌وتن ناسنامه‌ی بزووتنه‌وه‌یه‌ک دیاریده‌کات که ئایا شۆڕشه یان شۆڕش نییه . واته ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وت شۆڕشه‌و ئه‌گه‌ر ژێرکه‌وت شۆڕش نییه ، به‌م پێیه کۆمۆنه‌ی پاریس و شۆڕشی کرێکارانی فه‌ڕه‌نسا له ساڵی 1848 دا‌و شۆڕشی کرێکارانی ئه‌ڵمانیا به‌سه‌رکردایه‌تی سپارتاکۆسییه‌کان دوای شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر و ده‌یان شۆڕشی نیشتمانی و کرێکاری ناچنه خانه‌ی شۆڕشه‌وه . له‌ڕاستیدا شۆڕش گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌ییه له سیستمی سیاسی - ئابووری - کۆمه‌ڵایه‌تی - رۆشنبیریی . . . هتد دا . به مانایه‌کی فراوانتریش شۆڕش گواستنه‌وه‌یه له پێکهاته‌یه‌کی مێژوویی ئابووریی - سیاسییه‌وه بۆ پێکهاته‌یه‌کی دیکه ، وه‌کو گواستنه‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی و حوکمی خانه‌دانه‌کان و ئیکلیڕوسه‌وه بۆ فه‌ڕه‌نسای دیموکراتیی بۆرژوازیی ، ئه‌و وه‌رچه‌رخاندنه‌ی له مێژوودا به‌شؤڕشی بۆرژوازی ده‌ناسرێت ؛ یان گواستنه‌وه‌ی روسیا له حوکمی ئیستیبدادیی تزارییه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی سۆسیالیستی سۆڤیه‌تی که به شۆڕشی سۆسیالیستی ئۆکتۆبه‌ر ناسرا ، هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی چین له سیستمی نیمچه کۆلۆنی - نیمچه ده‌ره‌به‌گییه‌وه بۆ سیستمێکی دیموکراتیی میللی که خۆیان ناوی شۆڕشی دیموکراتیی نوێیان لێناوه . ئه‌م پێناسه‌یه بۆ شۆڕش ، هه‌وڵه‌کانی شۆڕش بۆ ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ش ده‌گرێته‌وه جا هه‌وڵه‌که سه‌رکه‌وتوو بێت یان سه‌رکه‌وتوو نبێت . ئه‌و شۆڕشه‌ی ئه‌و کاته‌و هه‌تا ئێستاش له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا ناوی " شۆڕشی لاوان " ی لێنراوه ، ئامانجی گۆڕانکارییه‌کی ریشه‌یی بوو له جیهاندا . سه‌رانسه‌ری ئه‌وروپا بووه مه‌یدانی جه‌نگێکی ده‌سته‌ویه‌خه له نێوان خوێندکاران و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا ، دواتریش کرێکاران به بزووتنه‌وه‌که‌ی خوێندکارانه‌وه په‌یوه‌ستبوون ، ئامانجی هه‌مووانیش یاخیبوون له کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری و سه‌رکه‌وتنی سۆسیالیزم بوو . ده‌زگاکانی سیستمی سه‌رمایه به‌ڕاستی که‌وتنه به‌ر مه‌ترسی رووخاندنه‌وه ، له‌وانه سیستمی خێزان پێینایه قۆناغی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و لاوان خێزانه‌کانیان به‌جێده‌هێشت ؛ هه‌روه‌ها یاخیبوونێکی بێوێنه مێژوویی له زانکۆکان و به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌کانی خوێندنیان روویدا . زانکۆکان به بونیاد‌و به‌رنامه‌کانیانه‌وه به‌ر هێرشی خوێندکاران که‌وتن ، خوێندن له زانکۆکان‌دا راگیرا . خوێندکاران ده‌ستیان به‌سه‌ر زانکۆکان‌دا گرت و مامۆستایانی سه‌ر به حزب و رێکخراوه چه‌په‌کانیش پشتگیرییانکردن . کرێکاران و خوێندکارانی راپه‌ڕیو سه‌ر به حزب و رێکخراوه ( ماوییه‌کان ، گیڤاریسته‌کان ، ترۆتسکییه‌کان ، ستالینییه‌کان ، چه‌پی نوێ و مارکۆزییه‌کان ، گرووپ و ده‌سته‌ی سه‌ر به ولهلم رایخ و شۆڕشی سێکسی و .. هتد ) بوون . ئه‌م شۆڕشه‌ی لاوان په‌ره‌یسه‌ندوو سیستمی سه‌رمایه‌ی هێنایه له‌رزین به تایبه‌تی له فه‌ڕه‌نسا که ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رگرتن له رووخاندنی په‌نای برده به‌ر سوپا‌و تانکه‌کانی دابه‌زانده سه‌ر شه‌قامه‌کان و شۆڕشه‌که‌ی سه‌رکوتکرد ؛ له‌ولاشه‌وه‌و پێشتریش له شۆڕشه‌که‌ی ئه‌وروپا ، ( شۆڕشی گه‌وره‌ی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریا) له چین به‌رپابووبوو ، ملیۆنه‌ها لاوی کرێکار‌و جووتیار‌و خوێندکار رۆژانه ده‌ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌کان و له بست به بستی چیندا لێپرسراوه حکومی و حزبییه گه‌نده‌ڵه‌کانیان داده‌گرته خواره‌وه‌و جه‌ماوه‌ر و پاسه‌وانه سووره‌کان و کۆمیته شۆڕشگێڕییه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا ده‌گرت . ئه‌و شۆڕشه له‌ژێر سایه‌ی دیکتاتۆرییه‌تی پڕۆلیتاریادا کراو نموونه‌یه‌کی په‌سه‌ندکراوی لاوانی جیهان بوو له‌و سه‌رده‌مه‌دا . له کوردستانیشدا ، ئه‌و شۆڕشه‌ی ساڵی 1968 ی لاوانی ئه‌وروپاو پێشتریش چین ، یه‌کێک له هۆکاره‌کانی وه‌رچه‌رخاندنی گه‌نجانی کورد بوو به‌ره‌و رێبازی چه‌پ به گشتی و ، مارکسیزم - لینینیزم به تایبه‌تی ؛ ئه‌و رێبازه‌ی چاویکردنه‌وه‌و به‌ره به‌ره‌و رۆژ له دوای رۆژ گۆڕانکاریی به‌سه‌ر فیکریاندا ده‌هێنا . ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌و کاته‌ی نێو ریزه‌کانی پارتی به‌ڕاده‌یه‌ک کاریگه‌ریی ئه‌و شۆڕشه جیهانییه‌مان له‌سه‌ربوو که خۆمان له‌نێو حزبدا به نامۆ ده‌زانی ، تا ئاکام توانیمان بۆ ماوه‌یه‌ک خه‌ونه‌کانمان له کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی - لێنینیدا بهێنینه‌دی . فاکته‌ره‌کانی بڵاوبوونه‌وه‌ی فیکر‌و رێبازی نوێ کاک عارف له زۆر شوێنی نووسینه‌که‌یدا " به‌بڕوای من " یان " پێموایه " به‌کارده‌هێنێت که‌ده‌شیت بۆ ده‌ربڕینی رای شه‌خسی له هه‌ندێ مه‌سه‌له‌ی تایبه‌تی و دیاریکراودا به‌کاربهێنرێن ، به‌ڵام میتۆدی لێکۆڵینه‌وه له زۆر بواری زانسته‌کاندا به زانسته مرۆییه‌کانیشه‌وه ، مه‌رجی ( بۆ ) یان هه‌یه‌و به‌بێ مه‌رج سه‌ره‌نجامه‌کان هه‌ڵه ده‌رده‌چن و وه‌رناگیرێن . ده‌بێت تۆژیار له‌به‌ر تیشکی واقیع و زانیاری و لێکدانه‌وه‌ی لۆژیکی و راستییه زانستییه‌کاندا سه‌باره‌ت به‌هه‌ر بابه‌تێک بڕیاری خۆی بدات و قه‌ناعه‌ته‌کانی بونیادبنێت . ئه‌و ده‌ڵێت :" به بڕوای من فاکته‌ری سه‌ره‌کیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ماویزم له کوردستانداده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هاتنی گرووپه‌که‌ی سازمانی ئیقیلابی " [به‌شی یه‌که‌م ] شێوه‌ی ئه‌م بڕوایه له لێکۆڵینه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، جگه له‌وه‌ی به پێچه‌وانه‌ی پرنسیپه‌کانی تۆژینه‌وه‌ی ئه‌و زانستانه‌یه ، چونکه هۆکارێک وه‌رده‌گرێت به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌ی هه‌موو فاکته‌ره جیاجیاکان ؛ حوکمێکی خودیانه به‌ره‌نجامی ده‌بێت و ، له‌ڕووی میتۆدیشه‌وه په‌یڕه‌وی میتافیزیک ده‌کات و لێکدانه‌وه‌ی دیالێکتیکی ده‌سڕێته‌وه . کاک عارف چه‌ند جار‌و له سیی ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه بابه‌تی ( فاکته‌ری ناوه‌وه‌و فاکته‌ری ده‌ره‌وه ) و ( ناکۆکی سه‌ره‌کی و ناکۆکی لاوه‌کی ) له دیالێکتیکدا خوێندووه‌و ده‌بوایه نه‌که‌وێته ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه که فاکته‌رێکی ده‌ره‌کی بۆ گۆڕانکارییه‌کی فیکریی ریشه‌یی له کوردستاندا به بنچینه‌یی دابنێت ؛ هه‌روه‌ها نه‌ده‌بوو رۆڵی ناکۆکیی سه‌ره‌کیی ( سیاسی - رێکخراوه‌یی ) ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی گه‌نجه‌کانی کوردستانی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حزبیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورددا فه‌رامۆش بکردایه . له کوردستاندا زه‌مینه‌ی سیاسی ته‌واو له‌باربوو تا کارلێکی کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر گۆڕانکاریی فیکریی لێبڕسکێ ، هه‌روه‌ک ئه‌م زه‌مینه ناوخۆییه فاکته‌ری کاریگه‌رێتی هۆکاره ده‌ره‌کییه‌که بوو که بریتی‌بوو له هاتنی هاوڕێیانی ( سازمان انقلابی حزب توده ) بۆ کوردستان و مانه‌وه‌یان له‌نێوماندا بۆ ماوه‌ی یه‌ک دوو ساڵ ؛ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌و به‌و لۆژیکه ، گۆڕانه چه‌ندایه‌تییه‌کان که‌ڵه‌که‌ده‌بوون و چۆنایه‌تییه‌کی نوێی له‌نێو نه‌وه گه‌نجه‌که‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌هێنایه‌کایه‌وه که بۆ ئێمه‌ی " ده‌روێشانی " سیاسه‌تی شۆڕشگێڕانه له‌و ساڵانه‌دا هه‌وێنی فیکرێکی نوێ بوون . لێره‌دا نازانم کاک عارف به‌ڵگه‌ی چییه که فاکته‌ره‌کانی ( شه‌هیدبوونی گیڤارا ، شۆڕشی گه‌وره‌ی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریا له‌چین ، ناکۆکی سیاسیی سۆڤیه‌ت له‌گه‌ڵ چین و ئه‌لبانیا وه‌ک به‌شێکی سه‌ره‌کی و به‌رچاوی ته‌ییاری دژه ریڤیژنیزمی خرۆچۆڤی ، ناکۆکی مه‌کته‌بی سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو باڵه‌که‌ی حزبی شیوعی عێراقدا . . . هتد ) ، " هه‌مووی لاوه‌کین و به‌بڕوای ( ئه‌و ) هۆی سه‌ره‌کی نه‌بوون " [ هاوڵاتی ، ژماره ( 428 ، رۆژی 4 ی حوزه‌یرانی 2008 ، به‌شی دووه‌م ] دیسان ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ دیالێکتیک و به‌بیری کاک عارفی ده‌هێنمه‌وه که فاکته‌ره‌کان ، ناکۆکییه‌کان هه‌میشه له جووڵاندان و به‌بارودۆخی ئابووری ، سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌وه گرێیانخواردووه . هه‌میشه له‌نێوانیانداو له کات و شوێنێکی دیاریکراودا فاکته‌رێک سه‌ره‌کییه‌و ئه‌وانیدیکه لاوه‌کین ، ناکۆکییه سه‌ره‌کییه‌که‌ش دوو لایه‌ن له خۆیدا کۆده‌کاته‌وه‌و له‌نێویاندا لایه‌نێکیان بنچینه‌یی و بڕیارده‌ره .ئه‌م فاکته‌رانه جێگۆڕکێ ده‌که‌ن و هه‌ر یه‌که‌یان رۆڵی خۆی له کاتی خۆیدا ده‌بینێت . له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و فاکته‌رانه‌ی له‌لیکدانه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه سیاسییه‌دا ریزمکردبوون و زه‌مینه‌ی بۆ دامه‌زراندنی رێکخراوێکی مارکسی لێنینی خۆشکرد ، هه‌ر یه‌که‌یان که‌م و زۆر کاریگه‌رێتییان له‌سه‌رمان به‌مشێوه‌یه هه‌بووه : •- رێبازی گیڤاریستی ، تیۆریی ناوه‌کیی شۆڕشگێڕانه ( البؤرة الثورية ) ئه‌لف و بێی رووکردنه خه‌باتی چه‌کدارانه‌ی چریکی لێوه‌فێربووین . سه‌رکه‌وتنی گه‌لێکی بچووکی وه‌ک گه‌لی کوبا و چه‌ند چه‌کدارێک به‌سه‌ر دیکتاتۆرێکی وه‌ک پاتێستادا له‌ناو جه‌رگه‌ی ده‌وڵه‌تێکی ئیمپریالیستی وه‌ک ئه‌مریکادا ، ئیلهامی شۆڕشگێڕیی پێده‌به‌خشین . بانگه‌وازی گیڤارا بۆ پیاده‌کردنی چه‌ند ڤێتنامێک دژی ئه‌مریکا مانیفێستێک بوو بۆ هه‌موو گه‌نجه‌کانی جیهان به ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌م گۆشه له‌بیرکراوه‌ی ئه‌وسای جیهانه‌وه که ناوی کوردستانه . •- کاریگه‌ریی شۆڕشی گه‌وره‌ی رۆشنبیریی پڕۆلیتاریای چین له‌سه‌ر جیهان ، به تایبه‌تی جیهانی سۆسیالیستی و هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و رزگاریخوازانه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له جیهاندا ، ناتوانرێت نکوولی لێبکرێت . به‌شیک له ئێمه‌ی گه‌نجانی ئه‌و سه‌رده‌مه له ساڵی ( 1965 و 1966 ) وه سۆراخی ئه‌و شۆڕشه‌و ره‌وتی چینییه‌کانمان ده‌کرد ، هه‌ر له گوێگرتن له به‌شی عه‌ره‌بی رادیۆی ( په‌کین ) ه‌وه تا کڕین و موتابه‌عه‌ی گۆڤاری ( بنا‌ء الصین ) و ( الصین المصورة ) و بڵاوکراوه‌کانی ( ناوه‌ندی رۆشنبیریی چین ) له به‌غدا به‌ر له‌وه‌ی هاوڕێیانی ( سازمان انقلابی ) له‌ناوماندا بن. •- خه‌باتی حزب و رێکخراوه گیڤاریستی و ماوییه‌کان دژی ئیتیجاهی ریڤیژنیستی ( ئۆرۆشیوعی ) که له سێ کوچکه‌ی حزبه شیوعییه‌کانی ( فه‌ڕه‌نسا ، ئیتالیا ، ئیسپانیا ) پێکهاتبوو ، دیسان کاریگه‌رێتی له‌سه‌ر چه‌سپاندنی فیکری دژه ریڤیژنیستی خرۆچۆڤی هه‌بوو . به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌لبانیاو حزبی کاری ئه‌لبانی فاکته‌رێکی دیکه‌ی قووڵبوونه‌وه‌ی مه‌یلی دژه ریڤیژنیستی سۆڤیه‌ت و لادان به‌لای هێڵی چینییه‌کاندا بوو له‌نێو بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستیی جیهانیدا . •- ناکۆکی نێوان پارتی ( باڵی مه‌کته‌بی سیاسی ) و حزبی شیوعی به هه‌ردوو باڵه‌که‌یه‌وه ، فاکته‌رێکی دیکه بوو بۆ زێتر ره‌تکردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی ره‌سمیی ئه‌و دوو حزبه که ئه‌و کاته هه‌ردوولایان پابه‌ندی سیاسه‌ته‌کانی سۆڤیه‌ت بوون . ئه‌م فاکته‌ره ورده ورده بیرۆکه‌ی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆ له‌و دوو حزبه‌ی ده‌هێنایه گۆڕێ به‌تایبه‌تی دوای توندبوونه‌وه‌ی ناکۆکییه شاراوه‌کانی نێوان مه‌کته‌بی سیاسی و ئیتیجاهه ماویستییه‌که‌ی نێو لق و ناوچه‌ی سلێمانی له ساڵه‌کانی 1968 - 1970 دا . ئه‌م فاکته‌رانه ، هیچیان لاوه‌کی نه‌بوون . هه‌ر یه‌که‌یان له ماوه‌یه‌کدا فاکته‌ری سه‌ره‌کی بووه و ، له ئه‌نجامی ئاوێته‌بوونی کاریگه‌رێتی و به‌ره‌نجامه‌کانی هه‌موویان ده‌سته‌یه‌ک له نێو ریزه‌کانی پارتی ( م . س ) پێگه‌یشت که رێکخستنێکی نوێ دابمه‌زرێنێ و هه‌نگاو هه‌نگاو خۆی له حزبه ته‌قلیدییه‌که بپچڕێنێت . 1:32 - Sunday, July 6, 2008 - بۆ چوون
|
پێناسه
پێنووسەکەم: فەیلەسووفەکان تەنها جیهانیان بە شێوەی جۆراوجۆر شیکردەوە ، بەڵام گرنگ گۆڕینێتی. ده‌سپێک زانیاری ئه‌لبۆمی وێنه‌کان ئه‌رشیڤ بیکه ماڵپه‌ڕ من بیخه لیستی دڵخوازه‌کان هەژێن الحوار المتمدن لۆگۆی وێبڵاگ به‌ڕێوه به‌ران گه‌ڕان ڕۆژ ژمێر
دوا بابه‌ته‌کانی وێبڵاگ - دەربارەی هەڵوێستی ئایدیالیستی و ریالیستی لە کاری کارگێڕیدا - دەربارەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان - دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 3 - 3 - دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 2 - 3 - دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 1 - 3 ئیتر سه‌ردانه‌کان : Powered By kurdblogger |
||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||