| ڤەرسین |
دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 2 - 3
ناکرێت بێ دۆکیۆمێنت مێژوو بنووسیته‌وه کاک عارف ده‌رباره‌ی پشتبه‌ستن به دۆکیۆمێنت بۆ نووسینه‌وه‌ی مێژووی دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان ده‌ڵێت : " به‌ڵام ده‌رباره‌ی نووسین و دۆکیۆمێنت ، فوئاد ده‌زانێ کۆمه‌ڵه له‌و کاته‌دا رێکخستنێکی زۆر نهێنی بوو ، خاوه‌نی ده‌ستوورێکی به‌رگ سوور بوو که من دانه‌یه‌کیم لابوو له سلێمانی ، دو‌اتریش بڵاوکراوه‌یه‌کی هه‌بوو به‌ناوی ئاڵای شۆڕش . . . ململانێکانیش له‌سه‌ر ناسنامه‌ی کۆمه‌ڵه به‌شێک بوو له چالاکییه‌کان . . .ئیتر نازانم فوئاد قه‌ره‌داخی مه‌به‌ستی چییه له دۆکیۆمێنت و نوسراو " [ به‌شی دووه‌م ] ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا له نێوه‌نده ئه‌کادیمییه‌کانی مێژوودا باوه‌و ، به‌گشتی میتۆدی نووسینه‌وه‌ی مێژوو جه‌ختی له‌سه‌رده‌کات ، ده‌ربازکردنی مێژووه له حیکایه‌تخوانی و گێڕانه‌وه‌ی شه‌فه‌وی و به‌بیرهاتنه‌وه‌ی شه‌خسی . ئه‌وه‌نده‌ی بلوێت و بکرێت مێژوونووسه‌کان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر شێوازی پشتبه‌ستن به دۆکیۆمێنت وه‌ک شێوازێکی سه‌ره‌کی ؛ خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه ده‌ستنه‌که‌وت ، ئینجا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر دۆکیۆمێنتی شه‌فه‌وی و یاده‌وه‌ریی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌شداریی رووداوه مێژووییه‌کانیان کردووه دوای ئه‌وانیش ئه‌و که‌سانه‌ی له‌سه‌رده‌مه‌که‌دا ژیاون ، شاهیدی رووداوه‌کان بوون یان له‌هه‌مان سه‌رده‌مدا بیستوویانه . واته زنجیره‌یه‌ک هه‌یه که پاش و پێشی تێدایه له‌ڕووی موتمانه‌و پله‌ی ئیعتیبارکردنی راستگۆیی له گێڕانه‌وه‌دا . له‌م دۆکیۆمێنتانه‌دا که پشت به‌یاده‌وه‌ریی که‌سه‌کان ده‌به‌سترێت توانای بیرهاتنه‌وه‌و کات و رۆژ و ساڵ و دوورونزیکی له رووداوی سروشتی و کۆمه‌ڵایه‌تی و شوێن و راده‌ی په‌یوه‌ندی که‌سه‌کان به رووداوه‌کانه‌وه حسابی بۆ ده‌کرێت ، هه‌روه‌ک رابردووی شه‌خسی و پرنسیپه ئه‌خلاقییه‌کانی وه‌ک راستگۆیی ره‌چاوده‌کرێت . دۆکیۆمێنته‌کان به‌هه‌ردوو شیوه‌که‌یه‌وه چ نووسراوو چ ئه‌وانه‌ی ده‌ماوده‌م ، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ ، وه‌رده‌گیرێن ، به‌ر ئه‌زموونی میتۆدی نووسینه‌وه‌ی مێژوو ده‌درێن ، هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ناوه‌کی و ده‌ره‌کییان بۆ ده‌کرێت تا ساخبکرێنه‌وه‌و راستییه‌کان تۆماربکرێن . پاساودانی نه‌بوونی دۆکیۆمێنت خه‌وشێکی کاری رێکخراوه‌یی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه‌و هه‌موومان لێی به‌رپرسیارین . راسته بارودۆخی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی به‌عس ، هۆیه‌کی راسته‌و بگره هۆی سه‌ره‌کییه ، به‌ڵام له تۆژینه‌وه ئه‌کادیمییه‌کاندا به هۆکارێکی لاواز داده‌نرێت ، چونکه تۆژیاران چه‌ند ئه‌گه‌ر له‌به‌رده‌میدا داده‌نێن ، گریمانه‌کانی بۆ ریزده‌که‌ن به‌وه‌ی که بۆچی بیر له پاراستنی دۆکیۆمێنته‌کان ، وه‌ک یه‌کێک له کاره نهێنییه‌کان ، نه‌کراوه‌ته‌وه ، یان بیریان بۆ ئه‌وه ده‌چێت که بۆ مه‌به‌ستێکی سیاسی شاردرابێتنه‌وه یان له‌ناوبرابن ، یان سیاسه‌ت و ململانێیه‌کی نوێ هاتبێته‌کایه‌وه پێویستی به‌وه کردبێت دۆکیۆمێنتی دروستکراو بخرێته جێگه‌ی دۆکیۆمێنته ئه‌سڵییه‌کان و ئیستیغلالی بێئاگایی زۆربه‌ی خه‌ڵکیی له‌و باره‌یه‌وه بکرێت و ... هتد . ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌ی باسمانکرد ده‌بێته مایه‌ی جیاوازی له گێرانه‌وه‌داو ، هه‌ڵبه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی یان رێکخراوه‌یی ( ماددی و مه‌عنه‌وی ) ده‌خاله‌ت ده‌کات و رۆڵی خۆی له‌م بواره‌دا ده‌گێڕێت . به‌ڵام به‌هۆی پێشکه‌وتنی شیوازه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی ده‌قه‌کان و رووداوه‌کاندا ، ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی سه‌ره‌وه له ده‌ستی تۆژیارانی مێژوو ده‌رناچێت . شێوازی ساخکردنه‌وه‌و تۆژینه‌وه‌ی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی دۆکیۆمێنته‌کان و په‌نابردنه به‌ر شێوازی به‌راوردکاری ، راستییه‌کان یه‌کلاییده‌کاته‌وه . بۆ نموونه کاک عارف دێت و ده‌ڵێت کۆمه‌ڵه له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه هه‌ر ناوی ( کۆمه‌ڵه‌ی مارکسی لێنینی کوردستان ) بوو ، داش عێراقی له‌سه‌ر نه‌بوو وه‌ک فوئاد له چاوپێکه‌وتنه‌که‌دا " ئیددیعاده‌کات " . دیاره ده‌توانرێت بۆ ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئیددیعایه میتۆدی مێژوویی په‌یڕه‌وبکرێت ، به‌پێی ئه‌م میتۆده چه‌ند گریمانێک ( فرضیات ) دابنرێت وه‌ک : أ - فوئاد هه‌ر له‌سه‌ر باوه‌ڕی " عێراقچێتی " ماوه‌و ، له‌وه‌دا راست ناکات که ( داش عێراق ) به پاشکۆی ناوی کۆمه‌ڵه‌وه بووبێت . ب - فوئاد به حوکمی ته‌مه‌ن و به‌سه‌رچوونی ئه‌و مێژووه که بۆ نزیکه‌ی چل ساڵ ده‌چێت مێشکی لاوازبووه‌و کۆنترۆڵی یاده‌کانی له‌ده‌ستداوه . ج - دوای ناکۆکی نێو کۆمه‌ڵه‌و ده‌رچوونی " عێراقچی " یه‌کان و مانه‌وه‌ی " کوردستانی " یه‌کان ، ده‌ستکاریکراوه‌و ( داش عێراق ) ه‌که‌ی لێکراوه‌ته‌وه‌و جارێکی دیکه چاپکراوه‌ته‌وه . د - فوئاد سه‌باره‌ت به‌وه راستده‌کات که په‌یڕه‌وه‌که خۆی نووسیویه‌تی و به‌و هۆیه‌وه که‌سێک له‌و له‌پێشتر نییه بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌م باره‌یه‌وه وه‌ک دۆکیۆمێنت لێوه‌ربگیرێت . له نێو ئه‌م خاڵانه‌دا ( ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که بهێنێ و کارگه‌رێتییه‌کی چاره‌نووسسازی هه‌بێت ) ، ده‌کرێت خاڵی ( ب ) له‌ڕێی ئه‌زموونی تایبه‌تی نێو تاقیگاکانی سایکۆلۆژیی فیسیۆلۆژییه‌وه ، یان له‌ڕێی کلینیکه‌کانی چاره‌سه‌رکردنی ده‌روونییه‌وه ساخبکرێته‌وه ، ئه‌وسا ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌رێیانه بوو ، ئه‌وا ئه‌م خاڵه وه‌رناگیرێت و ده‌بێت خاڵێکی دیکه بهێنرێته پێشه‌وه ، بۆ نموونه : شێوازی داڕشتنی به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وه‌که له‌لایه‌ن شاره‌زایانی بواری ساخکردنه‌وه‌ی ده‌ق و دۆکیۆمێنته‌کان به نووسینه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی فوئاد به‌راوردده‌کرێت و ، به‌مه حه‌قیقه‌ته‌که ده‌که‌وێته‌ڕوو و ئه‌وه یه‌کلاییده‌بێته‌وه که ( داش عێراق ) به‌ناوه‌که‌وه بووه له‌یه‌که‌م چاپدا ، وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت ، یان پێوه‌ینه‌بووه ، وه‌ک ئه‌وه‌ی دواتر خراوه‌ته به‌ر ده‌می ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌وه . هه‌ر ئه‌م شیکاره بۆ دۆکیۆمێنته‌که ( به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆ ) یان ئه‌نجامه‌که‌ی ( ئه‌رێیانه بێت یان نه‌رێیانه ) ده‌شێت به‌کاربهێنرێت بۆ ساخکردنه‌وه‌ی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی کاک فه‌ره‌یدون له رۆژنامه‌ی ( میدیا ) دا له ده‌ڵێت : " من و خاڵه شه‌هاب و فازیلی مه‌لا مه‌حمود کۆمه‌ڵه‌مان دروستکرد " ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌توانرێت له لۆژیکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی رێکخراوه‌یی پێکهێنانی کۆمه‌ڵێک رێکخراوی جیاجیا بکۆڵرێته‌وه تا بزانرێت : ئایا راسته به سێ که‌س ئه‌م رێکخراوه دروستکراوه ؟! هه‌روه‌ها ده‌توانرێت زانیاری له هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه وه‌ربگیرێت ، هه‌رکه‌سه په‌یوه‌ندی به‌کێوه کردووه ؟ کێی رێکخستووه ؟ له رێکخستنی کۆمه‌ڵه‌دا به‌رپرسی کێ و کێ بووه‌و کێش به‌رپرسی ئه‌و بووه؟ خۆ ئه‌گه‌ر تۆژیارێک بیه‌وێت تۆژینه‌وه‌که‌ی تۆکمه‌تر بێت ، ئه‌وا ده‌گه‌ڕیته‌وه بۆ هه‌ر دۆکیۆمێنتێکی نووسراو یان کۆڕێک که کاک فه‌ره‌یدون له دوای راپه‌ڕینه‌وه تێیاندا ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵه دوابێت وه‌ک ئه‌و کۆڕه‌ی ده بۆ دوازده ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له مه‌ڵبه‌ندی رێکخستنی سلێمانیی یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان به‌ستی و به ده‌یان کادیرو ئه‌ندامی یه‌کێتیی ئاماده‌یبوون و تیادا ئاماژه‌ی به رۆڵی فوئاد قه‌ره‌داغی کرد له دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا و دو‌اتریش هه‌ر له‌وسه‌روبه‌نده‌دا له رۆژنامه‌ی ( کوردستانی نوێ ) دا بڵاوکرایه‌وه ؛ یان تۆژیار ده‌توانێت زێتر به دوایدا بچێت و له‌و ئیددیعایه‌ی قه‌ره‌داغی بکۆڵێته‌وه که ( گوایا ) چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر کاک فه‌ره‌یدون ویستوویه‌تی شتێک ده‌رباره‌ی کۆمه‌ڵه بنووسێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش میواندارییه‌کی فوئادی کردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک زانیاری ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه لێوه‌رگرێت یان به‌بیریبهێنێته‌وه . . . هتد . ئه‌وه‌ی له جیهانی سیاسه‌ت و حزبایه‌تیدا باوه ، دامه‌زراندنی ره‌سمیی رێکخستنێک له‌و دانیشتنه ره‌سمییه‌وه ده‌ستپێده‌کات که بڕیاری ده‌ستبه‌کاربوون ده‌درێت و به‌رنامه‌و پێره‌وی رێکخستنه‌که بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت و کۆمیته‌یه‌کی ناوه‌ندی هه‌ڵده‌بژێردرێت و کار له‌نێوانیاندا دابه‌شده‌کرێ ، جا ئه‌و دانیشتنه کۆنفرانسێک یان کۆبوونه‌وه‌یه‌کی گشتی بێت ، یان له‌به‌ر بارودۆخێکی تایبه‌تی ، دانیشتنی ده‌سته‌یه‌ک بێت له‌وانه‌ی ده‌ستپێشخه‌ری بۆ دامه‌زراندنی رێکخراوه‌که ده‌که‌ن . دیاره ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش ره‌تناکرێته‌وه ، به‌ڵکو پڕۆسه‌که هه‌رده‌بێت وه‌ها بچێته پێشه‌وه ، که به‌ر له بڕیاری رێکخستن ، گرووپ گرووپ ، دوو دوو ، سێ سێ ، ئه‌م کوتله‌و ئه‌و کوتله سه‌ریان به‌یه‌که‌وه نابێت و یه‌کێکیان پێشتر‌و ئه‌ویدییان دواتر جووڵابێت ؛ به‌ڵام کاتێک ئاماده‌کارییه‌کان به ئه‌نجام ده‌گه‌ن و کاری تیۆری ده‌چێته قۆناغی پراکتیکه‌وه ، ئه‌و کاته رۆژی دامه‌زراندن و ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رو به‌رپرسیارێتی ره‌سمی ده‌چه‌سپێ و شێوه‌ی خۆی وه‌رده‌گرێت . پرنسیپی شیکردنه‌وه‌ی دیاریکراو بۆ بارودۆخی دیاریکراو له ره‌خنه‌یه‌کی دیکه‌دا کاک عارف ده‌ڵێت : " فوئاد قه‌ره‌داخی حه‌زی به دامه‌زراندنی به‌دیلێک کردووه وه‌کو کۆمه‌ڵه به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی له باڵی ( م . س ) بپچڕێنێ ... له‌گه‌ڵ رێزمدا چۆنچۆنی فوئاد قه‌ره‌داخی که خۆی به چه‌پ و مارکسی ده‌زانێ ، خۆی له دوو حزبدا ، یه‌کێکیان بۆرژوازی و ئه‌وی تریان مارکسی کۆده‌کاته‌وه . " [به‌شی دووه‌م ] سه‌رده‌مێک من و کاک عارف که خۆمان به مارکسی ده‌زانی بڕوامان به‌وه هه‌بوو که سیاسه‌ت هونه‌ری مومکیناته‌و ، پرنسیپێکی لێنینی بۆ کاری سیاسی هه‌بوو ده‌قه‌که‌یمان له‌به‌ربوو که ده‌ڵێت : " شیکردنه‌وه‌ی دیاریکراو بۆ بارودۆخی دیاریکراو " . دیاره کارکردن بۆ پێکهێنانی رێکخراوێک یان حزبێکی نوێ بۆ که‌سێک که په‌یوه‌ندی رێکخراوه‌یی نه‌بێت ئاسانتره‌و زۆر جیاواز ده‌بێت له‌گه‌ڵ کارکردنی که‌سێک که به‌رپرسیارێتی له حزبێکدا هه‌بێت ، به‌ڵام باوه‌ڕی پێنه‌مابێت و هه‌وڵبدات به‌شێوه‌یه‌ک لێی داببڕی که زیان به هاوبیرو هاوڕێکانی له‌و حزبه‌دا نه‌گه‌یه‌نێت ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره ئه‌وپه‌ڕی نهێنی بخوازێت . ئه‌مه ئه‌و واقیعه‌یه که به‌ره‌وڕووی هه‌موو ئه‌ندامه چه‌پ و ماوییه‌کانی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی بووبووه‌وه و ناچار بوون بۆ ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵیدا بڕۆن . خۆ ئه‌گه‌ر کاک عارف میتافیزیکیانه بۆ مه‌سه‌له‌که‌ی نه‌ڕوانیایه‌و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی له جووڵاندندا ببینیایه ئه‌و گله‌ییه‌ی نه‌ده‌کرد چونکه سه‌ره‌نجام هه‌موو هاوڕێیانمان له کۆمه‌ڵه‌دا ، به کاک عارف خۆشیه‌وه ، له پارتی پچڕان و به خه‌باتی کۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ستبوون ؛ دو‌اتریش ئه‌و هه‌ڵوێسته کاتییه به‌په‌سه‌ند زانرا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ کوردستان و کارکردن له ریزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ، ئه‌گه‌رچی به‌ش به حاڵی خۆم ئه‌و کاره دووسه‌ره‌ییه ئازاری ویژدانی ده‌دام و وه‌ک بڕیارێکی رێکخستن و به‌مه‌به‌ستی ئاوه‌ڵابوونی ئاووهه‌وای کار له‌به‌رده‌می هاوڕێیانماندا قبووڵمکردو پاشان هه‌ر ئه‌و مانگه‌ی ئیلتیزامم به کۆمه‌ڵه‌وه نه‌ما له پارتیش وازمهێنا . کاک عارف له‌وه‌ش ئاگاداره که ئه‌م شێوازه دووسه‌ره‌ییه پێشینه‌ی له چین و له کوردستانیشدا هه‌بوو . له‌ساڵه‌کانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی حزبی کۆمۆنیستی چین له بیسته‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا به‌پێی رێنماییه‌کانی ستالین و کۆمێنترن حزبی کۆمۆنیستی چین چووه نێو حزبی کۆمینتانگه‌وه بۆیه ده‌توانین پرسیاره‌که‌ی کاک عارف له ستالین و کۆمێنترن و ماوتسیتۆنگ و سه‌رکرده‌کانی ئه‌و کاته‌ی حزبی کۆمۆنیستی چین بکه‌ین و بلێێن : ئایا ده‌شێت حزبێکی شیوعی بچێته نێو حزبێکی بۆرژوازییه‌وه ؟ دیاره هه‌رگیز نابێت به‌ڵام بارودۆخی دیاریکراو‌و تایبه‌ت له سیاسه‌تدا به‌پێی سه‌رده‌م و کات و شوێنی خۆی حوکمێکی دیکه ده‌دات . له کوردستانیشدا ساڵی 1965 و تا دوای ماوه‌یه‌کی زۆریش له هه‌ڵاتنی چه‌ند ئه‌ندامێکی پارتی ( م . س ) له ( دۆڵه‌ڕه‌قه ) وه بۆ به‌غدا ، له زۆر ناوچه‌ی کوردستاندا که له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتی ( باڵی بارزانی ) دا بوو ، لیژنه‌کانی ناوچه‌و رێکخستنه‌کانی پارتی دووسه‌ره بوون ، واته بۆ هه‌ردوو باڵی پارتی کاریان ده‌کرد . ( ئایا ده‌بێت و ده‌شێت یه‌ک لیژنه له هه‌مان کاتدا یه‌ک کاری رێکخستن و سیاسی بۆ دوو حزبی نه‌یار به‌یه‌کتری بکات ؟! ) وه‌ڵامی لۆژیکی ئه‌وه‌یه که نه‌خێر ناشێت و ئه‌مه ناشیرین‌ترین شێوه‌ی کاری سیاسی و حیزبییه ، به‌ڵام له ململانێی حزبیی ئه‌و کاته‌دا کراوه . هه‌ڵبه‌ت به هێنانه‌وه‌و بیرخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو نموونه‌یه مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه پاساو‌بهێنمه‌وه ، چونکه هه‌میشه ئه‌وه به کارێکی ناڕه‌واو نامه‌بده‌ئی ده‌زانم ؛ بۆ ئاگاداری کاک عارف و ئه‌و به‌ڕیزانه‌ش که وتاره‌که‌ی ئه‌ویان خوێندۆته‌وه ، ساڵی 1966 به مامۆستایی چووم بۆ قه‌ڵادزێ . ئه‌ندامێکی ئه‌و کاته‌ی لقی سلێمانی پارتی ( م . س ) داوایلێکردم له‌وێ په‌یوه‌ندیم به لیژنه‌ی ناوچه‌ی قه‌ڵادزێوه هه‌بێت ، که زانیم لیژنه‌یه‌کی دووسه‌ره‌یه داواکه‌یمره‌تکرده‌وه‌و ، دوایی له قه‌ڵادزێ لیژنه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی نهێنیم پێکهێنا بۆ کاری حزبی و کاری یه‌کێتیی مامۆستایانیش . ئه‌وه‌ی له‌بیرم مابێ شه‌هید جه‌زا عه‌بدولقادر ره‌شید و مامۆستا محه‌مه‌د سابیر ناسراو به حه‌مه‌ی عه‌تێ و مامۆستا ره‌سول ده‌روێش ئه‌ندامی لیژنه‌که بوون ، دواتر که هێزه‌کانی حزب به فه‌رمانده‌یی ره‌ئیس حه‌مه ئه‌مین مه‌لا فه‌ره‌ج گه‌یشتنه قه‌ڵادزێ و ، لیژنه‌ی ناوچه که ئه‌و کاته میرزا باپیری میرزا سه‌عید لێپرسراوی بوو ، خۆیان ئاشکراکرد ، پێیانه‌وه په‌یوه‌ستبووین . کاک عارف دواتر دێت لایه‌نه ئیجابییه‌کانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی باڵی مه‌کته‌بی سیاسی ریزده‌کات و ده‌ڵێت : " من به‌ش به حاڵی خۆم هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی ناوبراوم به چاکده‌زانی ... " [ به‌شی دووه‌م ] من نازانم کاتی تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو باڵی پارتی ئه‌و ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه بووه یان نه ؟ به‌ڵام ئه‌وه هه‌ڵوێستی ره‌سمی کۆمه‌ڵه بوو که کار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پارتی شۆڕشگێڕی کوردستان ( پارتی - م . س ) بکه‌ین . ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تیدا جه‌ختمان له‌سه‌رکرده‌وه ، ته‌بلیغاتمان بۆ کرد‌و چه‌ند ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه که له کۆنگره‌دا بوون و به‌نده یه‌کێکیان بوو ، قسه‌یان له‌سه‌رکردو ده‌ستیان بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی به‌رزکرده‌وه . ئیتر نازانم کاک عارف له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک ئه‌مه‌ی هه‌ڵهێنجاوه که رووی ده‌میم تێده‌کات و ده‌ڵێت : " ئایا ئه‌مه پابه‌ندبوون ناگه‌یه‌نێت به پارتی شۆڕشگێڕی کوردستانه‌وه؟!! " [ به‌شی دووه‌م ] کاک عارف ئه‌م پرسیاره‌ی له په‌ره‌گرافێکی دواتردا نووسیوه ، ره‌نگه له چاپکردندا تێکه‌ڵ بووبێت له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌یه‌کی دیکه‌یدا که‌لێیگرتووم و له‌گه‌ڵ مه‌نتیقی په‌ره‌گرافه‌که‌دا ده‌گونجێ ، به‌ڵام ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌نتیقی په‌ره‌گرافی پێشوودا گونجاوه .[به‌شی دووه‌م ] رێکخستنی نوێ و پێویستیی ره‌خنه‌گرتن له رابردوو کاک عارف له ره‌خنه‌یه‌کی دیکه‌دا که له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م بۆ کرد ده‌ڵێت : " جگه له‌وه کاتی خۆی له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆمه‌ڵه‌دا یه‌کێک له ره‌خنه‌کانی لای من ئه‌وه‌بوو که گوایا مام جه‌لال ئاماده نییه ره‌خنه له رابردووی خۆی بگرێت ! ئایا ئه‌مه‌ی فوئاد ده‌یڵێت لێدان نییه له ته‌لی عاتیفه ؟ " [ به‌شی دووه‌م ] له‌ڕاستیدا نازانم ئه‌و ره‌خنه‌یه‌م لای کاک عارف گرتووه یان نه ؟ که‌ی گرتوومه‌و ساڵی چه‌ند ؟ به‌ڵام دڵنیام ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی وه‌ها هاتبێته پێشه‌وه دوای ده‌ستکێشانه‌وه‌م له‌کۆمه‌ڵه بووه ، چونکه ئه‌وه نه‌گونجاوه له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یوه‌ندییه باشه‌ی له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه‌دا له‌گه‌ڵ مام جه‌لال هه‌مبوو ، له‌سه‌رێکی دیکه‌وه ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی پرنسیپێکی رێکخستنه که ره‌خنه له نێو رێکخستندا ده‌گیرێت و له ده‌ره‌وه‌ی رێکخستندا باس ناکرێت ، ئه‌وه پرنسیپێکه هه‌موو ئه‌وانه‌ی کاریان له‌گه‌ڵ کردووم چ له کۆمه‌ڵه‌دا و چ له پارتیدا ده‌زانن چۆن مه‌بده‌ئیانه پابه‌ندی بووم ، پاشان من له سه‌ره‌تای پێکهێنانی کۆمه‌ڵه‌دا تا دوای ده‌رچوونم و له‌و چه‌ند جاره‌ی چاوم به کاک عارف که‌وتووه هیچ باسێکی کۆمه‌ڵه له نێوانماندا نه‌بووه چونکه کاک عارف ئه‌و کاته هێشتا " به‌دیل " ێکی نوێی پێنه‌بوو . دواییش که ململانێی " عێراقی " و " کوردستانی " هاته کایه‌وه ره‌خنه‌گرتنمان له یه‌کتری زۆر ئاسایی بوو . ئه‌و سه‌رده‌مه هه‌موومان یه‌کتری و خه‌ڵکیمان زۆر ده‌بینی . مشتومڕی سیاسی چ به توندی یان به میانڕه‌وی له نێوانماندا روویده‌دا ، ده‌شێت قسه‌ی رێک و هێمن و ژیرانه‌مان له‌گه‌ڵ یه‌کتر کردبێت و ده‌شێت قسه‌ی ره‌ق و نه‌کڵۆک و به‌رزو نزم و هه‌ڵه‌شمان کردبێت ، ره‌نگه پاشمله‌ش له‌یه‌کتریمان خوێندبێ و په‌ندی کوردی له مێژه ده‌ڵێت کورد له پاشمله سه‌ری شا ده‌بڕێت ! به‌ڵام بیروڕاو ناکۆکی و بۆچوون و تێکڕای قسه ئیجابی و سه‌لبییه‌کانمان له‌سه‌ر یه‌کتری نه‌ده‌کرد به ماڵ وه‌ک ئه‌وه‌ی کاک عارف دوای نزیکه‌ی چل ساڵ له‌بیری ماوه‌و به‌ڕوومیدا ده‌داته‌وه . ئه‌و سه‌رده‌مه‌و تائێستاش له‌نێوان خه‌ڵکی به پرنسیپدا ، پرنسیپێکی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بووه‌و هه‌یه که عه‌ره‌به‌کان پێی ده‌ڵێن : " المجالس أمانات " . ئه‌گه‌ر تێکۆشه‌رانی سیاسی به‌م شێوه‌یه قسه‌ی یه‌کتری هه‌ڵبگرن و ئه‌مه بکه‌نه شێوازی کارکردن و په‌یوه‌ندییان ، ئه‌وا هه‌ر یه‌که ده‌توانێت له توێی یاده‌کانیدا سه‌دان قسه له‌وانه تۆمار بکات که به درێژایی ژیانیان خاڵی گرژی و ناکۆکی بن و نه‌توانن له هیچ پڕۆژه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا له‌گه‌ڵ هاوڕێ کۆن و نوێیه‌کانیاندا یه‌کبگرن . به‌هه‌ر حاڵ من گریمان ( فرضية ) ی ئه‌وه داده‌نێم که ئه‌و ره‌خنه‌یه‌م گرتووه ، ره‌خنه‌ش هێڵی سووری بۆ نییه‌و له هه‌موو که‌س ده‌گیرێت . سه‌باره‌ت به ره‌خنه‌له‌خۆگرتن ، لای ئێمه‌ی ئه‌ندامانی سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵه ، بایه‌خێکی گرنگی هه‌بوو ، بۆیه چه‌ند جار دانیشتنی ره‌خنه‌و ره‌خنه‌له‌خۆگرتن له‌نێوان هه‌ندێ له هاوڕێیاندا ده‌کرا تیادا هه‌ر یه‌که ره‌خنه‌ی له هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاره بۆرژوازییه‌کانی خۆی ده‌گرت یان هاوڕێکه‌ی ره‌خنه‌ی لێده‌گرت . من بۆخۆم چه‌ند جار وه‌ک شێوازێک بۆ خۆپاککردنه‌وه له ئه‌خلاقی بۆرژوازییانه ، ره‌خنه‌کانم له‌سه‌ر خۆم ده‌نووسییه‌وه‌و ناو به ناو پێداده‌چوومه‌وه‌و له‌گه‌ڵ ره‌فتاری رۆژانه‌مدا به‌راوردم ده‌کرد . ئه‌م شێوازه له خۆبیناکردنه‌وه ، ئه‌گه‌رچی کارێکی زۆر رۆمانسییانه بوو به‌ڵام به‌ڵگه‌ی گیانێکی نوێی کاری سیاسی بوو . ئێمه به گیانێکی شۆڕشگێڕانه‌و به هیوایه‌کی گه‌شه‌وه ده‌مانویست گه‌شه‌بکه‌ین و که‌موکووڕییه‌کانمان نه‌هێڵین ، به‌ڵام به‌ره‌وڕووی واقیع بووینه‌وه‌و ، پێداگرتنمان له‌سه‌ر ره‌خنه‌گرتن گه‌یشته راده‌ی ره‌خنه‌گرتن له کاری زۆرشه‌خسی که ساردی و زویربوونی تێده‌که‌وت و ده‌رکه‌وت زێده‌ڕۆییمان تێدا کردووه‌و ئه‌وه‌مان ره‌چاونه‌کردووه که هێشتا زووه بۆ په‌یڕه‌ویکردنی ئه‌م شیوازه‌و هێشتا ئه‌وه‌نده نییه پێمان له شوێنی راوه‌ستانی حزبێکی بۆرژوازی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ترازاوه . کاتێک حزبێک یان رێکخراوێکی نوێ داده‌مه‌زرێ ، به‌رنامه‌ی نوێ و ئامانجی نوێ ده‌خاته ئه‌ستۆی خۆی و ، ده‌بێت ئه‌ندامه‌کانی بۆ خه‌باتکردن له‌پێناوی به‌دیهێنانی به‌رنامه‌و ئامانجه نوێیه‌کاندا په‌روه‌رده بکات . مه‌سه‌له‌ی په‌روه‌رده‌کردنێکی نوێی ئه‌ندامان گرنگییه‌کی زۆری هه‌یه . ئه‌م گرنگییه بۆ ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌و کاته چه‌ند جاره گرنگ بوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی کۆمه‌ڵه خۆی به رێکخراوێکی کۆمۆنیستی پێناسه‌کردبوو ، به‌ڵام ئه‌ندامه‌کانی له حزبێکی بۆرژوازی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هاتبوون که له‌سه‌رێکه‌وه هه‌موو داب و نه‌رێت و خوو و ره‌فتاره‌کانی بۆرژوازییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا هێنابوو ، له‌سه‌رێکی تره‌وه ئه‌و حزبه‌ی لێوه‌یهاتبوون رابردووی شه‌ڕێکی ناوخۆی شه‌ش ساڵه‌ی هه‌بوو ، تانه‌ی هاوکاریی ده‌سه‌ڵاتێکی شۆڤێنیستی و فاشستیی به‌عسیشی به‌دواوه‌بوو ، بۆیه له‌م باری سه‌رنجه‌وه ره‌خنه‌له‌خۆگرتن بۆ هه‌موومان ، له‌سه‌ره‌وه تا خواره‌وه زه‌رووره‌ت بوو ؛ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاته هه‌ڵمه‌تێکی له‌و جۆره بکرایه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه‌ی مارکسییانه له‌سه‌ر ئه‌و رابردووه بنووسرایه‌و جله چڵکنه‌کانی رابردوومان له‌به‌رده‌می خۆمان و جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان و مێژوودا هه‌ڵبخستایه ، ململانێکان خاوده‌بوونه‌وه ، یان لانی که‌م به ئاڕاسته‌یه‌کدا ده‌ڕۆیشتن که یه‌کگرتوویی رێکخستن بهێڵنه‌وه‌و ، جیاوازی لێکدانه‌وه‌ی سیاسی و رێکخراوه‌ییش راست و چه‌پی به‌سه‌ردا نه‌ده‌هات و نه‌ده‌کرایه ده‌ره‌وه‌و ، ئێستا " ره‌نگه " ئه‌زموونی وه‌رچه‌رخانی حزبێکی بۆرژوازیی نه‌ته‌وه‌یی به حزبێکی مارکسی لێنینی له‌به‌رده‌ستماندا بووایه !! 6:45 - Tuesday, July 8, 2008 - بۆ چوون
|
پێناسه
پێنووسەکەم: فەیلەسووفەکان تەنها جیهانیان بە شێوەی جۆراوجۆر شیکردەوە ، بەڵام گرنگ گۆڕینێتی. ده‌سپێک زانیاری ئه‌لبۆمی وێنه‌کان ئه‌رشیڤ بیکه ماڵپه‌ڕ من بیخه لیستی دڵخوازه‌کان هەژێن الحوار المتمدن لۆگۆی وێبڵاگ به‌ڕێوه به‌ران گه‌ڕان ڕۆژ ژمێر
دوا بابه‌ته‌کانی وێبڵاگ - دەربارەی هەڵوێستی ئایدیالیستی و ریالیستی لە کاری کارگێڕیدا - دەربارەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان - دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 3 - 3 - دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 2 - 3 - دیسان دەربارەی نووسینەوەی مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵە 1 - 3 ئیتر سه‌ردانه‌کان : Powered By kurdblogger |
||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||||