دیمانەیەک دەربارەی ریفۆرمی پەروەردەیی
Saturday, January 31, 2009
رۆژنامه :چ کاتێک پێویست ده‌کات په‌روه‌رده ریفۆرمی تێدابکرێت ؟
قه‌ره‌داغی : کاتێک تووشی ئاسته‌نگێکی په‌روه‌رده‌یی ده‌بیت ، پێویسته به‌دوای چاره‌سه‌ردا بگه‌ڕێیت ، چاره‌سه‌ریش دوو جۆره : جۆرێکیان چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییه که له ره‌گوڕیشه‌وه سیستمه‌که به سیستمێکی نوێ ده‌گۆڕێت ، ئه‌ویدیشیان ریفۆرمه که زیاتر پێداچوونه‌وه‌و چاکسازییه له چوارچێوه‌ی هه‌مان سیستمه کۆنه‌که‌دا . له ریفۆرمدا ، هه‌ندێک ده‌ستکاری له سیستمه‌که‌دا ده‌کرێت ، هه‌ندێک جار ده‌ستکارییه‌کان رووکه‌ش ده‌بن یان ته‌نها پینه‌وپه‌ڕۆی چه‌ند لایه‌نێک له سیستمه‌که‌دا ده‌بێت که جیاوازییه‌کی به‌رچاوی له‌گه‌ڵ گۆڕانکاریی ریشه‌ییدا هه‌یه .
بێگومان بوونی ریفۆرم له نه‌بوونی باشتره ئه‌گه‌رچی چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تیی کێشه‌کان ناکات . ده‌شێت هه‌ندێک جار هه‌مان سیستم له بارێکه‌وه بۆ بارێکیدیکه بگوازێته‌وه ، ئه‌گه‌ر بتوانێت ناوه‌ڕۆکی ریفۆرمه‌که له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامانجانه‌دا بگونجێنێت که سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه ده‌یه‌وێت پێیانبگات .
رۆژنامه : ریفۆرم له چییه‌وه ده‌ستپێبکات ؟
قه‌ره‌داغی : پێکهاته‌ی سیستمی په‌روه‌رده خۆی له دوو توخمدا ده‌بینێته‌وه ، ئه‌وانیش : توخمه مادییه‌کان و توخمه به‌شه‌رییه‌کانن . پێویسته ریفۆرم له هه‌ردوو توخمه‌که‌دا بکرێت ، چونکه هه‌ردووکیان پێکه‌وه ژینگه‌ی په‌روه‌رده‌یی پێکده‌هێنن .
توخمه ماددییه‌کان بریتین له به‌رنامه‌کانی خوێندن ، هۆیه‌کانی فێرکردن ، رێگاکانی وانه‌گوتنه‌وه ، شێوازی تاقیکردنه‌وه‌کان ، ژووره‌کانی پۆل و تاقیگه‌و کتێبخانه‌و هۆڵ و گۆڕه‌پانی وه‌رزش و شانۆ‌و هۆڵی نیگارکێشان و ... هتد ، واته بینای قوتابخانه به سه‌رجه‌می به‌شه‌کانیه‌وه .
بینای قوتابخانه ، یه‌کێکه له توخمه سه‌ره‌کییه‌کانی سیستمی په‌روه‌رده که رۆڵی به‌رچاوی له راکێشانی ئاره‌زووی منداڵدا بۆ خوێندن و فێربوون هه‌یه ؛ ئه‌گه‌ر بینای قوتابخانه چاک ، گه‌وره‌و پاک و خاوێن و گونجاو نه‌بێت ، هه‌موو مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌کانی فێربوونی تێدا نه‌بێت ، ئه‌وا ، هه‌رچه‌نده بڕیاری ریفۆرم له‌چه‌ند به‌شێکی سیستمه‌که‌دا بدرێت ، هیچ سوودێکی نابێت و سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستناهێنێت ، تۆ واقیعیانه بڕوانه : چۆن ده‌توانی له بینای ئه‌م قوتابخانانه‌دا وانه‌ی کۆمپیوته‌ر به منداڵان بڵێیته‌وه‌و وه‌ک وانه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ بیخه‌یته نێو به‌رنامه‌کانی خوێندنه‌وه ، یان چۆن له پۆله‌کانی ئێستای قوتابخانه‌کاندا رێگای وانه‌گوتنه‌وه به گروپ جێبه‌جێده‌که‌یت ؟! که ئێستا ده‌ویسترێت به‌سه‌ر قوتابخانه‌کاندا بسه‌پێنرێت . پۆله‌کانی ئێستا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌کانی خوێندنی ئێستادا که پێیده‌گوترێت (( به‌رنامه‌ی مادده جیاجیاکان )) گونجاوه که تێیدا قوتابییه‌کان له پۆلدا به‌ڕیز پشتیان له‌یه‌کتره‌و مامۆستا وه‌ک سه‌رکرده‌ی پۆل له‌به‌ر ده‌میاندا به پێوه راوه‌ستاوه . سیستمی گروپ که وه‌ک ئه‌لته‌رناتیڤێکی وانه‌گوتنه‌وه (ریفۆرم ) داوای ده‌کات ، ده‌بێت کۆمه‌ڵێک پێداویستی بۆ ئاماده بکرێت له‌وانه : بوونی ژووری بچوک بچوک بۆ گروپه‌کان ، هه‌روه‌ها هێڵی ئینته‌رنێت و کتێبخانه و ...هتد، بۆ چالاکی گروپه‌کان و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له لایه‌ن قوتابییه‌کانه‌وه .
هاوکات له‌گه‌ڵ توخمه ماددییه‌کاندا ، پێویسته توخمه به‌شه‌رییه‌کانیش ، به تایبه‌تی کادیره په‌روه‌رده‌ییه‌کان له ئاستی ئه‌و ریفۆرمه‌دا بن که ده‌ویسترێت له چه‌ند به‌شی سیستمی مه‌وجوددا بکرێت . ده‌بێت کادیری په‌روه‌رده‌یی له ئاستی ئه‌و ئه‌رکانه‌دا بن که ریفۆرمیسته‌کان دیارییانکردووه .
یه‌کێک له توخمه به‌شه‌رییه گرنگه‌کان که بۆ خۆی ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیی سیستمی په‌روه‌رده‌یه ، قوتابییه . سیستمی په‌روه‌رده یان هه‌ر گۆڕانکاریی و ریفۆرمێک مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م که‌رته به‌شه‌رییه‌ی کۆمه‌ڵ ده‌کات ، واته مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ مرۆڤێکدا ده‌کات که منداڵ و هه‌رزه‌کارن ، ئه‌و مرۆڤانه‌ی کۆمه‌ڵن که ده‌بێت له رووی ئه‌خلاقی و کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی و ئه‌قڵی و ویژدانییه‌وه په‌روه‌رده بکرێن و گه‌شه‌بکه‌ن ؛ هه‌ڵبه‌ت ده‌بێت ئه‌و سیستمه جیاوازبێت له‌وه‌ی کۆمه‌ڵگابه ئاسایی و خودبه‌خودی ، منداڵان و هه‌رزه‌کارانی له‌سه‌ر په‌روه‌رده ده‌کات.
یه‌کێکیتر له توخمه به‌شه‌رییه‌کان مامۆستایه که سه‌ره‌کیترین توخمی جێبه‌جێکاره له سیستمه‌که‌دا ، بۆیه پێویسته له‌گه‌ڵ ریفۆرمه‌که‌دا گۆڕانکاریی به‌سه‌ر ئه‌ویشدا بێت . هه‌ر ریفۆرمێک یان گۆڕانکارییه‌ک مامۆستایان بڕوایان پێی نه‌بێت ، به‌سه‌ریاندا بسه‌پێنرێت و له هه‌موو روویه‌که‌وه بۆی ئاماده نه‌کرابن ، سه‌رکه‌وتوو نابێت ؛ له‌وانه‌یه بۆ ماوه‌یه‌ک به رواڵه‌ت سه‌رگه‌رمی جێبه‌جێکردنی ببن به‌ڵام دوائه‌نجام به شکست کۆتایی دێت .
جگه له مامۆستا ، ئیداره‌ی قوتابخانه‌و سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی و کارمه‌نده پسپۆڕییه‌کانی نێو ده‌زگای په‌روه‌رده ، هه‌موویان ، له توخمه به‌شه‌رییه‌کانی ده‌زگاو سیستمی په‌روه‌رده‌ن که پێویسته له زۆر رووه‌وه گۆڕانکارییان به‌سه‌ردا بێت و هه‌وڵی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنیان بدرێت .
رۆژنامه : چه‌ندین جار له که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندنه‌وه‌گوێبیستی ئه‌وه بووین که ئه‌و سیستمه‌ی له کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی 2008 – 2009 په‌یڕه‌وده‌کرێت نموونه‌یه‌که له سیستمی په‌روه‌رده‌ی سوید ، ده‌کرێت سیستمی په‌روه‌رده‌ی وڵاتێکی ئه‌وروپی له کوردستان سه‌رکه‌وتووبێت ؟
قه‌ره‌داغی : پێموایه خواستنی کتومتی سیستمێکی په‌روه‌رده له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی‌تر کارێکی دروست نییه . ئه‌گه‌ر بویسترێت سیستمی په‌روه‌رده‌و فێرکردن گۆڕانکاریی به‌سه‌ردابێت ، ده‌بێت هه‌لومه‌رجی وڵاته‌که‌ی خۆت له‌کایه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌وه شیبکه‌یته‌وه‌و به‌پێی ئاستی راسته‌قینه‌و واقیعه‌که‌ی ستراتیژ‌و شێوازی گۆڕانکاریی یان ریفۆرم ده‌ستنیشان بکه‌یت و له‌به‌ر تیشکی ئه‌وه‌دا ده‌ستکاری ریفۆرمیستانه یان گۆڕانکاریی ریشه‌یی و سیستمێکی نوێ دابڕێژیت؛ نه‌ک ئه‌وه‌ی لاسایی سیستمی وڵاتێک بکه‌یته‌وه که چه‌ند قۆناخ له هه‌موو کایه‌کانی ژیاندا له پێشمانه‌وه‌بن و بۆ خۆیان سیستمێکی په‌روه‌رده‌یی توندوتۆڵیان داڕشتبێت . دیاره من ئه‌وه ره‌تناکه‌مه‌وه که ده‌بێت سوود له هه‌موو ئه‌زموونه جیاوازه‌کان وه‌ربگیرێت ، به‌تایبه‌تی ئه‌زموونی وڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی وه‌ک سوید یان وڵاته‌کانی ئه‌وروپاو ئه‌مریکا یان ئه‌زموونی په‌رورده‌و فێرکردن له وڵاته سۆسیالیسته‌کانی جاراندا ؛ نه‌خێر .. ده‌کرێت سوودیان لێوه‌ربگیرێت به‌ڵام به مه‌رجێک سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانی ژیان له وڵاته‌که‌ی خۆتدا شیبکه‌یته‌وه‌و پێداویستییه‌کانی گۆڕان و گه‌شه‌کردنی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆت بناسیت و سیستم و به‌رنامه چاکسازییه‌کانی له‌گه‌ڵدا بگونجێنیت ، چونکه ئه‌گه‌ر به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی واقیعه‌که کار بۆ جێبه‌جێکردنی سیستمێکی نامۆ بکه‌یت ، خراپ به‌سه‌ر سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌که‌تدا ده‌شکێته‌وه‌و له بازنه‌ی لاساییکرنه‌وه‌و ، له باشترین حاڵه‌تدا ، له چواچێوه‌ی نیازپاکییه‌کی بێ بنه‌ما ده‌رناچێت و منداڵی خه‌ڵکی باجه‌که‌ی ده‌دات . دیاره ده‌توانیت له راگه‌یاندنه‌کاندا به‌شان و باڵی ریفۆرمدا هه‌ڵبده‌یت و سه‌رکه‌وتنی وه‌همی بۆ خۆت تۆمار بکه‌یت – که له بواری په‌روه‌رده‌وفێرکردندا دوای چه‌ندین ساڵ ده‌توانیت به دڵنیاییه‌وه ئه‌وه بکه‌یت و خه‌ڵک لێتوه‌ربگرێت – به‌ڵام هه‌میشه واقیع به راستگۆیی وه‌ڵامه‌کان ده‌داته‌وه .
رۆژنامه : که‌می بینای قوتابخانه یه‌کێکه له ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م گۆڕان له سیستمی قوتابخانه‌دا ، ئایاسیستمی ئه‌وروپا له قوتابخانه‌یه‌کی سێ ده‌وامیدا سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت ؟
قه‌ره‌داغی : بێگومان نه‌خێر . لێره منداڵ سێ بۆ چوار سه‌عات له قوتابخانه‌یه چونکه قوتابخانه‌کان دوو یان سێ ده‌وامیان تێدایه ، ئه‌وه‌ش رێگه بۆ منداڵ خۆشده‌کات کاتێکی زۆر له ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه بێت ، واته کاتی خۆی له ماڵه‌وه یان له له کۆڵان و بازار و شوێنه جیاجیاکانیتر به‌سه‌ربه‌رێت . ئێمه ( مه‌به‌ستم ئه‌و نه‌وه‌یه‌یه که له ته‌مه‌نی مندان ) له په‌نجاکانی سه‌ده‌ی رابردوودا له‌قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی بووین ، به‌یانیان له سه‌عات هه‌شته‌وه ده‌چووین بۆ قوتابخانه ، دوای خوێندنی چوار وانه ده‌چووینه‌وه بۆ ماڵه‌وه‌و سه‌عات دوو بۆ چواری دوای نیوه‌ڕۆ ده‌واممان ده‌کرده‌وه ، واته زۆربه‌ی کاتی رۆژه‌که‌مان له قوتابخانه به‌سه‌رده‌برد ، به‌ڵام منداڵی ئێستا که‌مترین کات له قوتابخانه‌یه ، ئه‌مه‌ش واده‌کات له چوونه کۆڵان و تێکه‌ڵاوی له ده‌ره‌وه‌ی پۆل و قوتابخانه‌دا فێری چه‌نده‌ها خووی نابه‌جێ و شتی ناشیرین ببێت ، بۆیه ده‌وامی نیوه‌ناچڵ له قوتابخانه‌دا هه‌رگیز له‌گه‌ڵ سیستمێکی نوێ و په‌روه‌رده‌و فێرکردنێکی مۆدێرندا یه‌کناگرێته‌وه .
رۆژنامه : بنه‌ماکانی دامه‌زراندنی کادیری په‌روه‌رده‌یی ده‌بێت چی بێت ؟
قه‌ره‌داغی : له‌م باره‌یه‌وه ئه‌زموونێکی زۆرهه‌یه له وڵاتاندا په‌یڕه‌وده‌کرێت و ده‌شێت سوودیان لێوه‌رگیرێت و ئه‌وه‌ی گونجاوه کاری پێبکرێت ، دیاره زۆربه‌شیان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی زانستی دانراون و بۆ دامه‌زراندن و پێگه‌یاندنی کادیری په‌روه‌رده‌یی به‌کارده‌هێنرێن ؛ به‌ڵام له کوردستاندا هێشتا ئه‌و بنه‌مایانه‌ی به‌عس له‌به‌رچاوی گرتبوون له ئارادایه‌و پێوه‌ری ئینتیما بۆ حزبی ده‌سه‌ڵاتدار په‌یڕه‌وده‌کرێت که له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی هیچ یه‌کێک له وڵاتانی جیهانی پێشکه‌وتووتر له وڵاتی ئێمه نایه‌ته‌وه ، به‌و وڵاتانه‌شه‌وه که بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان نموونه‌یین . له‌به‌ر ئه‌وه دانانی لێپرسراوانی حکومه‌تی و له‌وانه‌ش په‌روه‌رده له کوردستاندا له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتیمای حزبییه ، ئه‌مه شێواز‌و میراتێکی نێگه‌تیڤه بۆمان ماوه‌ته‌وه‌و له‌سه‌داسه‌د هه‌ڵه‌یه ، که ده‌بوایه دوای راپه‌ڕین کاڵبکرێته‌وه نه‌ک به‌م شێوه‌یه تۆخبکرێته‌وه .
کاری کادیری په‌روه‌رده‌یی ، کارێکی سایکۆلۆژی و مه‌عریفی و په‌روه‌رده‌ییه ، ئه‌نجامی ئه‌م کاره په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه له‌دوا نه‌وه‌ی منداله‌کانی میلله‌ته . ئه‌م کاره به خه‌ڵکی پسپۆر ده‌کرێت که به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌م کاره په‌روه‌رده‌ییه راهێنرابن ، بۆیه ده‌بێت لایه‌نه زانستی و په‌روه‌رده‌یی و سایکۆلۆژی و مه‌عریفییه‌که بۆ دانان و ئه‌رک پێسپاردنیان له‌به‌رچاوبگیرێت ، به‌م پێیه هه‌ر پێوه‌رێکیتر بۆ دانانی ئه‌م کادیره په‌روه‌رده‌ییانه هه‌بێت ، ده‌بێته مایه‌ی ئه‌وه‌ی رۆژ له‌دوای رۆژ سیستمه په‌روه‌رده‌ییه‌که به‌ره‌ودواوه به‌رێت و به قوربانی سیاسه‌ت و ئایدیۆلۆژیا‌و کێشه‌کانیانی بکات .
رۆژنامه : که‌واته چۆن بتوانین ده‌ستێوه‌ردانی حزب له په‌روه‌رده دووربخه‌ینه‌وه ؟
قه‌ره‌داغی : له‌ڕاستیدا ئه‌وه گرێکوێره‌یه‌که من پڕۆژیه‌ک‌ی چاره‌سه‌رکردنی ده‌موده‌ستم بۆی نییه . ئێستا‌و له هه‌لومه‌رجی ئیمڕۆدا رێگای چاره‌سه‌رکردن ته‌نها له‌لای که‌سه باڵاده‌سته‌کانی هه‌ردوو حزبی ده‌سه‌ڵاتداره ، که به کاردانه‌وه‌ی ئیجابییانه به‌رامبه‌ر کێشه په‌روه‌رده‌ییه‌کان و بوردن له به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حزبییانه ، ده‌توانن هه‌نگاو به‌ره‌و گۆڕینی بنێن ، هه‌رچه‌نده ئاماژه‌کانی رابردوو و ئێستا له‌وه دڵنیامان ناکات . ئه‌و کاره له ململانێ و پڕۆسه‌یه‌کی دژوار‌و کاتێکی درێژماوه‌دا ده‌کرێت . هه‌ڵبه‌ت جه‌ماوه‌ریش رۆڵی خۆی له‌وه‌دا هه‌یه‌و بارودۆخه په‌روه‌رده‌ییه‌که هه‌روه‌ها نامێنێته‌وه . جه‌ماوه‌رێکی هوشیار که بتوانێت کارتی هه‌ڵبژاردن به‌باشی به‌کاربهێنێت و بیکاته ئامرازێکی فشار بۆ هه‌ڵبژاردنی که‌سانێک که نوێنه‌ری راسته‌قینه‌یان بن ، رۆڵیان ده‌بێت ، نه‌ک هه‌ر له بواری گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده‌دا ، به‌ڵکو له بڕیاردانی چاره‌نووسی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان و نه‌وه‌کانی دواڕۆژدا که ئیمڕۆ له‌نێو هۆڵه‌کانی خوێندندان .
رۆژنامه : بوونی رێکخراوه خوێندکاری و قوتابیه‌کان له‌ناو خوێندنگه‌کاندا ، به‌تایبه‌تی قۆناغی بنه‌ڕه‌تی ، تا چه‌ند سوود به پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده ده‌گه‌یه‌نێت ، ده‌کرێت به‌دیلی هه‌بێت ؟
قه‌ره‌داغی : ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ی ده‌یکه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تی خوێندکاراندا بێت به گشتی ، بێ هیچ گومانێک سوود به پڕۆسه‌ی خوێندن ده‌گه‌یه‌نێت ؛ بۆ نموونه ده‌ستگیرۆیی خوێندکاره نه‌داره‌کان و دابینکردنی هه‌ندێک له پێداویستییه‌کانی رۆژانه‌ی خوێندن و سازکردنی ئاهه‌نگ و سه‌یران و گه‌شتی زانستی بۆ خوێندکاران ، دیاره له به‌رژه‌وه‌ندییاندا ده‌بێت به مه‌رجێک مه‌رجه حزبییه‌کان بارمته‌یان نه‌بن ، که ئه‌مه مه‌رجێکه تا ئێستا گرانبووه‌و ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌مه‌وپێش هه‌یه پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌گه‌یه‌نێت ، چونکه ئه‌و رێکخراوانه ئه‌وه‌نده‌ی به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌کانیان مه‌به‌ستبووه ، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵیان بۆ راکێشانی قوتابیان و خوێندکاران بۆ حزبه‌کانیان داوه ، ئه‌وه‌نده به ته‌نگ خودی قوتابیان و خوێندکاران و ئاستی په‌روه‌رده‌وفێکردنه‌وه نه‌بوون . له‌به‌رئه‌وه ده‌کرێت ، به‌سوودوه‌رگرتن له ئه‌زموونی وڵاتانیدیکه ، به‌دیلێکیتر بۆ رێکخستنی خوێندکاران له قوتابخانه‌و خوێندنگاکان‌دا دابنرێت ، رێکخراوی بێلایه‌ن و بێ ئینتیمای حزبی له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنی ئازاده‌وه له مه‌ڵبه‌نده‌کانی خوێندندا هه‌بن ، هه‌موو پۆلێک نوێنه‌ری خۆی هه‌بێت و نوێنه‌ری خوێندکارانی هه‌ر مه‌ڵبه‌ندێکی خوێندن ئه‌ندامی کارای له به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ڵبه‌نده‌که‌دا هه‌بێت ، به‌مه‌ش ده‌توانێ رۆڵێکی ئه‌کتیڤ ببینێت و زۆر ئه‌رک له ئه‌ستۆی ئیداره‌ی خوێندنگا بکاته‌وه . رێکخراوه‌کانی ئێستا ، هه‌ریه‌که‌یان دروستکراوی حزبێکن بۆیه کاری رێکخراوه‌یی و جه‌ماوه‌رییان به فراوانی پێناکرێت و ناتوانن وه‌ک رێکخراوێکی چالاکی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌ڵسووڕێن ، یان کاریگه‌رێتییان له‌سه‌ر گۆڕانکاریی په‌روه‌رده‌یی هه‌بێت .
رۆژنامه : دانانی ژیاننامه‌ی سه‌رکرده‌کان له پڕۆگرامه‌کانی خوێندندا تا چه‌ند رۆڵ و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی منداڵ به‌جێده‌هێڵێت ؟
قه‌ره‌داغی : په‌روه‌رده‌ی مۆدێرن دژی هه‌موو شێوه شتنه‌وه‌یه‌کی مێشکی منداڵه . کارتێکردنی حزبییانه له منداڵان کارێکی هه‌ڵه‌یه . ئاڕاسته‌ی ئایدیۆلۆژیستانه‌ی منداڵ له‌گه‌ڵ چه‌مکه‌کانی ئازادی و دیموکراسیدا ناگونجێت . پیرۆزاندن له‌هه‌ر ئاستێک‌دا به‌رنامه‌ڕێژیی بۆ بکرێت کارێکی نه‌شیاوه‌و په‌روه‌رده‌ی نوێ ره‌تیده‌کاته‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ره‌خنه‌گرتن و بیرکرنه‌وه‌ی زانستیانه و پاراستنی که‌سایه‌تیی سه‌ربه‌خۆی مندال ، ئه‌و کۆڵه‌کانه‌ن که په‌روه‌رده‌وفێرکردنی مۆدێرنی له‌سه‌ر راوه‌ستاوه . سه‌پاندنی بیروباوه‌ڕی ئه‌م حزب یان ئه‌و حزب ، پیرۆزاندنی ئه‌م به‌رنامه یان ئه‌و به‌رنامه ، جه‌ختکردن له‌سه‌ر سه‌رکرده کاریزمییه‌کان له به‌رنامه‌کانی خوێندندا پێچه‌وانه‌ی ئه‌رکی ئیمڕۆی په‌روه‌رده‌و فێرکردن و بنیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی دروست و نه‌وه‌یه‌کی هوشیاره که ئه‌ملاو‌ئه‌ولای به هێڵی سوور بته‌نرێت .
منداڵ ، به‌تایبه‌تی له قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا له‌گه‌شه‌کردنی به‌رده‌وامدایه له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت فێری ئه‌وه بکرێت خۆی بڕیاری چاره‌نووسی فیکری و ویژدانیی خۆی بدات ، واته‌نابێت هیچ شتێک به‌سه‌ریدا بپیرۆزێنرێت . ده‌بێت منداڵ رێگاکانی بیرکردنه‌وه‌ی زانستی و مه‌عریفه‌ی گشتی فێربکرێت تا بتوانێت له گه‌وره‌بوونیدا خۆی ئازادانه هێڵی سوور بۆ ره‌فتارو ره‌وشتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خۆی ده‌ستنیشان بکات . ده‌بێت ئه‌م ئاڕاسته‌یه به‌شێکی گرنگی هه‌ر به‌رنامه‌ڕێژییه‌ک بێت بۆ گۆڕانکاری و ته‌نانه‌ت بۆ ریفۆرمیش .
رۆژنامه : بێجگه له هه‌موو ئه‌وانه که‌موکووڕییه‌کانی ئه‌م سیستمه‌ی بۆ په‌روه‌رده پیاده‌ده‌کرێت چییه ؟
قه‌ره‌داغی : وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره پێویستیی به توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌یه . من ناتوانم به‌بێ لێکۆڵینه‌وه یان توێژینه‌وه ، هه‌ر له خۆمه‌وه ، که‌موکووڕی ده‌ستنیشان بکه‌م ، ئه‌گه‌رچی ئه‌زموونی شه‌خسی رۆڵی له چاکتر ناسینی سیستمی په‌روه‌رده‌یی و کێشه‌کانیدا هه‌یه . ئه‌وه‌ی ده‌توانین به مه‌زه‌نده‌و به تێبینی واقیعه‌که هه‌ستی پێبکه‌ین ئه‌وه‌یه که به گشتی که‌موکووڕی له سیستمی ئیداره‌و سیستمی پێگه‌یاندنی مامۆستایان و راهێنانیشیاندا هه‌یه ، هه‌روه‌ها له به‌رنامه‌کانی خوێندن و رێگاکانی وانه‌گوتنه‌وه‌و به‌کارهێنانی هۆیه‌کانی فێرکردن . له هه‌مووشیان گرنگتر ئه‌و که‌موکووڕییه زۆره‌یه که له بینای قوتابخانه‌دا هه‌یه ، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێت ریفۆرم هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌و وه‌ک ئه‌وله‌وییه‌ت مشووری چاکردن و زیادکرنی بینای قوتابخانه بخوات و به مه‌رجێکی سه‌ره‌کی هه‌ر هه‌وڵێکی ریفۆرمیستانه‌ی بزانێت . خۆ ئه‌گه‌ر نیازی گۆڕانکاریی ریشه‌ییش هه‌بێت ، ئه‌وه سه‌ره‌تا ده‌بێت له بڕیاردان و دیاریکردنی فه‌لسه‌فه‌ی په‌روه‌رده‌ییه‌وه ده‌ستپێبکه‌ین .
فوئاد قه‌ره‌داغی
رۆژنامه‌ی ( رۆژنامه ) ژماره ( 392 )
دووشه‌ممه 23 ی کانوونی دووه‌می 2009