ئەدەب و سیاسەت . . . رەخنەی جەماهیری و رەخنەی پسپۆڕەکان
Saturday, September 19, 2009
روانگه‌ییه‌کان ، به بیانووی ئه‌وه‌ی ره‌خنه‌گره‌کان شاره‌زای ئه‌ده‌ب نین و ، مافی ئه‌وه‌یان نییه خۆیان له مه‌سه‌له‌کانی ئه‌ده‌ب هه‌ڵقورتێنن ، به‌رپه‌رچی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌ده‌نه‌وه . به‌لای ئه‌وانه‌وه ته‌نها ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌دیب و شاعیرن مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ره‌خنه‌بگرن .
روانگه‌ییه‌کان ، بڕوایان به ره‌خنه‌ی هیچ که‌سێک نییه . تا ئێستا که‌سێک نه‌بووه ره‌خنه‌ی له‌م رێبازه گرتبێ و ، ره‌خنه‌که‌ی له‌لای ئه‌م ئه‌دیبانه‌ی روانگه په‌سه‌ندبووبێت .
روانگه‌ییه‌کان ، رێبازی روانگه به " راستی " و رێبازی ئه‌ده‌بی نوێی کورد ده‌زانن ، که‌چی به‌رامبه‌ر ئه‌و نووسه‌رانه‌ی به ئوسلوبێکی نوێ ره‌خنه له رێبازه‌که ده‌گرن ، مه‌سه‌له‌ی ره‌خنه‌گرتنی شاره‌زایانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ، راستده‌که‌نه‌وه .
کاک شێرکۆ رایوایه : ئه‌و ره‌خنانه ، هه‌ڵێنجانی قسه‌ی هه‌ڕه‌مه‌کییه له سکی ره‌خنه‌گره‌کان خۆیانه‌وه‌و ، گله‌یی ئه‌وه‌ی له ره‌خنه‌گره‌کان هه‌یه که " ئاوڕێک له زه‌خیره‌ی بیری ئه‌و شاره‌زاو پسپۆڕانه " ناده‌نه‌وه که له‌و " مه‌یدانه‌دا کاریانکردووه . به‌سه‌دان کتێب و وتاریان خستۆته ناو کتێبخانه‌ی فیکر‌و رۆشنبیریی و زانیاری ئه‌م مه‌سه‌لانه‌وه . بۆ هه‌ر زاراوه‌و مه‌فهوومێکی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تی وا . . . هه‌زاران لاپه‌ڕه‌یان له‌سه‌ر نووسراوه‌و جێگای لێدوان و شیکردنه‌وه‌و قسه‌له‌سه‌رکردن بوون و به‌رده‌وام تا ئێستاش " . نووسه‌ر هه‌ڵوێستی ره‌خنه‌گره‌کان به " ده‌ره‌به‌گایه‌تی ناو نووسین " ناوده‌بات و ده‌ڵێت : ئه‌م ره‌خنه‌گرانه " به‌زۆر سواری ملی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی بوون " . نووسه‌ر له‌م موحاکه‌مه سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه‌دا ، گه‌یشتۆته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که " ئه‌م ره‌خنه‌گرانه ، که بێگومان ناویشیان نابرێ به ره‌خنه‌گر ، مه‌ترسییان زۆر لێده‌کرێت ، چونکه به‌لای منه‌وه ( واته کاک شێرکۆ ) ، له‌و سایه‌قانه ده‌چن ، که‌ناویشیان نانرێ سایه‌ق .. خۆیان فڕێبده‌نه ئوتومبیله‌وه‌و سوکان بگرن به‌ده‌ستیانه‌وه‌و لێ‌بخوڕن .. به‌ڵێ کوێرانه لێ‌بخوڕن و گیانی سه‌دان مرۆڤ بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه‌و ده‌یانیش پانوپلیشبکه‌نه‌وه." ( شێرکۆ بێکه‌س ، روانگه‌و کوێره ره‌خنه ، هاوکاری ژماره 129 ) .
نووسه‌ر ده‌یه‌وێت به‌م حوکمه بێسه‌روبه‌ره ، خه‌ڵکی چه‌واشه‌بکات و ، راده‌ی قارسبوونی به ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌گره‌کان بشارێته‌وه . ئه‌و ده‌یه‌وێت ، به‌هۆی سه‌دان کتێب و وتاری شاره‌زایان و پسپۆڕه‌کانی ئه‌ده‌ب ، له‌لایه‌ک ره‌خنه‌گره‌کان بترسێنێ و ، له‌سه‌رێکیتره‌وه " ده‌ره‌به‌گایه‌تیی ناو نووسین " که روانگه‌ییه‌کان گه‌ره‌کیانه به‌سه‌ر ئه‌ده‌بی کوردی‌دا بسه‌پێنن ، بده‌نه پاڵ خه‌ڵکیترو خۆیانی له‌په‌نادا حه‌شاربده‌ن . دوائه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌که‌شی ، هه‌ر به‌نیازی چه‌سپاندنی ئه‌و " ده‌ره‌به‌گایه‌تیی ناو نووسین " ه‌یه‌و ، به مه‌به‌ستی رێبه‌ستنه له‌وه‌ی جه‌ماهیر له کۆڕ‌و مه‌یدانی ره‌خنه‌گرتندا ئاماده‌بوونیان هه‌بێت .
کاتێک ئه‌دیبێک ره‌خنه‌ی چه‌ند نووسه‌رێکی ره‌خنه‌گر ره‌تبکاته‌وه ، هه‌ڵبه‌ت زۆر ئاساییه ، بێبایه‌خانه سه‌یری ره‌خنه‌ی جه‌ماهیر بکات . ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌گره‌کان به سایه‌قی نه‌شاره‌زا دابنێت ، ئه‌وا بێ هیچ گومانێک ، له‌ناخی خۆیدا ، جه‌ماهیر به گه‌وج و گێژو نه‌فام ده‌زانێت .
کێ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ره‌خنه‌بگرێت ؟ ئه‌مه پرسیارێکه دوو وه‌ڵامی سه‌ره‌کی هه‌یه . دوو وه‌ڵامن که به پێچه‌وانه‌ی یه‌کترییه‌وه‌ن . دوو جۆر تێگه‌یشتنن له ره‌خنه‌و ، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی دوو جۆر هه‌ڵوێست له ره‌خنه دیاریبکه‌ن . وه‌ڵامی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه ، روانگه به زمانی توێژێکی چینێک له چینه‌کانی کۆمه‌ڵ ( چینی ورده‌بۆرژوازی ) ده‌یداته‌وه‌و ، مافی ره‌خنه‌گرتن ته‌نها به شاره‌زایان و پسپۆڕه‌کان ره‌واده‌بینێت و ، به‌هیچ جۆرێک ئاماده‌ی په‌سه‌ندکردنی ئه‌وه نییه ، نه‌ک جه‌ماهیر مافی ره‌خنه‌گرتنی هه‌بێت ، به‌ڵکو رۆشنبیرانیش ئه‌و مافه به‌کاربهێنن .
وه‌ڵامی دووه‌میش ، فیکری مارکسی ( فیکری چینی کرێکار ) ده‌یداته‌وه و ، بریتییه له یه‌کخستنی ره‌خنه‌ی شاره‌زایان و پسپۆڕه‌کان له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ی جه‌ماهیردا و ، دانانی ره‌خنه‌ی جه‌ماهیر له‌ڕیزی پێشه‌وه‌دا . ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی به‌م مه‌فهومه ته‌نها شاره‌زایان ناگرێت و جه‌ماهیر بخاته‌لاوه ، یان به ته‌نها جه‌ماهیر بگرێت و ده‌وری شاره‌زایان بسڕێته‌وه ، به‌ڵکو هه‌ردوو شێوه ره‌خنه‌که یه‌کده‌خات ، به‌ڵام به پله‌ی یه‌که‌م ره‌خنه‌ی جه‌ماهیری مه‌به‌سته‌و ده‌یه‌وێت جه‌ماهیر له ره‌خنه‌دا ده‌وری سه‌ره‌کی هه‌بێت .
ئه‌م دوو شێوه روانینه بۆ ره‌خنه‌ی ره‌خنه‌گره‌کان ، روانینی دوو چین ده‌خاته‌ڕوو . شێوه‌یه‌کیان روانینی چینی ورده‌بۆرژوازیی تێکه‌ڵ به روانینی ده‌ره‌به‌گی و ، ئه‌ویتریشیان روانینێکی پڕۆلیتاریانه ده‌رده‌بڕێت .
کتێب و وتاری شاره‌زایان و پسپۆڕه‌کان ، بۆ ئه‌وه نییه ، له قه‌واره‌یه‌کی ته‌سکی خۆییانه‌ی رۆشنبیره له‌خۆباییبووه‌کاندا ، ئه‌ده‌بی پێبهێنرێته‌وه‌یه‌ک ، بۆ ئه‌وه نییه ئه‌ده‌ب له جه‌ماهیر بکرێته قه‌ڵایه‌کی سه‌خت و نه‌وێرن توخنیبکه‌ون ، به‌ڵکو بۆ به جه‌ماهیریکردنی ئه‌ده‌به ، بۆ یارمه‌تیدانی جه‌ماهیره تا له ئه‌ده‌ب تێبگه‌ن .
ئه‌و شاره‌زاو پسپۆڕانه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ، که ئه‌ده‌ب وه‌ک ( خێو ) نیشانی گه‌ل ده‌ده‌ن ، به‌م کرده‌وه‌یه‌یان ، خۆیان له‌ریزی ئه‌وانه‌دا داده‌نێن که ده‌ره‌به‌گایه‌تیی فیکرییان به‌سه‌ر جه‌ماهیری گه‌لدا سه‌پاندووه . واته شاره‌زاو پسپۆڕه‌کانیش دوو رێگایان له‌به‌رده‌مدایه‌و ده‌بێت یه‌کێکیان هه‌ڵبژێرن : یان ئه‌وه‌ته دڵسۆزانه خزمه‌تی جه‌ماهیری گه‌ل ده‌که‌ن و ، په‌یبردن و تێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانیان له‌به‌رده‌مدا ئاسان ده‌که‌ن ، یان له خزمه‌تی مشتێک ئه‌دیب و شاعیردا ده‌بن ، که ئاماده‌نین له نهۆمه به‌رزه‌کانی کۆشکی خۆیایه‌تیی ئه‌ده‌بییاندا دابه‌زنه خواره‌وه .
گه‌ل دروستکه‌ری مێژووه . هه‌موو سامانی ماددی و گیانیی ( روحي ) کۆمه‌ڵگاکانی ئاده‌میزاد ، به‌ڕه‌نجی گه‌لان هێنراونه‌ته‌به‌رهه‌م . ئه‌ده‌بیش ، که بابه‌ته‌کانی ژیانی گه‌لن ، ده‌بێت ئه‌و ژیانه به‌ڕێکوپێکی و وردی له خۆیدا بنوێنێت . ته‌نها ئه‌و نووسینانه نه‌مر ده‌بن ، که وێنه‌یه‌کی ته‌واو واقیعیی به‌شێک له ژیانی گه‌ل ده‌گرن . هیچ نووسینێک یان به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیی چاک ، به‌جیا له ژیانی جه‌ماهیرو ، له ده‌ره‌وه‌ی بارێکی مێژوویی دیاریکراودا نابێت . هیچ ئه‌دیب و شاعێرێکیش هه‌ڵکه‌وتووی سه‌رده‌می خۆی و نه‌مر نابێت ، ئه‌گه‌ر دوور له خه‌باتی ئه‌و جه‌ماهیره‌ی که ئه‌وان فه‌ردن تیایدا ، بنووسێت یان بیروڕاو هه‌ست و ئاره‌زوو و ژیانی واقیعیی ئه‌و جه‌ماهیره له به‌رهه‌مه‌کانیدا ده‌رنه‌بڕێت .
ئه‌و ئه‌دیبانه‌ی له ره‌خنه‌ی جه‌ماهیریی ده‌ترسن ، جگه له‌وه‌ی باوه‌ڕیان به‌وه نییه که گه‌ل دروستکه‌ری مێژووه‌و ، ده‌بێت ئه‌ده‌ب بۆ خزمه‌تی گه‌ل بێت ، مه‌ترسی ئه‌وه‌ش له‌خۆیان ده‌که‌ن ، ئه‌و پایه‌و ناوبانگ و مه‌جده‌ی بۆ خۆیان بنیاتناوه له‌ده‌ستیانده‌رچێت و ، ئه‌و کون و که‌له‌به‌رانه‌ی له به‌رهه‌مه‌کانیاندا هه‌یه ، بکه‌ونه‌ڕوو . ئه‌وانه‌ی له به‌رامبه‌ر گه‌لدا باوه‌ڕیان به ده‌سته‌یه‌ک رۆشنبیر هه‌بێت ، زۆر ئاساییشه له به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ی جه‌ماهیری گه‌لدا ، ره‌خنه‌ی شاره‌زایان و پسپۆڕه‌کان راستبکه‌نه‌وه . بۆیه ، بۆ به‌زاندنی ئه‌م رێبازه پڕمه‌ترسییه‌ی رۆشنبیرانی ورده‌بۆرژوازی ، پێویسته بانگه‌وازی ره‌خنه‌ی جه‌ماهیریی به‌رزبکرێته‌وه . ره‌خنه‌ی جه‌ماهیریی له پێشه‌وه‌و ره‌خنه‌ی شاره‌زایان له ریزی دواوه دابنرێت و به پێودانگی جه‌ماهیریی بپێورێت .
روانگه‌ییه‌کان له‌و باوه‌ڕه‌دان ، جه‌ماهیر له ئه‌ده‌ب ناگات ، بۆیه زۆر به ئاشکرا ئه‌وه دووپاتده‌که‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن : بۆ ئه‌وانه ده‌نووسن که وه‌ک ئه‌وان به به‌رهه‌مه‌که‌وه خه‌ریکده‌بن و هاوبه‌شییه‌کی قووڵ و ته‌واویان له مه‌به‌ستی نووسینه‌کانیاندا ده‌که‌ن. واته ته‌نها بۆ ئه‌وانه ده‌نووسن که سه‌قافه‌تێکی ئه‌ده‌بییان هه‌یه .
به‌م شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت ، روانگه‌ییه‌کان جه‌ماهیر به شایسته‌ی ئه‌وه نازانن تام و چێژی ئه‌ده‌ب بکه‌ن . خۆ ئه‌گه‌ر چیرۆک‌نووس و شاعیر (( خوانه‌خواسته )) له‌ناو جه‌ماهیری کرێکاران و جووتیاراندا په‌یداببێت ، ئه‌وه به‌لای ئه‌وانه‌وه کابه که‌چ ده‌بێت و ، ئه‌ده‌ب ده‌بزڕکێنرێ و ره‌نگوڕووی جوانیی تێدا ده‌شیوێندرێت؛ به‌ڵام ئه‌مه به‌لای ئه‌و نووسه‌رانه‌ی بڕوای ته‌واویان به جه‌ماهیر هه‌بێت و ، گه‌ل به دروستکه‌ری مێژوو بزانن به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه ، جه‌ماهیر لای ئه‌م نووسه‌رانه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئیلهامێکه ، ژیانی جه‌ماهیر سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانه‌و ، به‌شه جیاجیاکانی ژیانی جه‌ماهیری گه‌ل ، که‌ره‌سه‌کانی بینای ئه‌ده‌بن .
ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی پسپۆڕێکی ئه‌ده‌ب له به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی ده‌گرێت ، له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌خنه‌یه‌دا کرێکارێک یان جووتیارێک یان رۆشنبیرێکی ئاسایی ده‌یگرێت ، جیاوازییان هه‌یه ، ئه‌م جیاوازییه ، پتر له کایه‌ی هونه‌ریی ئه‌ده‌بدایه و ، نابێته هۆی راکێشانی هێڵێکی راست و چه‌پ به‌سه‌ر ره‌خنه جه‌ماهیرییه‌که‌دا ، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه ، ئه‌گه‌ر پسپۆڕه‌کان له خزمه‌تی ره‌خنه جه‌ماهیرییه‌که‌دا نه‌بوون و ئه‌ده‌بیان به نیازی خزمه‌تکردنی جه‌ماهیر شینه‌کرده‌وه ، ئه‌وا ره‌خنه‌که‌یان - گه‌ر له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه راستیش بێت - چ سوودێک به جه‌ماهیر ده‌گه‌یه‌نێت و ، چی ده‌خاته سه‌ر ئه‌و ئه‌رکانه‌ی ئه‌ده‌ب له سه‌رشان و ئه‌ستۆی خۆی داناوه .
" راستی " هه‌میشه له کتێب و وتاری پسپۆڕه‌کاندا نییه . " راستی " مه‌فهومێکی مه‌وزوعییه که پێوانه‌ی چینایه‌تی و کارپێکردنی کرده‌وه‌یی و واقیعی ژیانی جه‌ماهیری چه‌وساوه سه‌رچاوه‌یه‌تی ، نه‌ک ئه‌وه‌ی که شاره‌زایان و پسپۆڕه‌کان به خه‌رمان کتێب و وتاری هه‌مه‌ڕه‌نگیان هه‌ڵدابێته‌وه . جار هه‌یه کرێکارێک یان جووتیارێک یان هه‌ر فه‌ردێکیتری جه‌ماهیر ، له‌ئاستی خۆیانه‌وه‌و ، پشت به واقیعی ژیانی خۆیان ، " راستی " ده‌رده‌بڕن ، له کاتێکدا پسپۆڕه‌کان ناتوانن ژیانی ئه‌مان به‌ته‌واوی تێبگه‌ن و ته‌عبیری لێبکه‌ن ، مه‌گه‌ر ته‌نها بتوانن ، ژیانی ئه‌و به‌شه رۆشنبیره ده‌رببڕن که له‌ڕووی چینایه‌تی و باری ماددی ژیانیانه‌وه وه‌ک خۆیان بن یان لێیانه‌وه نزیک بن . بۆ نموونه له چیرۆکێک‌دا ، ئه‌گه‌ر باسی ژیانی لادێ و مه‌سه‌له‌ی زه‌وی و چه‌وساندنه‌وه‌ی جووتیارانی تێداکرا ، ئایا له‌کاتی ره‌خنه‌لێگرتنیدا ، پسپۆڕه‌کانی ره‌خنه ده‌توانن چاکتر ره‌خنه‌ی لێ‌بگرن یان جووتیارێک ؟ بێگومان جووتیاره‌که ، بۆچی ؟ چونکه مه‌یدانی چیرۆکه‌که لادێیه ، قاره‌مانانی چیرۆکه‌که خه‌ڵکی لادێن ، ناوه‌رۆکی چیرۆکه‌که گرنگترین مه‌سه‌له‌یه‌کی لادێیه که مه‌سه‌له‌ی زه‌ویوزارو چه‌وساندنه‌وه‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تییه . ئه‌و جووتیاره‌ی ره‌خنه‌که ده‌گرێت خۆی له واقیعه‌که‌دا ده‌ژی ، هه‌موو لایه‌نه‌کانی ژیانی لادێ ، هه‌موو خووره‌وشت و ره‌فتاری لادێ ده‌زانێت و شاره‌زایه ، زمانی خه‌ڵکی لادێ و مه‌نتیقی جووتیاران ئاگاداره ، خۆی و به هه‌زارانی وه‌ک خۆی که په‌یوه‌ندیی رۆژانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه پاڵه‌وانانی چیرۆکه‌که‌ن و باشتر له خه‌ڵکیتر له خۆیان ده‌گه‌ن . هه‌روه‌ها چوار وه‌رزی ساڵ و به‌درێژیی ته‌مه‌نی له‌ژێر باری چه‌وساندنه‌وه‌ی ده‌ره‌به‌گیدا نرکه‌نرکی دێت. ئه‌م جووتیاره ، بێ هیچ گومانێک ، چاکتر ده‌توانێت ناوه‌رۆک و مه‌به‌ستی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی هه‌ڵبسه‌نگێنێ تا پسپۆڕه‌کان ، که له چینێکی جیاوازن و ، له شوێنێکی جیا‌و ، له‌واقیعێکی جیادان و ، ژیانیان له‌گه‌ڵ ژیانی جووتیاراندا زۆر جیاوازه . چۆن پسپۆڕێک ده‌توانێت هه‌مان هه‌ستی جووتیارێک ده‌رببڕێت ، له کاتێکدا که جیاوازیی ژیانی ئه‌وو جووتیاره‌که ئاسمان و رێسمان بێت . ئه‌مه راستییه‌که ، هه‌رکه‌سێک چاوشارکێ له‌گه‌ڵ واقیعدا نه‌کات ، هه‌ستی پێده‌کات و درککردنی زیره‌کی و به‌ڵه‌د‌یی ناوێت .
ئه‌و نووسه‌رانه‌ی بوونی خۆشیان له بوونی گه‌لدا ده‌بینن ، له‌بری ئاوڕدانه‌وه‌ی تایبه‌تی له " زه‌خیره‌ی ئه‌و شاره‌زاو پسپۆڕانه " ی که له مه‌یدانی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا " کاریانکردووه‌و به‌سه‌دان کتێب و وتاریان خستۆته ناو کتێبخانه‌کانی رێبازی فیکر‌و رۆشنبیری و زانیاری ئه‌م مه‌سه‌لانه‌وه " وه‌ک کاک شێرکۆ ده‌ڵێت ، ئاوڕ بۆ لای جه‌ماهیری گه‌ل ده‌ده‌نه‌وه ، ئه‌و جه‌ماهیره‌ی که دروستکه‌ری مێژووه ، ئه‌و جه‌ماهیره‌ی که به‌رهه‌مهێنه‌ری سامانی فیکر‌و رۆشنبیری و زانیارییه ، ئه‌و جه‌ماهیره‌ی که ده‌بێت شاره‌زایان و پسپۆڕان له خزمه‌تیدابن و ، سه‌رچاوه‌و که‌ره‌سه‌و مه‌به‌ست و ئامانجی به‌رهه‌مه ره‌خنه‌ییه‌کانیان بێت .
با له به‌رامبه‌ر ره‌خنه‌ی یه‌کلایه‌نی شاره‌زاو پسپۆڕه‌کاندا ، ره‌خنه‌ی شاره‌زایان و ره‌خنه‌ی جه‌ماهیریی پێکه‌وه راستبنه‌وه .
با له نێوانی ره‌خنه‌ی شاره‌زایان و ره‌خنه‌ی جه‌ماهیریدا ، ره‌خنه‌ی جه‌ماهیریی بهێنرێته ریزی پێشه‌وه .
با ده‌ره‌به‌گه‌کانی ناو نووسین به‌ر شاڵاوی ره‌خنه‌ی جه‌ماهیریی بخرێن .
با ماشێنی پۆڵایینی ره‌خنه‌ی جه‌ماهیریی ، زاراوه‌و مه‌فهومی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌ره‌به‌گه راسته‌قینه‌کانی ناو نووسین پانوپلیشبکاته‌وه .
فوئاد قه‌ره‌داغی
هه‌فته‌نامه‌ی ( هاوکاری ) ژماره ( 138 ) رۆژی 14 / 10 / 1972