ئەدەب و سیاسەت . . . بەرهەمەکانی روانگەو رەخنەی هونەریی
Friday, September 25, 2009
روانگه‌ییه‌کان به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانیان به به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین داده‌نێن و ، هه‌میشه ده‌یانه‌وێت ئه‌و قه‌ناعه‌ته به خه‌ڵک په‌یدابکه‌ن . به‌شێکی ئه‌و هه‌وڵانه‌شیان بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و ره‌خنانه ته‌رخانکردووه که پتر بایه‌خیان به لایه‌نی سیاسی داوه ، دیاره به‌نیازی ( پووچکردنه‌وه‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ! ) ی ئه‌م ره‌خنانه‌و ، هێنانه‌پێشه‌وه‌ی لایه‌نی هونه‌ریی له به‌رهه‌مه‌کانیاندا . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ، کاک شێرکۆ له کوێره لێکدانه‌وه‌کانیدا چه‌ند به‌راوردێکی سه‌رنه‌که‌وتووانه‌ی له نێوان ( قانع ) و ( گۆران ) دا کردووه ، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستێتی بیسه‌پێنێت ، به گشتی وه‌ک بیروڕای ره‌خنه‌گره‌کان نیشانیداوه .
کاک شێرکۆ سه‌باره‌ت به‌لایه‌نی هونه‌ریی کاره ئه‌ده‌بییه‌کان ، ئه‌و رایه ره‌تده‌کاته‌وه که ده‌ڵێت : نابێت کاره ئه‌ده‌بییه‌کان ، تا ئاستی به‌یاننامه‌و دروشمه سیاسییه‌کان نزمبکرێنه‌وه ، به‌ڵکو ده‌بێت به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین بن ، به شێوه‌یه‌ک که ناوه‌رۆک پێش شێوه بکه‌وێت و ، مه‌به‌ستی سیاسیی نووسینه‌کان شێوه‌ی ده‌ربڕینیان دیاریبکه‌ن . ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌م بیروڕایه له‌لایه‌ن کاک شێرکۆوه ، له‌به‌ر ئه‌وه نییه قایل بێت به‌وه‌ی ئه‌ده‌ب بکرێته ئیعلانی سیاسی و شێوه‌ی هونه‌ریی تێدا بکوژرێت ، به‌ڵکو بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌وه‌یه که ناوه‌رۆک پێش شێوه بکه‌وێت و ، مه‌به‌ستی سیاسی نووسینه‌که شێوه‌ی ده‌ربڕین دیاریبکات ، وه‌ک ره‌خنه‌گره‌کان ده‌یانه‌وێت . ئه‌مه له‌لایه‌ک و ، له‌لایه‌کیتره‌وه بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروڕای روانگه‌ییه‌کانه که ده‌ڵێن : به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین له گه‌ڵ بنچینه‌ییبوونی ناوه‌رۆک و ئه‌و ئه‌ده‌به‌دا ناگونجێ که بۆ جه‌ماهیر بنووسرێت . کاک شێرکۆ له‌م رووه‌وه ده‌ڵێت : " ده‌بێ به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین بنووسین ... چۆن ؟ به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین له ئه‌ده‌بدا ده‌بێ لای ( نووسه‌ر ) چی بگه‌یه‌نێت ؟ هه‌ر هه‌مان وشه‌ی ئاسایی له زمانی ئه‌ده‌بیدا ؟ ئه‌و به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕینه به‌رزترین گۆڕانی گه‌ره‌ک نییه ... له گۆڕانی ( زمان ) خۆیدا ؟ ئه‌و به‌رزترین ده‌ربڕینه ... به‌رزترین شێوه‌ی تێگه‌یشتنی ناوێت ؟ له خوێنه‌راندا ... ئه‌م دوو راده‌ی به‌رزێتییه له یه‌کتر جیاده‌بنه‌وه ؟ په‌یوه‌ندی دینامیکییان به‌یه‌که‌وه نه‌به‌ستراوه ؟" ( شێرکۆ بێکه‌س ، روانگه‌و کوێره ره‌خنه ، هاوکاری ژماره 130 ) .
به‌ڵێ ... له‌لای کاک شێرکۆ ، به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین بریتییه له‌و گۆڕانه‌ی که روانگه‌ییه‌کان به‌سه‌ر زمانی ئه‌ده‌بییاندا هێناوه‌و ، نه‌ک هه‌ر به نیسبه‌ت خۆیانه‌وه ، به‌ڵکو وه‌ک شتێکی گشتی ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌مان پێبسه‌لمێنێت که به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین گۆڕانی گه‌ره‌که ... به‌ڵام چ گۆڕانێک ؟ به‌لای کاک شێرکۆوه گۆڕانه‌که ته‌نها ده‌بێت له " زمان خۆیدا " بێت ، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یه‌وێت هه‌موو خوێنه‌ران به‌رزترین شێوه‌ی تێگه‌یشتنیان هه‌بێت . واته جه‌ماهیری مه‌به‌ست نییه‌و ته‌نها مه‌به‌ستی خوێنده‌وارانه‌و ، له‌ناو خوێنده‌وارانیشدا ئه‌وانه‌ی مه‌به‌سته که به‌رزترین شێوه‌ی تێگه‌یشتنیان هه‌یه ، هه‌ر به‌م پێیه ده‌گاته ئه‌و رایه‌ی که به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین و به‌رزترین شێوه‌ی تێگه‌یشتن په‌یوه‌ندییه‌کی دینامیکی پێکیانه‌وه ده‌به‌ستێ و به‌بێ یه‌کتر نابن .
ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویستی به لێکۆڵینه‌وه هه‌بێت ئه‌وه‌یه ، بزانین به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین چییه ؟ ئایا هه‌ر په‌یوه‌ندی به زمانه‌وه هه‌یه ، یان مه‌یدانه‌که‌ی گه‌لێک فراوانتره ؟ کاتێک به مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندن ، له به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی ده‌کۆڵینه‌وه ، ته‌نها ته‌ماشای زمانه‌که‌ی ده‌که‌ین ، یان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین له کاره‌که‌دا دیاریبکه‌ین ، زۆر لایه‌نیتری تێدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنین ؟ ئایا زمانیش ، بۆ ئه‌وه‌ی باشترین شێوه‌ی ده‌ربڕین بێت ، ده‌بێت زمانی جه‌ماهیر بێت یان زمانی مشتێک ئه‌دیب و شاعیر که به ئاره‌زووی خۆیان بکه‌ونه وێزه‌ی وشه‌ی کوردی و که‌له‌پاچه‌یبکه‌ن .
ئه‌و پێوانه‌یه‌ی لایه‌نی شێوه‌ی ده‌ربڕینی پێهه‌ڵده‌سه‌نگێنین بریتییه له زانستی هونه‌ر . ره‌خنه‌ی هونه‌ریی ، کارێکی پێویسته‌و ده‌بێت له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ی سیاسی‌دا ، بۆ ده‌ستنیشانکردنی لایه‌نی چاک و خراپی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی ، یه‌کبخرێن .
ره‌خنه‌ی هونه‌ریی تایبه‌تییه به لێکدانه‌وه‌ی جوانی له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کاندا ، بۆ روونکردنه‌وه‌ی ئه‌ندازه‌ی گونجانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌یه له‌گه‌ڵ یاساکانی جوانیدا . دیاره جوانیش به‌لای هه‌موو ره‌خنه‌گرێکه‌وه وه‌کویه‌ک نییه . لێره‌شدا ئینتیمای ئایدیۆلۆژیی ره‌خنه‌گر چۆنییه‌تی لێکدانه‌وه‌ی جوانیی دیاریده‌کات .
ئایدیالیسته‌کان و ماددییه‌کان دوو جۆر لێکدانه‌وه‌ی جیاجیایان بۆ جوانیی هه‌یه . ئایدیالیسته‌کان بڕوایانوایه : جوانیی بریتییه له بیر ( الفکر ) ، واته جوانیی دیارده‌یه‌که په‌یوه‌ندی به بیرکردنه‌وه‌وه هه‌یه . ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه په‌یوه‌سته به لێکدانه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی ئایدیالیسته‌کان که لایانوایه هۆش ( وعي ) پێش مادده ده‌که‌وێت . به‌ڵام ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌وه هه‌بێت که مادده پێش هۆش ده‌که‌وێت ، به‌پێچه‌وانه‌ی ئایدیالیسته‌کانه‌وه ، بڕوایانوایه جوانیی به واقیعی ماددییه‌وه په‌یوه‌سته و ، دیارده‌یه‌ک نییه له ده‌ره‌وه‌ی مادده‌دا بێت و ، ته‌نها بۆ خۆی له بیری مرۆڤدا په‌یداببێت ، به‌ڵکو جوانیی به مه‌فهومێکی زانستی ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعه . " هه‌ستی جوانیی بریتییه له هه‌ڵسه‌نگاندنی واقیع له شێوه‌ی سۆزێکی دیاریکراودا که خاسییه‌تی خۆی هه‌یه . ئه‌و خۆشییه‌یه که له سروشت و کارکردن و به‌رهه‌می چالاکیی مرۆڤ و چالاکیی کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کاندا هه‌ڵده‌قوڵێت " . ( ماته‌ریالیزمی مێژوویی ، ف . کیللی ، م . کوفالزون ، لاپه‌ڕه 513 ) ؛ واته هه‌ستکردن به جوانیی ، ئه‌و خۆشییه‌یه که له واقیعه‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت . ئاده‌میزاد راسته‌وخۆ وه‌ریده‌گرێت و کاریتێده‌کات و " ناچاری ده‌کات به سه‌رسوڕمان یان خۆشی یان گریان یان تووڕه‌بوون یان خۆشه‌ویستیی یان رقلێبوونه‌وه یان که‌ڵه‌کچێتی یان دڵته‌نگی و هه‌ستکردن به خه‌مباری یان دڵنه‌رمیی . مه‌وزوعییه‌تی ئه‌مه له مه‌وزوعییه‌تی ره‌نگ و چێژ و بۆن . . . هتد که‌متر نییه ، هه‌روه‌ها شتێکی خۆییشه وه‌ک ئه‌وان " . ( هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو )
هونه‌ر به‌لای ماددییه‌کانه‌وه ده‌رکه‌وتێکی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌و ، ناوه‌رۆکه‌که‌ی له واقیعه‌وه وه‌رده‌گرێت و ، به توندی به ژیانی ماددی خه‌ڵکییه‌وه گرێدراوه ، بۆیه کاریش له ژیان و گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵ ده‌کات .
هه‌ستکردن به جوانیی ، له‌سه‌ره‌تای مێژووی کۆمه‌ڵگاکانی مرۆڤه‌وه تا ئیمڕۆ ، وه‌کو خۆی نه‌ماوه‌ته‌وه ، ئه‌مڕۆش له ناو کۆمه‌ڵگاکانی ئاده‌میزاددا به‌یه‌ک شێوه نییه ، له تاکه کۆمه‌ڵێکیشدا ، هه‌ر چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی جۆرێک هه‌ستکردنی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و به‌جۆرێک له جوانیی تێده‌گات ، ئه‌گه‌رچی پێوانه‌کانی جوانیی باو ، بۆ نه‌رێتی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیستمی کۆمه‌ڵایه‌تی باو ملکه‌چن .
گه‌شه‌کردنی هه‌ستکردن به جوانیی ، له‌و کاته‌وه ده‌ستیپێکردووه که مرۆڤ فێری ئیش‌کردن بووه . هه‌میشه‌ش هه‌ستکردن به جوانی ده‌مێنێت و ، یاساکانی جوانی و هه‌ستکردنی ئاده‌میزاد به‌و جوانییه ، پێبه‌پێی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگاکانی ئاده‌میزاد له گه‌شه‌کردندا ده‌بێت .
روانگه‌ییه‌کان له گۆشه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی ئایدیالیستییه‌وه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌ڕوانن و ده‌یانه‌وێت جۆرێک ( جوانیی ) تایبه‌تی به خۆیان ، که له واقیع دابڕاوه‌و ، به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ست به جوانیکردنی جه‌ماهیری گه‌لی کورده ، بسه‌پێنن و بیکه‌نه منه‌ت و شاباشیش به‌سه‌ر جه‌ماهیره‌وه‌و ، وه‌ک ئه‌نجامی به‌گه‌ڕخستنی " به‌هره " تایبه‌تییه‌کانی خۆیانی له قه‌ڵه‌م بده‌ن . به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا ئاشکرایه ئه‌وه‌یه : جه‌ماهیری گه‌له‌که‌مان چێژی لایه‌نی که‌می هه‌ست به جوانیی له‌و به‌رهه‌مانه‌دا نه‌کردووه ، له کاتێکدا روانگه ئه‌و به‌رهه‌مانه به شۆڕشێکی مه‌زن له کایه‌ی ئه‌ده‌بدا ده‌زانێت . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که زۆربه‌ی رۆشنبیرانیش تاموچێژی هونه‌ریی و هه‌ستکردن به جوانیی تێدا به‌دیناکه‌ن ، بۆیه روانگه رۆژ له‌دوای رۆژ پشتی لێهه‌ڵده‌کرێت و ، به‌رهه‌مه‌کانیشیان ساردوسڕو بێبزووتنه‌وه‌و بێگیانکه‌وتوون و ، هیچ کارتێکردنێکی کۆمه‌ڵایه‌تی نابه‌خشن . لێره‌دا پێویسته هه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین و بپرسین : بۆچی ؟ هۆی چییه به‌رهه‌مه‌کانیان له هه‌ستی جه‌ماهیری گه‌له‌که‌ماندا جێگه‌ی خۆیان ناکه‌نه‌وه ؟
وه‌ڵامی راستی ئه‌و دوو پرسیاره ئه‌وه‌یه : به‌رهه‌مه‌کانی روانگه به‌رزترین شێوه‌ی ده‌ربڕین نه‌بوون ، واته به‌پێچه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ندێک له روانگه‌ییه‌کان ، به‌رزترین شێوه‌ی هونه‌رییان نه‌بووه ، به‌ڵکو ئه‌م به‌رهه‌مانه ، به ئه‌ندازه‌ی که‌موکووڕییه‌کانی له‌ڕووی ناوه‌رۆکی سیاسییه‌وه ، ئه‌وه‌نده‌ش له‌کایه‌ی هونه‌ریدا کون و که‌له‌به‌ریان تێدابووه .
· بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئیجابییانه‌ی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه ، پێویسته شێوه‌که‌ی پڕبه‌پڕی ناوه‌رۆک بێت و ، باشترین جۆری ناوه‌رۆک به‌ده‌سته‌وه‌بدات و ، سه‌ر له خوێنه‌ر تێکنه‌دات . ئه‌گه‌ر شێوه له قاڵبێکی هونه‌ریی وه‌هادا نه‌بوو که مه‌به‌ستی ناوه‌رۆکی به‌رهه‌مه‌که به روونی و ره‌وانی به‌ده‌سته‌وه‌بدات ، ئه‌وا ده‌بێته کۆسپێک له رێگای گه‌شه‌کردنی ناوه‌رۆکداو ، کارتێکردنی کۆمه‌ڵایه‌تیشی تێدانابێت و به‌رهه‌مێکی مردووی لێده‌رده‌چێت .
به گشتی ئه‌گه‌ر شێوه ناوه‌رۆک بشێوێنێت و ، گیروگرفته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به ئاڵۆزکاوی باس‌بکات و ، کار نه‌کاته سه‌ر سۆزی خه‌ڵکی و ، راده‌ی هه‌ستکردنی جوانییان تێدا به‌رزنه‌کاته‌وه ، ئه‌وا سیفه‌تی به‌رهه‌مهێنانێکی هونه‌ریی له‌خۆی ده‌سڕێته‌وه ، یان به‌لایه‌نی که‌مه‌وه ، باشترین شێوه‌ی ده‌ربڕینی هونه‌ریی نابێت . ئه‌گه‌ر شێوه‌ی ده‌ربڕین ناوه‌رۆک له چڕه‌دووکه‌ڵێکدا بخنکێنێت ، ده‌بێت سوودی چی بێت ؟ بێگومان نه‌ک هه‌ر سوودی نابێت به‌ڵکو زیانیش ده‌گه‌یه‌نێت ، به‌تایبه‌تی له ده‌ورو زه‌مانێکدا که راستگۆیی و قسه‌له‌ڕوویی پێویست بێت و ، یه‌کێک له‌و ئه‌رکانه بێت که ئه‌دیب و هونه‌رمه‌نده‌کان خۆیانی پێوه‌ببه‌ستنه‌وه . ئه‌گه‌ر شێوه‌ی ده‌ربڕین ، ناوه‌رۆک له خه‌ڵکی بشارێته‌وه و ، به‌و هۆیه‌وه خه‌ڵکی نه‌توانن به‌ڕوونی هه‌موو لایه‌نه‌کانی ببینن و رای خۆیانی له‌سه‌ر بڵێن ، چۆن ئه‌م ناوه‌رۆکه ماوه‌ی پێشکه‌وتن له‌به‌رده‌م خۆیدا به‌رینده‌کات ؟
شێوه‌ی شێواو ، کارێکه هه‌ستکردن به جوانیی له جه‌ماهیردا ده‌مرێنێت و ، ئه‌و رێیه‌یان لێده‌به‌ستێته‌وه که هه‌ست به خاسییه‌تی جوانیی له به‌رهه‌مه‌کاندا بکه‌ن ، چونکه کاتێک ناوه‌رۆک ونکرابێت و ، شێوه نه‌بووبێته ئه‌و پرده‌ی ناوه‌رۆکه‌که به ( هه‌ستی ) جه‌ماهیره‌وه ببه‌ستێته‌وه ، ئه‌وا ( هه‌ستی ) جوانیی له‌کایه‌دانابێت و ، به‌رهه‌مه‌که ئه‌و هه‌سته له جه‌ماهیردا ناخولقێنێت .
· شێوه‌ی هونه‌ریی چۆنییه‌تی پاڵه‌وانی به‌رهه‌مه‌که‌ش ده‌گرێته‌وه . چۆن وێنه‌ی ئه‌و پاڵه‌وانه ده‌گیرێت ؟ ئه‌مه لایه‌نێکی هونه‌رییه ، پێویسته شاعیر یان چیرۆک‌نووس ، له به‌ستنه‌وه‌یدا به‌و شوێن و کاته‌ی پاڵه‌وانی تێدایه ، ره‌چاویبکات .
وێنه‌گرتنی پاڵه‌وان هه‌روا شتێکی بێبایه‌خ نییه ، به‌ڵکو پێویسته خاوه‌ن به‌رهه‌م ته‌واوی شاره‌زایی خۆی بۆ وێنه‌گرتنی پاڵه‌وانه‌که به‌کاربهێنێت ، له‌به‌رئه‌وه‌ی به هۆی پاڵه‌وانه‌وه ، ئه‌و ( نموونه -- مثال ) یه‌ی ئه‌دیب یان شاعیر ده‌یه‌وێت ، به خه‌ڵکی ده‌گه‌یه‌نێت . پاڵه‌وان ته‌نها که‌سێکی ئاسایی کۆمه‌ڵ نییه ، به‌ڵکو که‌سێکی نموونه‌ییه . جیاوازی که‌سێکی ئاسایی ناو جه‌ماهیرو پاڵه‌وانی چیرۆکێک له‌وه‌دایه که پاڵه‌وانی چیرۆک نموونه‌یه‌تی له هه‌موو روویه‌که‌وه تێدا کۆده‌کرێته‌وه‌و وه‌ک نموونه نیشانده‌درێت ؛ ته‌نانه‌ت لێکۆڵینه‌وه‌ی ده‌روونیش بۆ پاڵه‌وانه‌که ، نابێت حاڵه‌تێکی تایبه‌تی دوور له کۆمه‌ڵ بێت ، به‌ڵکو پێویسته په‌یوه‌ندی به واقیعی ژیانی ماددی کۆمه‌ڵه‌وه هه‌بێت . نموونه‌یه‌تی له پاڵه‌واندا ، بریتی نییه له ترسنۆکی و ئازایه‌تی له یه‌ک کاتدا وه‌ک کاک شێرکۆ له شوێنێکی‌تری وتاره‌که‌یدا ده‌ڵێت . بیرکردنه‌وه له پاڵه‌وان به‌و جۆره ، تایبه‌ته به ئه‌دیبه ورده‌بۆرژوازییه‌کانه‌وه که پاڵه‌وانه‌کان خۆیانن یان نموونه‌ی که‌سانێکی وه‌ک خۆیانن و سیفاتی ورده‌بۆرژوازی تێیاندا زاڵه . پاڵه‌وان هه‌ر ئازایه‌تی تێدا کۆده‌کرێته‌وه‌و ئه‌م سیفه‌ته نموونه‌یه‌تی دیاریده‌کات . ئه‌و کاته‌ی ئازایه‌تی و ترسنۆکی پێکه‌وه کۆکرایه‌وه ، مانایوایه له پاڵه‌وانێتی ده‌خرێت یان پاڵه‌وانێکی نموونه‌یی ده‌رناچێت . واته پاڵه‌وانێکی لاوه‌کی لێده‌رده‌چێت و ، ئه‌و هێڵه‌ی له که‌سه ئاساییه‌کانیتری جیاده‌کاته‌وه ، له نێوانیاندا نامێنێت . به‌و شێوه‌یه ، پاڵه‌وان و که‌سانیتری ئاسایی تێکه‌ڵ به یه‌کتری ده‌بن و ، راده‌ی هونه‌ریی له چۆنییه‌تی نیشاندانی پاڵه‌واندا دێته‌خواره‌وه .
ده‌بێت پاڵه‌وان له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه کوردییه‌کاندا پاڵه‌وانێکی نموونه‌یی بێت که چاکترین و باشترین سیفاتی مرۆڤێکی شۆڕشگێڕی کوردی تێدا کۆببێته‌وه . پاڵه‌وانی ئه‌م سه‌رده‌مه بێت و له ژیانی واقیعیدا هه‌زاران نموونه‌ی له‌و بابه‌ته هه‌بێت . ده‌بێت پاڵه‌وانه‌کان چاکترین و باشترین وێنه‌یه‌کی نموونه‌یی مرۆڤی شۆڕشگێڕ‌و فیداکاری ئیمڕۆی کورد بن .
- هه‌روه‌ها به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیی به‌رز له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه ، به‌تایبه‌تی له چیرۆکدا ، به قووڵی ده‌چێته ناو ده‌روونی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌وه که له‌و به‌رهه‌مه‌دا ده‌ورێک ده‌گێڕن . ئه‌و که‌سانه‌ی که نموونه‌ن بۆ که‌سانی ئاسایی کۆمه‌ڵ ، هه‌ریه‌که‌یان به‌پێی ده‌وری خۆیان جۆرێک ره‌فتارده‌که‌ن ، هه‌ڵوێستیان له‌و رووداوانه‌ی دێنه‌پێشه‌وه به‌جۆرێک ده‌بێت ، بۆیه نابێت ئه‌م که‌سانه بکرێنه که‌سانی خه‌یاڵی و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان به واقیعی ئه‌و جۆره که‌سانه‌وه نه‌مێنێت که له کۆمه‌ڵه‌که‌ماندا هه‌ن و رۆژانه به‌چاوی خۆمان ده‌یانبینین ، ئه‌و که‌سانه‌شی ده‌وری سه‌لبییان هه‌یه ، پێویسته لایه‌نه سه‌لبییه‌کانیان به‌ڕوونی ده‌ربخرێت و ببنه مایه‌ی رقلێبوونه‌وه‌یان له‌لایه‌ن ئه‌و خه‌ڵکه‌وه که ئه‌و به‌رهه‌مه‌یان ئاڕاسته‌ده‌کرێت ، واته پێویسته چ پاڵه‌وانه‌کان و چ که‌سه سه‌لبییه‌کان ئاڕاسته‌ی خه‌ڵکی بکه‌ن و ئه‌ویان ببێته مایه‌ی خۆشه‌ویستی خه‌ڵکی و چاولێکردنی ره‌فتارو هه‌ڵوێست و ره‌و‌شته به‌رزه‌کانی له ناو کۆمه‌ڵداو ، ئه‌میشیان ببێته مایه‌ی رقلێبوونه‌وه‌و دووورکه‌وتنه‌وه له‌و ره‌فتارو هه‌ڵوێست و ره‌وشتانه‌ی په‌یڕه‌ویده‌کات.
نابێت که‌سانی ئیجابی و سه‌لبی له به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیدا تێکه‌ڵ به‌یه‌کتری بکرێن و شوێنه‌کانیان زوو زوو بگۆڕنه‌وه . ئه‌گه‌ر گۆڕانێک له‌کایه‌دابێت و به‌سه‌ر چه‌ند که‌سێکی به‌رهه‌مه‌که‌دابێت ، ده‌بێت گۆڕانی که‌سه سه‌لبییه‌کان بێت به‌ره‌و باشی نه‌ک گۆڕانی که‌سه ئیجابییه‌کان بێت به‌ره‌و خراپی و هه‌ڵخلیسکان بۆ ئه‌و شوێنه‌ی که‌سه سه‌لبییه‌کان لێی راوه‌ستاون .
- پێویسته رێبازی گشتیی ئاڕاسته‌کردن له به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیدا ، خۆشبینی ( گه‌شبینی – تفاؤل ) نه‌ک به‌دبینی ( ره‌شبینی – تشاۆم ) بێت . نیشاندانی هه‌ڵوێستی به‌دبینانه ، جگه له‌وه‌ی کارێکه ئاڕاسته‌کردنی خراپی لێده‌که‌وێته‌وه ، له‌ڕووی هونه‌ریشه‌وه نرخی به‌رهه‌مه‌که ده‌شکێنێت و نوقمی ماتومه‌لوولی و کوێره‌وه‌ری و تاریکیی ده‌کات . نیشاندانی هه‌ڵوێستی به‌دبینییانه کارێکه له‌گه‌ڵ واقیعی هیچ کۆمه‌ڵێکدا ناگونجێت . به‌دبینی هه‌میشه ده‌ورێکی کۆنه‌په‌رستانه‌ی له کۆمه‌ڵگاکانی ئاده‌میزاددا بینیوه. به‌دبینی کۆسپی سه‌ره‌ڕێی پێشکه‌وتن و گوڕبه‌ستنه‌وه‌ی ئاده‌میزاده له بواری خه‌باتدا بۆ وه‌رگرتنی سه‌ربه‌ستی و رزگاربوونی له‌و ته‌وقانه‌ی له‌لایه‌که‌وه سروشت و له‌لایه‌کیتره‌وه کۆمه‌ڵ له گه‌ردنیانداناوه . ئه‌مه ، ( سیفه‌ت و کارکردی به‌دبینی ) واقیعێکه مێژووی مرۆڤایه‌تی سه‌لماندوویه‌تی .
ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی له‌ڕووی داڕشتن و ده‌ربڕینی زمانه‌وه زۆر به‌رزیش بێت ، به‌ڵام به‌دبینی باڵی به‌سه‌ر بیره گشتییه‌که‌یدا کێشابوو ، تروسکاییه‌ک خۆشبینی تێدا به‌دینه‌کرا ، ئه‌وا ئه‌و نرخه هونه‌رییه‌ی له‌و لایه‌نه‌شه‌وه هه‌یبێت ، دێته‌خواره‌وه ؛ مه‌گه‌ر له‌لای ئه‌وانه نه‌بێت که به‌دبینانه بیرده‌که‌نه‌وه‌و ، باری چینایه‌تی و ژیانی ماددی و بوونی کۆمه‌ڵایه‌تییان وه‌ک هی نووسه‌ره‌که بێت ، یان لێوه‌ی نزیک بن و به‌رهه‌مه‌که سه‌بوورییانبدات .
- په‌نابردنه به‌ر خه‌یاڵ لایه‌نێکیتری کاره ئه‌ده‌بییه‌کانه که ئه‌دیبان و شاعیران ، چ زۆر‌و چ که‌م ده‌بێت به‌کاریبهێنن ، به‌تایبه‌تی له به‌رهه‌مه شیعرییه‌کاندا . خه‌یاڵ هۆیه‌که له‌و هۆیانه‌ی که جوانیی به شیعرده‌دات . به‌ڵام نابێت ئه‌م خه‌یاڵه به‌ری بۆ به‌ره‌ڵڵابکرێت و له ئاسماندا بسووڕێته‌وه‌و پێی له زه‌وی واقیع هه‌ڵگیرابێت . خه‌یاڵ که ویست و ئاره‌زووی نموونه‌یی شاعیر‌و ئه‌دیب ده‌رده‌بڕێت ، ده‌بێت به واقیعه‌وه به‌سترابێته‌وه ، ده‌بێت به‌شه‌کانی خه‌یاڵ به‌یه‌که‌وه په‌یوه‌ستبن و هه‌ریه‌که‌یان به‌لایه‌کدا نه‌فڕێت . پێویسته له نێوانی خه‌یاڵ و واقیعدا ( عنصر ) ێکی یه‌کگرتن هه‌بێت ، ده‌بێت خه‌یاڵ له زه‌وی واقیعه‌وه هه‌ڵقوڵابێت و له خزمه‌تی واقیعیشدا بێت . ئه‌گه‌ر ( عنصر ) ێکی یه‌کگرتوو خه‌یاڵ و واقیع پێکه‌وه گرێنه‌دات ، ئه‌و خه‌یاڵه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به واقیعه‌وه نامێنێت و ده‌بێته ئه‌فسانه ، واته له‌وه ده‌رده‌چێت ناکۆکییه‌کی هه‌ستپێکراوی تێدا به‌دیبکرێت و ، ئه‌و لایه‌نانه‌ی که ناکۆکی له نێوانیاندا هه‌یه ، یه‌کێتییان تێدانامێنێت و له یه‌کتری ده‌پچڕێن .
راسترین شێوه‌ی خه‌یاڵ ئه‌وه‌یه ، یه‌کێتی و ناکۆکیی دیالێکتیکی به واقیعه‌وه ببه‌ستێته‌وه . به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی له دوو باردا شێوه‌ی هونه‌ریی تێدا ده‌سردرێته‌وه : یان خه‌یاڵ وازلێبهێنێت و کوتومت واقیع بیر‌و خه‌یاڵی هونه‌رمه‌ند به‌بێده‌ستکاریکردن پێچه‌وانه بکاته‌وه ، یان واقیع پشتگوێبخات و گشت به‌رهه‌مه‌که‌ی خه‌یاڵ بێت و له‌سه‌ر خه‌یاڵ بنیاتنرابێت و به تاکه ئه‌ڵقه‌یه‌کیش به واقیعه‌وه گرێنه‌درابێت .
· جگه له‌مانه‌ی سه‌ره‌وه ، ده‌بێت ئاستی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی له‌ڕووی داڕشتنی وشه‌وه به‌رزبێت . مه‌به‌ست له به‌رزی ، سه‌روبنکردنی وشه‌کان نییه ، وه‌ک براده‌رانی روانگه کردوویانه‌ته پیشه ، به‌ڵکو پێویسته داڕشتنی وشه‌و به‌کارهێنانی ، چه‌ند ده‌ستوورێکی گونجاو له‌گه‌ڵ زمانی جه‌ماهیردا په‌یڕه‌وبکات .
به‌رزی وشه ، ته‌نها دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی کوردیی په‌تیی نییه له فه‌رهه‌نگه‌کانداو ، تێئاخنین و پڕکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان نییه به‌م وشانه . به‌رزی وشه ، جگه له په‌یڕه‌ویکردنی ده‌ستووری رێزمان و زانستی زمان ، پێویسته گه‌لێک لایه‌نیتریشی تێدا ره‌چاوبکرێت . پێویسته هه‌ڵبژێردراوی زمانی جه‌ماهیر بێت . ئه‌و وشانه بێت که زۆربه‌ی جه‌ماهیر لێیتێده‌گه‌ن . ئه‌و وشانه بێت که خه‌ڵکی ساڵ دوانزه‌ی مانگ و به‌م رۆژگاره ده‌یڵێنه‌وه‌و پێی ده‌دوێن و پێیده‌نووسن ، وشه‌یه‌ک بێت که خه‌ڵکی تێێبگات و هونه‌رمه‌ندانه‌ش داڕێژرابێت .
ده‌بێت به‌کارهێنانی وشه بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی بیر‌و ره‌وشتی جه‌ماهیر بێت و دووربێت له قسه‌ی ناشیرین و بێکه‌ڵک و هیچوپووچ ، نابێت به‌ناوی وتنی راستییه‌وه وشه ناشیرینه‌کانی ناو زمان به‌کاربهێنرێن و ، زمانی ئه‌ده‌ب بگاته نزمترین راده‌یه‌ک که جنێو‌و قسه‌ی سووک و پلارو توانجی ناشیرین و زاراوه‌ی بازارییانه‌ی تیادا به‌کاربێت ، چونکه ئه‌م رێبازه یاخیبوون نییه وه‌ک کاک جه‌لالی میرزا که‌ریم له هۆنراوه‌یه‌کیدا یاخیبوون له جنێوه‌کانی شێخ ره‌زاوه فێرده‌بێت ، ئه‌وه رێبازێکه نرخی هونه‌ری به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کان له‌ناوده‌بات و دووریانده‌خاته‌وه له‌وه‌ی کارێکی هونه‌ری بن و ، ده‌بنه به‌رهه‌می ئه‌و که‌سانه‌ی له دنیای ئه‌ده‌ب و زمانی ئه‌ده‌بییه‌وه زۆر دوورن .
· هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌کارهێنانی لێکچوون ( تشبیه ) و وه‌رگرتن ( استعارة ) و قسه‌ی نه‌سته‌ق و په‌ندی پێشینان و نموونه له‌شوێنی خۆیاندا‌و داتاشراو نه‌بن ، به‌تایبه‌تی پێویسته لێکچوون و وه‌رگرتن له شیعردا وه‌ستایانه به‌کار بهێنرێن و پڕبه‌پڕی شوێنه‌که‌یان بن . ده‌بێت دابڕان له نێوانی لایه‌نه‌کانی لێکچووندا نه‌بێت . ئه‌و کاته‌ی له به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیدا ئه‌م دوولایه‌نه فڕیان به‌سه‌ریه‌که‌وه نه‌مێنێت ، نه‌ک هه‌ر به‌رهه‌مه‌که تاموچێژێکی هونه‌ریی نابه‌خشێت ، به‌ڵکو چۆنیه‌تی ده‌ربڕینه‌که‌شی ده‌بێته شتێکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌و ، کاتێک ده‌زانین کۆمه‌ڵێک زاراوه‌و ته‌شبیهی وه‌ها هاتوونه‌ته پێشه‌وه که له ( قوتوی عه‌تاریشدا ) ده‌ستنه‌که‌ون . هه‌روه‌ها ده‌بێت له‌ڕووی وه‌رگرتنیشه‌وه ، مانه‌وه‌ی یه‌کێتی نێوان لێوه‌رگیراوو بۆوه‌رگیراو ره‌چاوبکرێت و یه‌کێتییه‌ک به‌یه‌کیانه‌وه ببه‌ستێت . ئه‌و رێبازه‌ی که روانگه‌ییه‌کان له‌م رووه‌وه گرتوویانه‌ته‌به‌ر ، کوتومت ئه‌وه‌یه که باسمانکرد و وایلێکردوون به زمانێک بدوێن و بنووسن که یه‌کێتی له‌گه‌ڵ زمانی ئاسایی جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌ماندا نه‌هێشتووه .
· جگه له‌مانه‌ش ، ده‌بێت له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کاندا رسته‌و باسه‌کان یه‌ک زنجیره‌بن ، نابێت پچڕپچڕبن . ئه‌و پچڕپچڕییه سه‌ر له‌خوێنه‌ر تێکده‌دات ، خوێنه‌ر به گه‌ڕان به‌دوای شوێنی به‌ستنه‌وه‌ی رسته‌و باسه‌کان ماندووده‌کات ، به‌م هۆیه‌وه زنجیره‌ی بیرکردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر ده‌پسێنێت و له یه‌ک کاتدا به‌چه‌ندلایه‌کدا بیرکردنه‌وه‌ی په‌رتوبڵاوده‌کاته‌وه . ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌بێت کۆتاییه‌کی ئاشکرا به‌ده‌ست خوێنه‌ره‌وه بدات و له نیوه‌ی رێگادا به‌جێینه‌هێڵێت و له‌ناو به‌رهه‌مه‌که‌دا ونینه‌کات .
به‌کورتی ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیی نرخێکی هونه‌ریی چاکی هه‌بێت ، پێویسته ئه‌و مه‌رجانه‌ی سه‌ره‌وه‌و هه‌ندێک مه‌رجیتریشی تێدا به‌دیبکرێت که تا ئێستا له زۆربه‌ی به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌کانی روانگه‌دا نابینرێن .
فوئاد قه‌ره‌داغی
هه‌فته‌نامه‌ی ( هاوکاری ) ژماره ( 142 ) رۆژی 17 / 11 / 1972