وتاری '' کاروباری رەخنەو رەخنەکاری '' و چەند وردە سەرنجێک لە واقیعی رەخنەی ئەدەبی 2 -- 3
Tuesday, October 20, 2009
هیچ گومانێک له‌وه‌دا نییه که به‌شێکی که‌می بزووتنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیمان ، مه‌به‌ست و ئاره‌زوو هه‌ڵیده‌سووڕێنێت .
بنچینه‌ی مه‌به‌ست و ئاره‌زووش کۆمه‌ڵێک هۆی سیاسی و ئابوورییه که له‌چه‌ند وتارێکیتردا روونمانکردۆته‌وه ، به‌ڵام تێکڕا هه‌موو بزووتنه‌وه‌که ملکه‌چی مه‌به‌ست و ئاره‌زوو نییه . ئه‌م راستییه پتر ده‌چه‌سپێت ، ئه‌گه‌ر له مانا زانستییه‌که‌ی مه‌به‌ست و ئاره‌زوو تێبگه‌ین .
مه‌به‌ست چییه ؟ مه‌به‌ست وه‌ک زاراوه‌یه‌کی زانستی ، ئه‌و ویستانه‌یه که مرۆڤ له دڵی خۆیدا بۆ خۆی داده‌نێت و ده‌یه‌وێت ، به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانی خۆی ، هه‌ندێکی جێبه‌جێبکات و خۆی له هه‌ندێکیتری لابدات . واته مه‌به‌ست ویستێکی خۆییه له مرۆڤدا دروست ده‌بێت و ، له‌پێناوی به‌دیهێنانیدا ، هه‌ڵوێست و ره‌فتاری دیاریده‌کات .
ئه‌م ویسته خۆییانه‌ی مرۆڤ ، یه‌کلایه‌نین و په‌یوه‌ندییان به لایه‌نی مه‌وزوعیی ویسته‌که‌وه ، که ئایا به‌جێیه یان نه ، نییه ؛ به‌پێچه‌وانه‌ی ئامانجه‌وه ، که یه‌کێتییه‌کی توندوتۆڵی ( ذات و موضوع ) ه‌و ، مرۆڤ هۆشمه‌ندانه له‌پێناویدا هه‌وڵده‌دات .
ئاره‌زووش هه‌ستکردنی مرۆڤه به‌و ویسته‌ی که یه‌کێک له پێویستییه خۆییه‌کانی بۆ دابینده‌کات ، وه‌ک ئاره‌زووکردنی خوێندنه‌وه‌ی گۆڤارێک ، یان بینینی هاوڕێیه‌کی خۆشه‌ویست ، یان نۆبه‌ره‌کردنی میوه‌یه‌ک . . . هتد . واته ئه‌میش رسکاوی هۆیه‌کی خۆییه‌و په‌یوه‌ندی به ناخی مرۆڤ خۆیه‌وه هه‌یه‌و ، پاڵیشیپێوه‌ده‌نێت بۆ ره‌فتارکردن به شێوه‌یه‌ک که ئاره‌زووه‌که‌ی بۆ بهێنێته‌دی .
له‌م رووه‌وه ، خه‌ڵکی له ژیانی تایبه‌تی خۆیاندا ، به‌گشتی ، ده‌کرێن به دوو به‌شه‌وه : به‌شێکیان له پێناوی مه‌به‌ست و ئاره‌زووه‌کاندا ، یه‌کلایه‌ن ، واته هه‌ر لایه‌نه خۆییه‌که ده‌گرن و هه‌موو شتێک به‌و پێودانگه ده‌پێون و ، ئه‌وانیکه‌ش یه‌کێتییه نه‌پساوه‌که‌ی نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه تێده‌گه‌ن و ، مه‌به‌ست و ئاره‌زووه‌کانیان ره‌نگدانه‌وه‌ی ئامانجه‌کانیان ده‌بێت و ، لایه‌نی مه‌وزوعی ناکه‌نه قوربانیی ویسته ناوخۆییه‌که .
له بواری ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ، مه‌به‌ست و ئاره‌زوو له‌م دوو شێوه جیاجیایه‌دا ده‌بینین : هه‌ن هه‌موو شتێک ده‌که‌نه قوربانیی مه‌به‌ست و ئاره‌زووه دروستکراوه‌کانی مێشکیان و ، هه‌یشن مه‌به‌ست و ئاره‌زووه خۆییه‌کانیان ، ره‌نگدانه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێکی قووڵ ده‌بێت له بزووتنه‌وه مێژووییه‌که‌و ئه‌و واقیعه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تێیدا ده‌ژین . به‌م جۆره مه‌به‌ست و ئاره‌زوو له هه‌ردوو باره‌که‌دا هه‌یه ، به‌ڵام له دوو شێوه روانین و دوو جۆر ره‌فتارو دوو جۆر تێگه‌یشتنی جیاجیاوه . هیچ ره‌خنه‌یه‌کیش له‌م مه‌به‌ست و ئاره‌زووه به‌ده‌رنییه‌و ، ئه‌مه بنه‌مای ئه‌و راستییه‌یه که ده‌ڵێن : هه‌میشه نووسه‌ر له باری سه‌رنجی خۆیه‌وه ده‌نووسێت و ، نووسینه‌که‌ی تیشکدانه‌وه‌ی باری سه‌رنجێکی تایبه‌تییه بۆ جیهان و ژیان و دواڕۆژی مرۆڤایه‌تی له چوارچێوه‌ی شوێنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی و ده‌وری له به‌رهه‌مهێناندا .
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌راوردێک بکه‌ین و نموونه بهێنینه‌وه ، باسه‌که درێژه‌ده‌کێشێت ، بۆیه له مه‌یدانی نووسینی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدا ته‌نها نموونه‌یه‌ک له‌سه‌ر خۆم ده‌هێنمه‌وه .
سه‌ره‌تا پێویسته دانبه‌وه‌دابنێم که ره‌خنه‌گرێکی پسپۆڕ نیم و مه‌رجه‌کانی ره‌خنه‌گرێکی پسپۆڕم تێدانییه‌و ، هێشتا له ئه‌لفوبێی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیدام و ، له‌پێناوی پێشکه‌وتن له‌م بواره‌دا کۆشش ده‌که‌م . ژماره‌ی ئه‌و نووسینه ره‌خنه‌ییانه‌ی وه‌ک نووسه‌رێک نووسیومن و بڵاوکراونه‌ته‌وه له ژماره‌ی په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست تێپه‌ڕناکه‌ن . هیچ کام له‌و نووسینانه ، مه‌به‌ست و ئاره‌زوویه‌کی تایبه‌تی له جۆری یه‌که‌میان ، بنه‌مایان نییه ، به‌ڵکو هه‌ریه‌که‌یان بارێکی واقیعی و پێویستییه‌کی رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی خولقاندوویه‌تی و ، ره‌نگدانه‌وه‌ی ئامانجێک بووه . ئامانجه‌کانیشم له سنووری بیرکردنه‌وه‌یه‌کی ته‌سکی خۆپه‌رستانه‌دا به‌ند نه‌کردووه‌و ، هه‌رگیزاو هه‌رگیز مه‌به‌ستیشم شکاندنی خه‌ڵکی و ناوبانگ په‌یداکردن نه‌بووه‌و نییه -- هه‌رچه‌نده بڕواموایه خاوه‌نی هه‌ندێک به‌رهه‌می لاواز‌و ژه‌هراوی ، ده‌بێت بشکێندرێن و خۆیان و ئه‌ده‌به‌که‌یان ریسوا بکرێن -- بۆیه ئه‌گه‌ر مێژووی ده‌قه ره‌خنه‌لێگیراوه‌کان سه‌یربکه‌ن ، راستی ئه‌م قسه‌یه‌متان بۆ ده‌رده‌که‌وێت .
ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی تا ئێستا په‌یڕه‌ویمکردووه په‌یوه‌ندی به واقیعه‌وه هه‌بووه ، بۆیه که له ماوه‌یه‌کدا مه‌ترسیی ونبوون له گێژاوی جه‌نجاڵیی ئه‌م جیهانه‌دا هه‌بووه‌و ، پێشبینیم کردووه ئه‌و مه‌ترسییه تا پله‌یه‌کی مێژوویی دیاریکراو بمێنێت ، ده‌قێکم به‌ر تیشکی ره‌خنه خستووه که یارمه‌تی خه‌ڵکیی بدات و ، به چاوی روونه‌وه جه‌نجاڵییه‌کان ببینن .* له‌سه‌رده‌مێکیشدا ، که پێویست وابوو رۆشنبیره‌کانمان به خۆیاندابچنه‌وه‌و ، تاقیکردنه‌وه دۆست و دوژمن و کۆن و نوێی پێبناساندنایه ، شیکردنه‌وه‌ی ده‌قێک خۆی سه‌پاند ، که ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدانه‌بێت ، تا رێگای نوێی ژیانی نه‌ته‌وه‌که‌مان رووناکبکرێته‌وه‌و چیتر به‌ڕێی نه‌هامه‌تی و شه‌وه‌زه‌نگدا نه‌ڕۆین** . کاتێکیش نه‌ریتی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌قده‌بێت و هه‌لبازیی له خۆشه‌ویستیدا ده‌بێته نه‌ریتێکی باوی کۆمه‌ڵ و خۆشه‌ویستیی پاک ده‌شێوێندرێت ، ده‌قێکم هه‌ڵبژاردووه که ماوه‌ی لێدوانی خۆشه‌ویستیی راسته‌قینه‌ی تێدابێت و ، هێڵێکی ئه‌ستوور له نێوانی خۆشه‌ویستی و حه‌زلێکردندا بکێشێت*** ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بوون و ژیانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ، هه‌ر چینێک ، له خۆشه‌ویستیدایه‌و ، هه‌ر خۆشه‌ویستییه ده‌بێته مایه‌ی کامه‌رانی له ژیاندا‌و ، پێویستییه‌کی هه‌میشه‌یی ژیانه‌و ، ئاده‌میزاد به‌بێ ئه‌وه تامی خۆشی و به‌ختیاری ناکات .
کاتێکیش ئایدیا‌و رێبازه‌کانی وجوودی و عه‌به‌سی و فڕۆیدی بیانه‌وێت باڵیان به‌سه‌ر ئه‌ده‌به‌که‌ماندا بکێشن ، به‌ربه‌ستکردنی ئه‌و شه‌پۆله ، ده‌بێته ئه‌رکێکی‌تایبه‌تیی هه‌ره گرنگی سه‌رشانی رۆشنبیران و نووسه‌ران ، بۆیه له‌نێوان شیکردنه‌وه‌ی یه‌ک دوو ده‌قه‌وه به‌شێکی که‌می ئه‌و ئه‌رکه‌م هه‌ڵگرتووه**** . له‌پاشه‌ڕۆژیشدا ، ده‌بێت هه‌موو ره‌خنه‌یه‌ک هه‌ر له چوارچێوه‌ی واقیع و مێژووی کاتی خۆی و ئه‌رکه‌کانی ئه‌و کاته تایبه‌تییه‌دا بنووسم ، تا بتوانم مه‌به‌ست و ئاره‌زووه مه‌وزوعییه‌کان له خزمه‌تی ئامانجه‌کاندا دابنێم .
( 3 ) کاکه‌ی فه‌لاح ده‌ڵێت : " . . . له بیسته‌کان و له سییه‌کان و چله‌کان و په‌نجاکاندا ، ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و کتێب و گۆڤار‌و رۆژنامه‌گه‌ری و به‌هره‌و قه‌ڵه‌م تا راده‌ی په‌رستن به‌ڕێزو خۆشه‌ویست و پیرۆزبوو ... ئه‌وسا شاعیر‌و نووسه‌رو رۆشنبیری کورد که‌م و پته‌وبوون ، خاوه‌نی زه‌خیره‌ی زۆر‌و تابڵێی ره‌سه‌ن و لێهاتوو و خاوه‌ن به‌هره‌و به‌رهه‌م بوون ، خۆپێگه‌یاندنی رۆشنبیرانه‌یان زۆرتر به خوێندنه‌وه‌و ماندووبوون و خۆبه‌که‌مزانین و بێهه‌وایی و که‌م به‌رهه‌م بڵاوکردنه‌وه‌و داهێنانه‌وه گرێ و جۆش دابوو " .
ئه‌گه‌ر ئه‌م چه‌ند دێڕه به ته‌نها ته‌ماشابکه‌ین و نه‌یانبه‌ستینه‌وه به بیری گشتیی وتاره‌که‌یه‌وه ، به تایبه‌تی به سه‌ره‌تاو خاڵی یه‌که‌م و دووه‌مه‌وه ، ئه‌وا بۆچوونێکی راسته‌و ، که‌س نییه نکوولی له‌وه بکات که وشه‌ی کوردی له‌و ساڵانه‌دا چه‌نده له‌لای خه‌ڵکی پیرۆزبووه . به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م راستییه به مه‌به‌ستی گشتیی نووسینه‌که‌وه ببه‌ستینه‌وه ، ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت که کاکه‌ی فه‌لاح ده‌یه‌وێت تێمانبگه‌یه‌نێت ( گوایا ) یه‌کێک له هۆیه‌کانی که‌میی یان نه‌بوونی خۆشه‌ویستیی ئه‌ده‌ب و رۆشنبیری و قه‌ڵه‌م و به‌هره‌و داهێنان ، ئه‌م باره‌ی ئیمڕۆی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی و ، نه‌مانی ئه‌و پیرۆزییه‌ی جارانیانه . به پوختی مانای ئه‌وه‌یه : ره‌خنه‌گره‌کان نرخی وشه‌ی کوردی نازانن و له " دووکه‌ڵی ره‌شی " ره‌خنه‌دا خنکاندوویانه‌و " ساڵ به ساڵ خۆزگه‌م به پار " ه . له‌لایه‌کیتریشه‌وه ، ده‌یه‌وێت پێمانبڵێت که ناکۆکیی ئه‌ده‌بی له نێوان ئه‌دیب و نووسه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌بووه‌و ، سه‌باره‌ت به به‌ڕێزی و خۆشه‌ویستیی و پیرۆزیی وشه‌ی کوردی ، هیچ جۆره دیارده‌یه‌کی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی که له‌مه‌ی ئیمڕۆ بچێت له‌کایه‌دا نه‌بووه ؛ نه‌ک هه‌ر ئه‌مه ، به‌ڵکو له لێکدانه‌وه‌ی به‌شی دووه‌می ئه‌م خاڵه‌دا که ده‌قه‌که‌یمان نووسی ، رای کاکه‌ی فه‌لاح وه‌ها ده‌رده‌که‌وێت که ( گوایا ) شاعیر‌و نووسه‌رو رۆشنبیری ئیمڕۆی کورد " خاوه‌ن زه‌خیره‌ی زۆر‌و تا بڵێی ره‌سه‌ن و لێهاتوو و خاوه‌ن به‌هره‌و به‌رهه‌م نه‌بن و " ، به خوێندنه‌وه‌و خۆپێگه‌یاندنی رۆشنبیرانه‌وه ماندوو نابن و ره‌وشتی ئه‌ده‌بییان له‌ڕووی " خۆبه‌که‌مزانین و بێهه‌وایی و که‌م به‌رهه‌م بڵاوکردنه‌وه " وه باش نییه !!
مامۆستا کاکه‌ی فه‌لاح لێره‌شدا و له خاڵه‌کانی دواییشدا ، په‌نجه ناخاته سه‌ر هیچ شتێک و بیروڕای خۆی به‌ته‌واوی ساخناکاته‌وه ، هه‌رچه‌نده هیوای ده‌ربڕیوه که له ده‌رفه‌تێکی نزیکدا بتوانێت " په‌نجه‌ی قه‌ناعه‌ت بۆ چه‌ند چاره‌یه‌کی ئه‌م په‌تا دیارده ناهه‌مواره‌ی ره‌خنه‌و ره‌خنه‌کارییه درێژ " بکات و درێژه به نووسینه‌که‌ی بدات . بۆیه شێوه‌یه‌کی گشتیش به وه‌ڵامه‌کانی ئێمه‌شه‌وه ده‌بێت و ، هه‌ڵسه‌نگاندن و توێژینه‌وه‌که‌مان هه‌ر له‌و سنووره گشتییه‌دا دێت و ده‌چێت .
وه‌کو وتمان ، راسته وشه‌ی کوردی له بیسته‌کان و سییه‌کان و چله‌کان و په‌نجاکاندا پیرۆزبووه‌و ، خه‌ڵکیی به چاوی رێزه‌وه سه‌یری ئه‌دیب و نووسه‌ره‌کانیان کردووه ، ئیمڕۆش له‌لای خه‌ڵکیی ، وشه‌ی کوردی ئه‌گه‌ر پیرۆزتر نه‌بێت ، له‌وسا که‌متر نییه . ئه‌و واقیعه‌ی مامۆستا کاکه‌ی فه‌لاح ئه‌و کاته تێیدا ژیاوه ، ئێمه‌ی نه‌وه‌ی دوای نووسه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه ، ئێستا تێیدا ده‌ژین و واقیعه‌که راسته‌وخۆ له‌به‌رچاومانه . ئیمڕۆ رۆشنبیرانی کورد له هه‌موو کاتێک زیاتر روویانکردۆته مه‌یدانی رۆشنبیری و ئه‌ده‌بی کوردی و ، هاوبه‌شییه‌کی چالاکانه له ژیانه ئه‌ده‌بی و رۆشنبیرییه‌که‌دا ده‌که‌ن . هه‌روه‌ها رێز‌و پایه‌ی هه‌موو شاعیر‌و نووسه‌رێکی ره‌سه‌ن و ، له‌گه‌ڵ ئاوات و ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیدا گونجاو ، پارێزراوه‌و خه‌ڵکیی به‌ڕێزه‌وه سه‌یریان ده‌که‌ن . به‌ڵام سه‌یرکردنی ئیمڕۆ ره‌خنه‌گرانه‌یه ، واته رۆشنبیران و خه‌ڵکی گرێی حه‌وته‌می ئه‌م سه‌ده‌یه جیاو‌ازییان له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆشنبیر‌و خه‌ڵکه زۆره هه‌یه که له بیسته‌کان و سییه‌کان و چله‌کان و په‌نجاکاندا به‌ته‌نگ ئه‌ده‌ب و رۆشنبیریی کورده‌وه بوون ، سه‌باره‌ت به گه‌لێک هۆ که کاکه‌ی فه‌لاح خۆی هه‌ندێکیانی له خاڵی پێنجه‌می وتاره‌که‌یدا باسکردووه . جگه له‌وه ، باری سیاسیی کوردستان له‌و بیست ساڵه‌ی دواییدا ، خۆی هۆیه‌کی سه‌ره‌کیی ئه‌و هوشیارییه‌ی ئیمڕۆو جیاوازییه‌تی له رابردوو .
جه‌ماوه‌ری کورد به گشتی و جه‌ماوه‌ره ئه‌ده‌بییه‌که به تایبه‌تی ، هوشیارانه‌تر له نه‌وه‌کانی پێش خۆیان ، سه‌یری هه‌موو دیارده کۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیرییه‌کان ده‌که‌ن ، له‌به‌رئه‌وه شتێکی زۆر ئاساییه که چۆنایه‌تی ئه‌و رێز‌و پیرۆزییه‌ی به نووسه‌رانی ئه‌وسای کورد ده‌درا ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به نووسه‌رانی ئیمڕۆ ده‌درێت ، جیاوازبێت . لایه‌نی ره‌خنه‌گرانه‌ی سه‌رنجی خه‌ڵکیی له‌مه‌دایه . سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ، جیاوازیی چینایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵک له به‌رامبه‌ر ژیان و مه‌فهوومیان بۆ گه‌لێک لایه‌نی رۆشنبیریی ، زیاتر روون و ئاشکرایه‌و ، ئه‌م ئاشکراییه‌ش له‌سه‌ر لایه‌نه ئه‌ده‌بییه‌که ره‌نگده‌داته‌وه ، بۆیه ئه‌و گشتێتییه‌ی جاران له رێزلێنانی نووسه‌راندا ئیمڕۆ نییه‌و ، له‌بری ئه‌وه پێودانگی تایبه‌تی هه‌یه ، که به‌رهه‌می نیو‌سه‌ده‌ی ژیانی گه‌لی کورد‌و گه‌شه‌کردنی رۆشنبیریی خه‌ڵکی کوردستانه .
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نها لایه‌نێکی مه‌سه‌له‌که‌یه ، ئه‌گینا وه‌کوتر ئه‌گه‌ر لاپه‌ڕه‌کانی ژیانی ئه‌ده‌بیی پێشوومان هه‌ڵده‌ینه‌وه ، ده‌بینین نووسه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش ، هه‌روه‌کو نووسه‌ره‌کانی ئیمڕۆ ، ناکۆکیی له نێوانیاندا هه‌بووه‌و گه‌لێک جاریش به ناکۆکیی " شه‌خسی " گۆڕاوه .
بۆ سه‌لماندنی ئه‌م راستییه‌و ده‌رخستنی ئه‌و واقیعه‌ی که ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وه‌ک مه‌یدانێکی زۆرانبازیی ئه‌ده‌بی هه‌بووه‌و ناکۆکیی نێوان ئه‌دیبه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش زۆر جار شێوه‌یه‌کی توندوتیژی گرتووه ، چه‌ند نموونه‌یه‌ک ده‌هێنینه‌وه :
أ -- فایه‌ق بێکه‌س ، شاعیری نیشتمانپه‌روه‌ری کورد ، له ژماره‌یه‌کی گۆڤاری گه‌لاوێژدا(1) ، ره‌خنه له شیعرێکی ( م . کاردۆخی ) ده‌گرێت ؛ به‌هۆی ئه‌ویشه‌وه رووی ره‌خنه ده‌کاته شیعری ئه‌و شاعیر‌و نووسه‌ره تازه‌پێگه‌یشتووانه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه که شیعر‌و نووسینه‌کانیان " کاڵ و کرچه ، ره‌ونه‌ق و جوانییه‌کی وه‌ها نابه‌خشێ به ئه‌ده‌بیاتی زمانی کوردی وه کارناکاته سه‌ر مێشکی خوێنده‌واران " .
شیعره‌که‌ی ( کاردۆخی ) ده‌رباره‌ی عه‌باو په‌چه‌یه . بێکه‌س دێڕ دێڕ ده‌یگرێت و له‌باری سه‌رنجی خۆیه‌وه هه‌رچی که‌موکورتیی تێدا هه‌یه ده‌ریده‌خات .
کاردۆخی ده‌ڵێت :
په‌نا به خوا له کاتێکا له‌پڕ رووبه‌ندی هه‌ڵتێنێ
ده‌مارو گۆشت و ئێسقان دڵی بینه‌ر ئه‌سووتێنێ
بێکه‌س به‌م شێوه‌یه ره‌خنه له‌م دوو دێڕه ده‌گرێت :
" ئێمه تێناگه‌ین ( کاردۆخی ) مه‌به‌ستی ته‌نقیدی ( عه‌باو په‌چه ) یه یاخو ته‌عریفی عیلمی فه‌سله‌جه ئه‌کات که ئه‌م چوار وشه‌یه‌ی له ته‌ک یه‌که‌وه ریزکردووه ( ده‌مار ، گۆشت ، ئێسقان ، دڵ ) " .
پاشان بێکه‌س له ته‌نها نیوه دێڕێک ده‌کۆڵێته‌وه‌و له‌ڕووی پێچواندنه‌وه ره‌خنه‌ی لێده‌گرێت . ( م . کاردۆخی ) له نیوه دێڕه‌که‌دا ده‌ڵێت : " عه‌با ده‌سماڵی جۆڵایه " ، بێکه‌سیش ده‌ڵێت : " ئێمه به‌ش به حاڵی خۆمان تا ئێستا ئه‌م ده‌سماڵی جۆڵایه‌مان نه‌بیستووه ، وه له گه‌لێ پیره‌ژنیشمان پرسیوه له پێکه‌نین به‌ولاوه وه‌ڵامێکی تریان نه‌داوه‌ته‌وه " ، پاشان ده‌ڵێت : " ئه‌مانه هه‌مووی له‌لایه‌ک بوه‌ستێ ، له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌م شیعره‌یه ( واته شیعری کاردۆخی ) :
( چوار لا ) شیعری ( کاردۆخی ) دواخست و له ناوی برد
نه‌فامی فیکری هه‌ڵکێشا له خاک و رۆژی ئاوا کرد
بێکه‌س سه‌باره‌ت به‌م دوو دێڕه‌ش ده‌ڵێت : " ئه‌مه‌یه سه‌ری له ئێمه تێکداوه ، ئه‌مه‌یه به داخه‌وه پێوه‌ی ئه‌تلێینه‌وه‌و تێی ناگه‌ین ، ئه‌مه‌یه ( المعنی في بطن الشاعر ) . هاوار خوێنده‌وارینه ، هاوار شاعیرانی کورد ، له‌م ته‌لیسمه رزگارمان بکه‌ن ، با به داخه‌وه سه‌رنه‌نێینه‌وه مه‌به‌سی چییه له‌م شیعره تێمان بگه‌یه‌نن " .
ئه‌م ره‌خنه‌یه‌ی بێکه‌سی شاعیر کاردانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن کاردۆخییه‌وه زۆر ئیجابی ده‌بێت ، بۆیه وه‌ڵامی ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت(2) : " له پێشه‌وه سوپاسی بێ پایانی مامۆستای ئه‌دیب فائیق بێکه‌س ئه‌که‌م ... به‌ڕاستی وتاره‌که‌ی زۆر په‌سه‌ندو رێک بوو ، زۆر ته‌ئسیری کرده سه‌ر مێشکی خوێنده‌واران ، چاوی زۆر که‌سی پێ کرایه‌وه ، زانرا که ره‌خنه‌گرتن زۆر باش و نایابه ، سه‌باره‌ته بۆ پێشکه‌وتنی ئه‌ده‌بیات ، زانرا که شاعیر‌و لاوه‌کانی کورد نه‌نووستوون " .
کاردۆخی پاش وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ره‌خنه‌کانی بێکه‌س ده‌ڵێت : " ئیتر ئومێدم وایه له‌مه‌ولا نووسینه‌که‌م کاڵ و کرچ نه‌بێت ، تاڵ و سوێر نه‌بێت ، به کوڵاوی و پوخته‌کراوی به گه‌یشتویی و شیرینی بێته به‌رده‌می خوێنده‌واران " .
ب -- هه‌ر له هه‌مان ژماره‌ی گه‌لاوێژدا (3) ، ( أ .ح. هه‌ردی ) ره‌خنه له شیعری ( حه‌زم لێ کردووی ) ی ( مه‌دهۆش ) ده‌گرێت و ، له‌ناو شیعره‌که‌دا ئه‌م چه‌ند به‌یته هه‌ڵده‌بژێرێت ؛ له‌یه‌که‌میاندا ، ناکۆکیی نێوان مه‌به‌ست و ماناکه‌ی ده‌رده‌خات و ، له دووه‌میشدا ، هه‌مان ناکۆکیی له نێوان دوو دێڕی یه‌که‌م و دوو دێڕی دواییدا ده‌رده‌خات . به‌یته‌کانیش ئه‌مانه‌ن :
( 1 ) تیری جوانیت جه‌رگی بڕیوه
مه‌ینه‌تی باخی ژینمی چنیوه
خۆشیم نه‌دیوه حه‌زم لێ کردووی
( 2 ) هه‌رچه‌ند ئه‌زانم که بێزاری لێم
دڵت له‌سه‌ر من نییه‌و ناته‌وێم
بیانووم پێ مه‌گره به‌سه دیده‌که‌م
چی له دڵتایه ده‌ریخه که‌م که‌م
پاشان مه‌دهۆش له ژماره‌یه‌کیتری هه‌مان گۆڤاردا وه‌ڵامی هه‌ردی ده‌داته‌وه(4) .
ج -- هه‌ر له گۆڤاری گه‌لاوێژدا (5) ، ( بێکه‌س ) شیعرێکی ( أ. ب. هه‌وری ) ده‌کاته بابه‌تی ره‌خنه‌که‌ی ، که له ژماره‌یه‌کی پێشووتری ئه‌و گۆڤاره‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه . بێکه‌س سه‌ره‌تا به‌مه ده‌ستپێده‌کات : " ئه‌م گۆڤاری گه‌لاوێژه که ئه‌ستێره‌یه‌کی به‌شه‌وق و پرشنگداره له ئاسمانی ئه‌ده‌بیاتی کوردا ، داخه‌که‌م جار جار هه‌ندێ شتی ناشیرینی تیا ئه‌بینرێ که ئه‌بێته په‌ڵه هه‌ورێک به‌ری روناکی و دره‌وشانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه ئه‌گرێ ، وه ئه‌و دیمه‌نه جوانه دڵداره له‌چاو ئه‌شارێته‌وه که به‌مه‌ش له جیاتی ئه‌وه‌ی خۆشی ببه‌خشێ به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه دڵی خوێنده‌واران ته‌نگ ئه‌کا " .
پاشان بێکه‌س دێته سه‌ر شیکردنه‌وه‌ی شیعره‌که‌ی ( هه‌وری ) له‌ڕووی هونه‌رییه‌وه‌و ، ده‌ستده‌خاته سه‌ر له‌نگیی چه‌ند به‌یتێکی و ، سه‌باره‌ت به ناوه‌رۆکه‌که‌شی بێزاری ده‌رده‌بڕێت چونکه له‌گه‌ڵ ناونیشانی شیعره‌که‌دا ناگونجێت و ده‌ڵێت : " ئه‌مجاره له ژماره ( 1 ) ی ساڵی ( 5 ) له دیوانی گه‌لاوێژدا له‌ژێر عنوانی ( په‌یڕه‌وی خه‌یام ) دا چاومان به چه‌ندروباعییه‌ک که‌وت له‌لایه‌ن أ . ب . هه‌وری یه‌وه رێك خرابوو . نه‌ک من به ته‌نیا ، هه‌رچی خوێنده‌واران هه‌یه هه‌موو له‌م شیعرانه بێزار‌و وه‌ڕس بوون وه زوبانی حاڵی هه‌موومان به‌جارێ ئه‌ڵێت ( خه‌یام گۆڕ هه‌ڵته‌کێنه أ . ب . هه‌وری وه‌ها په‌یڕه‌ویت ئه‌کا " .
مامۆستا ( هه‌وری ) وه‌ڵامی ( بێکه‌س ) ده‌داته‌وه‌و ئه‌م چه‌ند قسه‌یه‌ی له ناواخنی وه‌ڵامدانه‌وه‌که‌دا پێده‌ڵێت(6) : " ره‌خنه‌ت له شیعره‌کانه که نه‌زاکه‌تیان که‌م تیایه که‌چی ره‌خنه‌که‌ت درۆزنیش نه‌زاکه‌تی تیا نادۆزێته‌وه ... " .
بێکه‌س له وه‌ڵامه‌که‌ی ( هه‌وری ) دڵگیرده‌بێت و به وتارێکی توند وه‌ڵامیده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت(7) : " جه‌نابی مامۆستا أ . ب . هه‌وری ، ره‌خنه‌که‌ی من وه‌کو فه‌رمووتانه بۆ زوبانی کوردی نییه ته‌نها بۆ شیعره‌کانی تۆیه که ره‌ونه‌ق و نرخی زبانی کوردیی شکاندووه ، وه هه‌ر که‌س بیخوێنێته‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌وه ( نه‌فرین ) له هه‌موو شیعرێکی کوردی ئه‌کا ، ره‌نگه ئێوه وابزانن که شیعره‌کانتان نموونه‌ی به‌لاغه‌ت و فه‌ساحه‌تی زوبانی کوردییه وه هه‌ر که‌س ره‌خنه‌ی لێ بگرێ وه‌کو ره‌خنه‌ی له زوبانی کوردی گرتبێ وایه ، ئه‌گینا که‌ی من ره‌خنه‌م له زوبانی کوردی گرتووه " . له کۆتاییشدا ده‌ڵێت : " ئێمه که مناڵ بووین له مه‌کته‌با خوێندوومانه ئه‌رز دوو به‌شه ( 1 ) ئاو ( 2 ) گڵ ( وشکایی ) ، نه‌مان بیستووه که سێ به‌شه ، ئاو ، گڵ ، کا ، ئافه‌رین مامۆستا أ . ب . هه‌وری بۆ خۆت و نه‌زه‌ری یه‌ی تازه‌ت که‌وا ئینقلابت دا به عیلمی جوغرافیا ... " .
د -- له ژماره‌یه‌کیتری گه‌لاوێژدا(8) ، ( جیم ) ناوێک به‌رپه‌رچی نووسینێکی ( ره‌مزی قه‌زاز ) ده‌داته‌وه که له‌سه‌ری نووسیوه ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌م له ژماره‌یه‌کی پێشووتری گه‌لاوێژدا(9) ره‌خنه‌ی له مامۆستا ره‌فیق حیلمی گرتووه . ( جیم ) ده‌ڵێت : " که‌ممان هه‌یه دان به که‌م و کووڕیی ئه‌ده‌بمانا نه‌نێ . که‌چی له‌وه ناگه‌م بۆچی خراپه ئه‌ده‌ینه پاڵ ( ره‌خنه -- تنقید ) ؟ گوایه ئه‌گه‌ر ئاوێنه نه‌بێ ئینسان جوانی و ناشیرینیی شێوه‌ی خۆی بۆ لێک ئه‌کرێته‌وه ؟ ئاوێنه‌ی ئه‌ده‌بیش ره‌خنه‌یه . یا بۆچی ره‌خنه بۆ ئێمه‌ی ساوا له ئه‌ده‌با نه‌شێ ؟ گوایا شاعیر یا کاتب ره‌خنه ئه‌یڕووخێنێ ؟ به‌هێزتری نه‌کا له‌وه مه‌ترسن بینه‌وێنێ . ئه‌مه‌ش هه‌روا . ئه‌ی ئه‌بێ تووڕه‌بوون له ره‌خنه‌گر مه‌عنای چی بێ ؟ "
ها -- فایه‌ق بێکه‌س به ناونیشانی " سه‌رنجدانێ له ئه‌ده‌بیاتی مه‌نگوڕی " له گه‌لاوێژدا نووسیویه‌تی(10) : " ئه‌وه‌ته‌ی له گه‌لاوێژدا به‌شی لێکۆڵینه‌وه ته‌رخان کراوه من زۆر تووشی ده‌ردی سه‌ری و ناخۆشی بووم ، باوه‌ڕم پێ بکه‌ن له ژینی خۆم بێزارم ... " پاشان ده‌ڵێت : " نازانم چی بکه‌م ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌م له شیعری که‌سێ گرت ئه‌و که‌سه له خۆڕایی لێم ئه‌بێته دوشمنی به خوێنی سه‌رم تین‌و ، چونکه داخه‌که‌م ئێمه هێشتا له مه‌عنای ( ره‌خنه‌گرتن ) نه‌گه‌یشتووین ، به جنێوی ئه‌زانین ... له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من گوێ ناده‌مه هیچ که‌س وه له ره‌خنه‌گرتن هه‌تا پێم بکرێ ده‌س هه‌ڵناگرم ، چونکه به پێویستی ئه‌زانم له‌سه‌ر شانی خۆم بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیاتی کوردی هه‌تا له ته‌واناما بێ هه‌وڵ بده‌م و درێغی نه‌که‌م " .
له وه‌ڵامی ئه‌م وتاره‌ی ( بێکه‌س ) دا ، ( مه‌نگوڕی ) هه‌ر له گه‌لاوێژدا به ناونیشانی ( وه‌رامی ره‌خنه ) نووسیویه‌تی و ده‌ڵێت(11) : " یه‌کجار دڵم به ره‌خنه‌کانی کراوه . تاس و په‌ستی ناوبراوم فه‌رامۆش کرد . زۆر زۆر مه‌منونی بیری تیژی مه‌عنه‌ویاتی هاوڕێ به‌خێوکه‌ری بووم که ئاوا منی له‌ژێر سێبه‌ری بێ غه‌می شاعیریدا وریاکرده‌وه . ئه‌مجا هیوام به شاعیریی خۆم به‌ست که له‌سه‌ر ئه‌م وێنه‌یه‌ی مامۆستا بێکه‌س ئه‌فه‌رموێ هه‌ر 12 هه‌زار شیعره‌که‌م ده‌ست لێ بده‌م و به‌راوردێکی هه‌ره باشیان بکه‌م . له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شا ده‌ستی یارمه‌تی بۆ ئه‌م مامۆستا به‌رزه رائه‌کێشم که له‌مه‌ولا هه‌ر وێنه نوسراوێکی منی به‌رچاوکه‌وت سه‌رنجێکی باشم بۆ لێ بگرێ " .
مه‌نگوڕی دوای ئه‌م پیاهه‌ڵدان و موجامه‌له گه‌رمه ده‌ڵێت : " له‌پێش وه‌رامی مامۆستا بێکه‌س منیش دوو ره‌خنه‌ی هه‌ره گه‌وره له رێزه گه‌وهه‌ره‌کانی ئه‌و ئه‌گرم و تکای ئه‌وه‌شی لێ ئه‌که‌م که نابێ لێم بتۆرێ .
اولا -- ئه‌دیب نابێ بێ ئه‌ده‌ب بێ .
دووهه‌م -- ئه‌دیب نابێ راستی ون بکات " .
ئینجا دێته سه‌ر ره‌خنه‌که‌ی بێکه‌س و به چه‌ند خاڵێک وه‌ڵامیده‌داته‌وه . ( ماویه‌تی )
* بڕوانه " لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ره‌خنه‌گرانه له بابه‌ت ئه‌ندێشه‌ی مرۆڤێکی سه‌وداسه‌ری دواهه‌واڵی ئه‌م سه‌رده‌مه جه‌نجاڵه " گۆڤاری ( نووسه‌ری کورد ) ژماره9 ، خولی یه‌که‌م ، ئابی 1973 . چیرۆکه‌که له نووسینی مامۆستا ( حسین عارف ) ه .
** " سه‌رنجێکی ره‌خنه‌گرانه له‌سه‌ر چیرۆکی ( ره‌نجی شانی جووتیارێک ) " له هه‌فته‌نامه‌ی ( هاوکاری ) دا ساڵی 1975 یان 1976 بڵاوکراوه‌ته‌وه ، ئێستا ژماره‌و رۆژه‌که‌یم له‌به‌رده‌ستدا نییه ، چیرۆکه‌که له نووسینی مامۆستا ( سه‌لام مه‌نمی ) یه .
*** خۆشه‌ویستی له " سێ وێنه‌و رێبوارێکی ماندوو ) دا ، بڕوانه گۆڤاری ( رۆشنبیری نوێ ) ، ژماره 68 حوزه‌یران و ته‌موزی 1978 . چیرۆکه‌که له نووسینی مامۆستا ( مسته‌فا ساڵح که‌ریم ) ه .
**** " موچڕکه چیمان فێر ئه‌کات ؟! " بڕوانه گۆڤاری ( به‌یان ) ، ژماره 52 تشرینی دووه‌می 1978 . چیرۆکه‌که له نووسینی کاک ( محه‌مه‌د موکری ) یه .
په‌راوێزه‌کان
1 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 9 ) ساڵی 4 ئه‌یلوولی 1943
2 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 11 ) ساڵی 4 تشرینی دووه‌می 1943
3 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 9 ) ساڵی 4 ئه‌یلوولی 1943
4 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 10 ) ساڵی 4 تشرینی یه‌که‌می 1943
5 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 2 ) ساڵی 4 شوباتی 1943
6 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 4 ) ساڵی 5 نیسانی 1944
7 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 5 ) ساڵی 5 مایسی 1944 8 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 6 ) ساڵی 5 حوزه‌یرانی 1944 9 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 1 ) ساڵی 5 کانوونی دوومی 1944 10 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 7 ) ساڵی 5 ته‌موزی 1944 11 -- گۆڤاری گه‌لاوێژ ژماره ( 9 ) ساڵی 5 ئه‌یلوولی 1944