دەربارەی چەپەکان و حزبەکانی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد-- ناکۆکییەکان .. هەڵوێستەکان .. ئاسۆی داهاتوو 2
Saturday, December 19, 2009
به‌شی یه‌که‌م
سه‌رده‌می راپه‌ڕین و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی له کوردستاندا
مه‌به‌ست له بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ، واقیعی چینایه‌تیی جووڵانه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه جیاجیاکان و ره‌نگدانه‌وه‌یه‌تی له‌و چالاکییه سیاسییانه‌دا که حزب و رێکخراوو گرووپ و ده‌سته سیاسییه‌کانی ئیمڕۆی کوردستان پێیهه‌ڵده‌ستن . سه‌رجه‌می ئه‌و چالاکییه سیاسییانه نه‌خشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی سیاسی له کوردستاندا نیشانده‌ده‌ن . به‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌و دیاریکردنی رووکاری لایه‌نه‌کانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌و کارکرده‌ییان له‌باری ئێستای کوردستاندا ، ناتوانرێت رێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ گیروگرفته سیاسییه‌کان ، ئه‌و گیروگرفتانه‌ی له ئاکامی ناکۆکییه سیاسییه‌کاندا هاتوونه‌ته‌کایه‌وه ، بدۆزرێته‌وه .
راپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری 1991 ، سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێکی نوێی له خه‌باتی سیاسیی هێزه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کوردستاندا هێنایه‌کایه‌وه . بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ، له بارودۆخی داکشانێکی ره‌شبینانه‌وه ، که له ئه‌نجامی تێشکانی هێزه چه‌کداره‌کانی کوردستان دوای ئه‌نفاله‌کانی ساڵی 1988 دروست بووبوو ، به‌بارودۆخێکی هه‌ڵکشان و خۆشبینانه گه‌یاند. له سه‌رانسه‌ری کوردستاندا ، پاش راماڵینی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی به‌عس و پاککردنه‌وه‌ی زۆربه‌ی ناوچه‌کانی کوردستان له‌و ده‌سه‌ڵاتدارێتییه ، چالاکییه‌کی گه‌وره‌ی سیاسی سه‌ریهه‌ڵداو ، بزووتنه‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌کان ، یه‌کێک له به‌ره‌نجامه کاریگه‌ره‌کانی راپه‌ڕینه‌که بوو .
کۆمه‌ڵی کوردستان ، وه‌ک هه‌ر کۆمه‌ڵێکی چینایه‌تی ، ململانێی نێوان چینه‌کانی ، هه‌روه‌ها ململانێی نێوان توێژاڵه چینایه‌تییه جیاجیاکانی ، له پێکهێنان و بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی حزب و رێکخراوه‌کانیدا ، ره‌نگیداوه‌ته‌وه . دیدو بۆچوونی جیاواز‌و به‌رنامه‌ی جیاجیا‌و هه‌ڵوێستی له‌یه‌کنه‌چوو ، نیشانه‌ی راسته‌قینه‌ی ئه‌و ناکۆکییه چینایه‌تییه‌ن که ره‌گی هه‌ر رێکخستنێک ئاوده‌دات و ، یه‌کبینه گیروگرفت و کێشه‌ی سیاسی لێده‌ڕسکێ و ، مۆرکی خۆی به ته‌وێڵی باره سیاسییه‌که‌ی ئیمڕۆی کوردستانه‌وه ده‌نێت .
ئه‌گه‌ر له‌م نه‌خشه سیاسییه وردبینه‌وه ، حه‌قیقه‌تی بوونی دوو رێبازی سه‌ره‌کی ، دوو ره‌نگی جیاواز ، دوو ته‌وژمی ئایدیۆلۆژیی پێکه‌وه نه‌گونجاو ده‌بینین . هه‌ریه‌کێک له‌م دوو رێبازه جه‌ماوه‌ری تایبه‌تی خۆیان هه‌یه‌و ، جێپه‌نجه‌یان به‌سه‌ر گشت مه‌سه‌له سیاسییه‌کانه‌وه دیاره‌و ، ناتوانرێت بایه‌خیان له بڕیاردانی دواڕۆژی سیاسیی کوردستاندا فه‌رامۆشبکرێت . ناکۆکییه‌کانی نێوان ئه‌م دوو رێبازه سه‌ره‌کییه قابیلی پشتگوێخستن نین . به که‌م و سووک ته‌ماشاکردنی هه‌ر لایه‌نێکیان ، گرفته سیاسییه‌کان ئاڵۆزده‌کات و ، بۆ ماوه‌یه‌ک ده‌یانشارێته‌وه‌و ، پاشان له ناکاوێکدا کڵپه‌ده‌سێننه‌وه . بۆیه چاره‌سه‌رکردنی ئه‌و ناکۆکییانه به به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژراوی زانستی و هوشیارییه‌کی سیاسیی باڵاوه ، ده‌بێته مایه‌ی له‌ده‌ستنه‌دانی ئه‌و ره‌نج و ئاره‌قه‌و خوێنه‌ی جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تکێشی کورد له پێناوی ئازادی‌دا داوێتی .
ده‌توانین ، به‌گشتی ، ئه‌م دوو رێبازه سه‌ره‌کییه ، به دوو رێبازی ناسیۆنالیستی و سۆسیالیستی ده‌ستنیشانبکه‌ین(3) . ئه‌م دوو رێبازه واقیعێکی به‌رچاون . له‌هه‌ر رێبازێکیشیاندا بۆچوونی جیاجیا‌و هه‌ڵوێستی جۆراوجۆر هه‌یه . ئه‌م دوو به‌ره‌یه ، به جیاوازیی لێکدانه‌وه‌و هه‌مه‌ڕه‌نگیی هه‌ڵوێسته‌وه ، واقیعی سیاسی له کوردستانی ئیمڕۆدا به‌رجه‌سته‌ده‌که‌ن و ، شانبه‌شانی یه‌کتری ، له‌سه‌ر دوو هێڵی ته‌ریب ، ره‌وتی سیاسی خۆیان درێژه‌پێده‌ده‌ن و ، حه‌قیقه‌تێکی سیاسیی حاشاهه‌ڵنه‌گر پێکده‌هێنن .
1 / 1 رێبازی ناسیۆنالیستی
هه‌رچه‌نده چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌دا ، له‌بنه‌ڕه‌تدا ، چه‌وساندنه‌وه‌یه‌کی چینایه‌تییه‌و ئه‌نجامی سیاسه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی بۆرژوا شۆڤێنیزمی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته ؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که جه‌ماوه‌ری کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و بنده‌ست قوربانیی ده‌ستی ئه‌و سیاسه‌ته شۆڤێنییه‌ن ، به‌ڵام چینه بۆرژوازییه‌کان به‌رگێکی زه‌قی نه‌ته‌وایه‌تی به‌به‌رداده‌که‌ن و لایه‌نه چینایه‌تییه‌که‌ی ده‌شارنه‌وه‌و ناوه‌رۆکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی له کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست چه‌واشه‌ده‌که‌ن . جه‌نگی چینایه‌تییان لێده‌گۆڕن و وه‌ک جه‌نگی نه‌ته‌وایه‌تیی نێوان هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌که ده‌یخه‌نه‌ڕوو . نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست له‌م سیاسه‌ته‌دا باره گرانه‌که‌ی له‌کۆڵده‌نرێت . هه‌موو چینه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست ، هه‌ریه‌که‌یان به راده‌یه‌ک ، له ئاکامی چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌ربازنابن و ئه‌م چه‌وساندنه‌وه‌یه ده‌یانگرێته‌وه ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر چینه بۆرژوا شۆڤێنێکه‌ی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست سروشتێکی فاشستیانه ره‌وتی سیاسه‌ته‌کانی دیاریبکات . له‌م باره‌دا ، نه‌ک هه‌ر مافه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست له بڕیاردانی چاره‌نووسدا پێشێلده‌کرێن ، به‌ڵکو مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤ و خودی نه‌ته‌وه‌که -- وه‌ک بوونی نه‌ته‌وه‌یی – به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچوون وقڕکردن ده‌که‌ون .
گه‌لی کورد له باشووری کوردستان ( عێراق ) ، له‌سایه‌ی رژێمی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بیی شێوه فاشی دووچاری مه‌ترسییه‌کی وه‌ها بووه‌وه‌و رۆژانه سیاسه‌تی قڕکردن و پاکتاوکردنی جه‌سته‌یی به‌رامبه‌ری ئه‌نجامده‌درا .
دیاره له به‌رامبه‌ر سیاسه‌تێکی وه‌هادا گیانی به‌رهه‌ڵستی و به‌رگری له‌خۆکردن و به‌ته‌نگه‌وه‌هاتنی مانه‌وه‌و درێژه‌دان به ژیانی نه‌ته‌وه ، مه‌سه‌له‌یه‌کی هه‌ره بنه‌ڕه‌تی له ژیانی هه‌موو چینه‌کانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست پێکده‌هێنێت . ئه‌م مه‌سه‌له‌یه هه‌ڵوێستێک له بوون ( وجود ) دروستده‌کات ، سروشتی چه‌وساندنه‌وه به‌رهه‌ڵستی ده‌خولقێنێت ، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئه‌م کاردانه‌وه‌یه یاسایه‌کی سه‌لمێندراوه‌و ، هه‌میشه چه‌وساندنه‌وه به‌رهه‌ڵستی دروستده‌کات . ئه‌م به‌رهه‌ڵستییه خه‌ستده‌بێته‌وه‌و خۆی له بزووتنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستیکاری و به‌رگریکردن له بوونی نه‌ته‌وه ده‌نوێنێت ؛ هه‌تا مه‌ترسییه‌که گه‌وره‌ترو هه‌ڕه‌شه‌ی تواندنه‌وه‌و له‌ناوبردن زیاتریش بێت ، جه‌ماوه‌رێکی زۆرتر له ده‌وری بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌که کۆده‌بنه‌وه . بنجی چینایه‌تیی چه‌وساندنه‌وه‌که به‌ژێر ده‌ستوپێوه ده‌بێت و ته‌نیا رواڵه‌تی ده‌ره‌وه‌و سه‌رکۆزه‌ری کێشه‌که به‌به‌رچاوه‌وه ده‌بێت . له‌به‌ر ئه‌وه ، زۆر ئاساییه ، له‌هه‌ر شوێنێک سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی بوونی نه‌ته‌وایه‌تی هه‌بێت ، بزووتنه‌وه‌یه‌کی به‌رینی سیاسیی ناسیۆنالیستیی به‌هێز سه‌رهه‌ڵبدات و ، وه‌ک کاری رێکخراوه‌یی و ئایدیایی و کۆمه‌ڵایه‌تی و جووڵانه‌وه‌ی سیاسی ، باڵی به‌سه‌ر بارودۆخه سیاسییه‌که‌دا بکێشی و زۆرینه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه ، به کرێکاران و زه‌حمه‌تکێشانیشه‌وه له ژێر ده‌واره‌که‌ی خۆیدا کۆبکاته‌وه . ئه‌مه راستییه‌کی گشتییه‌و ، کوردستان نموونه‌یه‌کی هه‌ره واقیعییه‌تی و ، نه‌ک هه‌ر ناتوانرێت نکووڵی لێبکرێت ، به‌ڵکو سیمای بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی زاڵ و باو له کوردستاندا ، وێنه‌یه‌کی هه‌ره دیار‌و ئاشکرای ئه‌و راستییه نیشانده‌دات .
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له سیی ساڵی رابردوودا رۆژبه‌ڕۆژ زیاتر گه‌شه‌ی کردووه‌و ، له‌گه‌ڵ پێداگرتنی سیاسه‌تی شۆڤێنیزمانه‌ی داگیرکه‌راندا ، ئه‌میش بۆ پێشه‌وه چووه‌و لایه‌نه نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی تێدا قووڵتربۆته‌وه .
ئه‌م بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه له خه‌باتی سیاسیی چه‌ندین حزب و رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌رجه‌سته‌بووه . ئه‌م حزبانه به‌رنامه‌ی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه‌و ، پاش ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی له هاوکێشه‌ی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا روویاندا ، چۆنایه‌تی ئامانجه‌کانیان گۆڕیوه‌و به‌ره‌و وه‌رگرتنی هه‌ڵوێستێکی ناسیۆنالیستیی فراوانتر وه‌رچه‌رخاون .
گۆڕانکارییه‌کانی جیهان له چه‌ند ساڵی رابردوودا هیوای سه‌ربه‌خۆیی و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وایه‌تی بووژاندۆته‌وه ، بۆیه به‌رنامه کۆنه‌که‌ی ئۆتۆنۆمی به‌لاوه‌نراوه‌و ، پێشبڕکێی به‌رنامه‌یی ، له‌مه‌ڕ شێوه‌و قه‌واره‌ی سیاسیی دواڕۆژ له کوردستاندا ، خستۆته‌وه.
به‌گشتی ئه‌و حزبانه‌ی به‌ره‌ی کوردستانییان پێکده‌هێناو هه‌ندێک حزب و رێکخراوی نه‌ته‌وه‌ییدیکه له ده‌ره‌وه‌ی به‌ره‌ی کوردستانیی ئه‌وساو ئێستا ، نماینده‌ی ئه‌م رێبازه ناسیۆنالیستییه‌ن و ، له‌م به‌شه‌ی کوردستاندا بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد پێکده‌هێنن.
1 / 2 رێبازی سۆسیالیستی
مه‌به‌ست له رێبازی سۆسیالیستی سه‌رجه‌می ئه‌و جووڵانه‌وه سیاسییه " چه‌پ " ه‌یه که له‌وبه‌ری بزووتنه‌وه نه‌ته‌وایه‌تییه‌که‌وه هه‌ڵیانداوه . لێره‌دا وشه‌ی سۆسیالیستی ته‌نیا به‌و مه‌به‌سته به‌کارده‌هێنین ، چونکه ناتوانرێت هه‌موو ئه‌و حزب و رێکخراوانه‌ی بۆ خۆیان بانگه‌شه‌ی سۆسیالیزم ده‌که‌ن و که‌م و زۆر پابه‌ندی ئایدیای نه‌ته‌وه‌یین ، له‌ژێر ئاڵای ئه‌م زاراوه‌یه‌دا ریزبکرێن . سۆسیالیستبوون له‌م دیدگایه‌وه یه‌ک چه‌مکی روون و ئاشکرای هه‌یه‌و ته‌نها به‌و پێودانگه رێبازی سۆسیالیستی ده‌ستنیشانده‌کرێت . خاڵی یه‌کانگیریی ئه‌و پێودانگه بۆ هه‌موو ئه‌و حزب و رێکخراوو گرووپ وده‌ستانه‌ی سه‌ر به‌م رێبازه‌ن ، باوه‌ڕبوونیانه به بنه‌ما فه‌لسه‌فییه‌کانی ماته‌ریالیزمی دیالێکتیکی و مێژوویی ، ئه‌وانه‌ی له خه‌باتی رۆژانه‌ی خۆیاندا به راشکاوی ئاڵای تیۆری مارکسیزم به‌رزده‌که‌نه‌وه‌و وه‌ک پڕاکتیکی کاری سیاسی رابه‌رییان ده‌کات .
بزووتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی له کوردستاندا مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه . ئه‌م مێژووه بۆ سه‌رده‌می حوکمدارێتی و پاشایه‌تی شێخ مه‌حموود ده‌گه‌ڕێته‌وه . ئه‌و کاته هه‌ندێک له گه‌نجه منه‌ووه‌ره‌کانی کورد ده‌نگوباسی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌رو ناوی ( لێنین ) یان بیستبوو . ئه‌م گه‌نجانه به گه‌رمییه‌وه به‌رگرییان له‌و شۆڕشه ده‌کردو ئایدیا‌و پرنسیپه‌کانیان بڵاوده‌کرده‌وه . ئه‌مانه له‌ناو خه‌ڵکدا به ( بۆڵشه‌وی ) ناسرابوون . ئه‌م ره‌گه مێژووییه‌ی بۆڵشه‌ویکبوون له کوردستاندا ، هه‌ر له‌و کاته‌وه بنجیداکوتاوه‌و هه‌رگیز وشکینه‌کردووه .
بۆڵشه‌ویکه‌کانی کورد له‌سه‌رده‌می ( لێنین ) دا له کۆنگره‌کانی گه‌لانی رۆژهه‌ڵاتدا به‌شدارییانکردووه . له‌دوای لکاندنی کوردستانیش به عێراقه‌وه شانبه‌شانی کۆمۆنیسته‌کانی عه‌ره‌ب له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا کاریانکردووه‌و له خه‌باتی حزبی شیوعی عێراقدا ده‌ورێکی به‌رچاویان هه‌بووه ، ته‌نانه‌ت له زۆر ماوه‌ی مێژووی عێراقدا ، کۆمۆنیسته کورده‌کان رۆڵی سه‌رکردایه‌تی و رابه‌رایه‌تیی بزووتنه‌وه‌که‌یان له سه‌رانسه‌ری عێراقدا دیوه . هه‌ر له ناوه‌ڕاستی ساڵه‌کانی چلیشه‌وه ، هه‌میشه کوردستان مه‌ڵبه‌ندێکی بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی و قه‌ڵایه‌کی خه‌باتی کۆمۆنیسته‌کان بووه . نه‌ک هه‌ر ئه‌وه ، به‌ڵکو چه‌ندین جار حزب و رێکخراوی کۆمۆنیستیی سه‌ربه‌خۆ له کوردستاندا دروستبوون . شاره‌کانی کوردستان و لادێکانیش له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایه‌تی پاشایه‌تیدا شاهیدی خه‌باتی سیاسی کۆمۆنیسته‌کان بوون . له دوای شۆڕشی چوارده‌ی ته‌مموزی ساڵی 1958 ، کوردستان بۆ نزیکه‌ی دوو ساڵ گۆڕه‌پانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسیی فراوان بوو ، له‌م بزووتنه‌وه‌یه‌دا حزبی شیوعی عێراق باڵێکی سه‌ره‌کی و هێزێکی جه‌ماوه‌ریی کاریگه‌رو رابه‌ربوو . له‌ڕێی ئه‌م حزبه‌وه ناوی کۆمۆنیزم و چه‌مکه سۆسیالیستییه‌کان به‌دوا دێهاتی سه‌ر سنووره‌کان گه‌یشت . به‌درێژایی سیی ساڵی رابردووش ، هه‌میشه وشه‌ی کۆمۆنیست و کۆمۆنیسته‌کان به‌سه‌ر زاری خه‌ڵکییه‌وه بووه‌و ، ناکۆکی و ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کورد ، چ به سه‌لبی بووبێت یان به ئیجابی ، قسه‌و باسی کۆڕ‌و کۆمه‌ڵ و ناو خه‌ڵک بووه .
ئه‌م بزووتنه‌وه سیاسییه ( بزووتنه‌وه‌ی کۆمۆنیستی ) هه‌میشه له کردارێکی بێپسانه‌وه‌ی که‌رت که‌رتبوون و له‌یه‌ک جیابوونه‌وه‌و دروستبوونه‌وه‌دا بووه . هێڵی سیاسی و فیکریی جیاجیا تێیدا سه‌ریهه‌ڵداوه‌و ، مێژووی ململانێیه‌کی دوورودرێژ له‌م بواره‌دا بۆ خه‌ڵکی و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی به‌جێماوه . ئه‌م که‌رت که‌رتبوون و په‌رته‌وازییه‌ی رێبازه فیکرییه جیاوازه‌کان ، له ئاکامی سیاسه‌تی هه‌ڵه به‌دوا هه‌ڵه‌ی حزبی شیوعی و تێرۆری فاشیستیانه‌ی رژێمه یه‌ک له‌دوا یه‌که‌کان و هه‌ره‌سهێنانی ده‌وڵه‌تی سۆسیاڵ بۆرژوازی شۆره‌وی و ده‌وڵه‌ته‌کانی بلۆکی رۆژهه‌ڵات ، هه‌تا ئیمڕۆش به‌رده‌وامه‌و ، هه‌تا دێت روو له زیادبوون و فراوانبوونن .
ئیمڕۆ له گۆڕه‌پانی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستاندا رێبازێکی سه‌ره‌کیی سۆسیالیستیی هه‌یه . چه‌پی ناسیۆنالیستی و چه‌پی رادیکاڵ وگشتی و چه‌پی کۆمۆنیستی ، هه‌ریه‌که‌یان ، خۆیان به خاوه‌نی ئه‌م رێبازه ده‌زانن و به‌و ناوه‌وه هه‌ڵده‌سووڕێن . ئه‌م رێبازه له چه‌ندین گرووپ و ده‌سته‌و رێکخراوی سیاسیی جیاواز له دیدو ئیلتیزامی سۆسیالیستی‌دا خۆیده‌نوێنێت و ، هه‌ریه‌که‌یان گۆڤار‌و رۆژنامه‌و بڵاوکراوه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه .
هه‌موو ئه‌و رێکخستنانه‌ی خۆیان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی چینی کرێکاره‌وه به‌ستۆته‌وه -- دیاره هه‌ریه‌که‌یان به‌پێی بیر‌و لێکدانه‌وه‌ی خۆیان -- سه‌رچاوه‌یان مارکسیزمه‌و له‌و روانگه‌یه‌وه هه‌ڵوێست له بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی وه‌رده‌گرن . خودی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ش که‌رت که‌رته‌و باری سه‌رنجی لایه‌نه‌کانی بۆ کۆمه‌ڵێک مه‌سه‌له‌ی سیاسی وه‌کویه‌ک نییه . به‌م پێیه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه په‌رته‌وازه‌یه‌و به‌رنامه‌یه‌کی ناوکۆیی خه‌باتی ده‌سته جیاجیاکانی یه‌کنه‌خستووه‌و تائێستا نزیکبوونه‌وه‌یه‌کی به‌رچاو له نێوانیاندا نییه‌و ، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه سه‌نگی سیاسی‌یان کاریگه‌رێتی پێوه دیارنییه‌و به لاوازی ماونه‌ته‌وه . ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ته‌وژمی بیری ناسیۆنالیستی ئێجگار به‌هێزه‌و بواری چالاکیی ئه‌مانی ته‌سککردۆته‌وه .(4)
کارگێڕان و هه‌ودارانی ئه‌م بزووتنه‌وه سۆسیالیستییه به زۆری له رۆشنبیران پێکهاتوون . هێشتا ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ، به‌واقیعی ، نه‌بۆته بزووتنه‌وه‌ی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی چینی کرێکار بۆ گشت باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی کۆمه‌ڵ ؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بزووتنه‌وه‌یه‌که بوونی سه‌ربه‌خۆو تایبه‌تی خۆی هه‌یه . ئه‌و رۆشنبیرانه‌ی له نێویدا خه‌باتده‌که‌ن ، له ئه‌نجامی چه‌وساندنه‌وه‌ی دیاریکراو ( مشخص ) ی چینه‌که‌ی خۆیان - وه‌ک رۆشنبیر - به‌لای خه‌باته سۆسیالیستییه‌که‌دا لایاننه‌داوه ، به‌ڵکو هه‌ندێکیان وه‌ک رێبازی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌کی رادیکاڵی ئاسۆڕوون بۆ سه‌جه‌می ژیانی پڕ مه‌ینه‌تی خۆیان و خه‌ڵکی وه‌ریانگرتووه‌و ، هه‌ندێکی دیکه‌شیان له ئه‌نجامی تێگه‌یشتنێکی قووڵی رۆڵی کرێکاران له جووڵان و گه‌شه‌سه‌ندنی مێژوودا ، چوونه‌ته ئه‌و به‌ره‌یه‌وه . ئه‌م تێگه‌یشتنه هه‌مه لایه‌نییه له به‌دیلی گونجاو بۆ بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئێستا‌و ، له بزافه ناچارییه‌که‌ی مێژوو به‌ره‌وپێشه‌وه ، قه‌ناعه‌تی فیکریی به رۆڵی شۆڕشگێڕانه‌ی خۆیان – وه‌ک رۆشنبیر - پێ په‌یداکردوون و جێی خۆیان له ریزی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا بینیوه‌ته‌وه‌و له ریزه‌کانیدا کارده‌که‌ن .
ئه‌م بزووتنه‌وه سۆسیالیستییه که رۆشنبیرانی کۆمۆنیست دینه‌مۆی ره‌وته‌که‌ین ، هه‌رچه‌نده له‌ڕووی چه‌ندایه‌تییه‌وه که‌مینه‌یه‌کی کۆمه‌ڵن و توانای ماددییان که‌مه‌و ، هه‌لی له‌بارو پێویستییه‌کانی کاروباری سیاسیی ئاشکرایان بۆ نه‌ڕه‌خساوه ، به‌ڵام له ئاسۆی دواڕۆژی حه‌ره‌که‌تی مێژوودا ، پایه کۆمه‌ڵایه‌تییه کرێکارییه‌که‌ی ، بایه‌خی سیاسی و فیکری و جێ‌وڕێ و پله‌و پایه‌ی دیاری خۆیان ده‌بێت و ، هه‌ر له ئیمڕۆشدا به‌به‌رچاوه‌وه‌یه. ئه‌وان خاوه‌نی چه‌کێکی کاریگه‌ری خه‌باتی سیاسین ، ئه‌ویش چه‌کی ره‌خنه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی توند‌و جێگیره . ئه‌م چه‌که فیکرییه ره‌خنه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌و قووڵ له کۆمه‌ڵ و له بزووتنه‌وه سیاسییه کاراکانی کۆمه‌ڵ ده‌گرێت . به‌م ره‌خنه‌گرتنه کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه قووڵه ، هه‌ر له ئێستاوه ، به‌ردی بناغه‌ی ئۆپۆزیسیۆنێکی سۆسیالیستییان بۆ ژیانی سیاسیی داهاتوو داڕشتووه . ( ماویه‌تی )
په‌راوێزه‌کان
( 3 ) وه‌نه‌بێت رێبازی سێیه‌م له کوردستاندا نه‌بێت ، به‌ڵکو کوردستان وه‌ک هه‌ر وڵاتێکیدیکه‌ی جیهانی ئیسلامی ، چه‌ندین رێبازی سیاسیی ئیسلامیی تێدایه . به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له زه‌مینه‌ی سیاسیی رابردوودا جێوڕێیه‌کی سیاسی‌یان نه‌بووه‌و کێشه‌ی سیاسی له کوردستاندا به‌ده‌ر له ئایینی جه‌ماوه‌ری کوردستان سه‌ریهه‌ڵداوه‌و به‌رده‌وامه ، هێشتا ئه‌م رێبازه له‌سه‌ر ره‌وتی خه‌باتی سیاسیی خۆی نه‌سه‌پاندووه‌و به‌رنامه‌ی روون و ئاشکرای بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه نه‌ته‌وایه‌تی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان نییه ، بۆیه ئه‌م رێبازه له ململانێی سیاسی دوو رێبازه سه‌ره‌کییه‌که‌دا ، سه‌باره‌ت به ناکۆکیی بونیادییان له‌گه‌ڵ رێبازی سۆسیالیستی‌دا ، بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو به‌لای رێبازی ناسیۆنالیستیدا ده‌شکێنه‌وه ؛ ئه‌گه‌رچی ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م رێبازه‌شدا هه‌یه‌و تا راده‌ی شه‌ڕی ده‌سته‌ویه‌خه گه‌یشتووه .
( 4 ) ته‌نها نزیکبوونه‌وه‌یه‌ک روویدابێت و به خاڵی ئیجابی بزووتنه‌وه‌که بژمێردرێت ، یه‌کگرتنی چه‌ند رێکخراوێکی کۆمۆنیستییه له حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقدا ، به‌ڵام هێشتا ئه‌م حزبه‌ش به‌هۆی گه‌لێک هۆکاری ناوه‌کی و ده‌ره‌کییه‌وه نه‌یتوانیوه سه‌رجه‌می بزووتنه‌وه چه‌په سۆسیالیستییه‌که له ده‌وری خۆی کۆبکاته‌وه .